1.7.21

کارگی ئاڵۆکۆردیسێپس باڵتیکا


دنیای کەڕوو دنیایەکی سەیر و سەمەرە و سەرسوڕمێنە؛ تا پتر شۆڕ بیتەوە بۆ نێو قووڵایی ئەم دنیایەوە شتی سەرسوڕمێنتر دەبینیت و دەبیستیت. وەک لە بڵاڤۆکی زانستیی (فەنگاڵ بایۆڵۆجی) دا بڵاوکراوەتەوە، چەشنێکی تازەی کارگ دۆزراوەتەوە کە ناوی لێنراوە ئاڵۆکۆردیسێپس باڵتیکا.  ئەم چەشنە تازەیە لەو قارچکانەیە کە مشەخۆر\مفتەژین و لەسەر لاشەی زیندەوەر دەڕوێن و گەشەدەکەن.  ئەم کەڕووە لە لاشەی مێروولەیەکدا روواوە و لە کۆمی مێروولەکەوە هاتووەتە دەرەوە  و کوشتوویەتی.  پاشان لاشە مردووەکەی مێروولەکە بە هۆی گۆڕانکاریی ژینگەییەوە بەبەردبووە بووەتە پارچەیەک ئەمبەر. تاقیکردنەوە زانستییەکان لە زانکۆی ئۆریگۆن لە ئەمریکا سەلماندوویانە کە  پارچە ئەمبەرەکە تەمەنی دەگەڕێێتەوە بۆ ٥٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر.  جۆرج پۆینار شارەزا لە دەسنیشانکردنی رووەک و ئاژەڵی بەبەردبوو دەڵێت ئەم مێروولەیە لە خێزانی ئەو مێروولانەیە کە ناسراون بە مێروولەی دارتاش و ئامادەن بۆ تووشبوون بە کەڕووی ئۆفایۆکۆردیسێپس. شایانی باسە کە  ئەم پارچە ئەمبەرە لە ناوچەی باڵتیکی ئەوروپا دۆزراوەتەوە. 





سەرچاوە:

ئای ئێف ئێڵ سایەنس

سایەنس نیوز

سایەنس دایرێکت

ڵایڤ سایەنس

سایەنس دەیڵی



27.6.21

پەرتووکی رووەک




ئەبو حەنیفە لەدایکبووی شاری دینەوەری سەر بە کرماشان بووە لە رۆژهەڵات.  لە سەدەی نۆهەمی زایینیدا ژیاوە و کۆمەڵێک پەرتووکی لە بوارگەلی جیاوازدا هەبووە کە زۆربەیان فەوتاون.  پەرتووکی (ئەنسابول ئەکراد) یا (رەچەڵەکی کوردان) یەکێک لەو پەرتووکانە بووە کە تەنیا ناوەکەی ماوەتەوە.  ئەبو حەنیفە ساڵی ٨٩٥ زایینی کۆچی دوایی کردووە. 


(پەرتووکی رووەک) یەکێکە لە بەرهەمە بەنرخەکانی کە لە فەوتان خوتاری بووە.  دەسنووسی ئەم پەرتووکە بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٤٧-١٩٤٨  بەشێوەی لەت و کوتی جیاواز لە شارەکانی مەدینە و ئەستەنبووڵ دۆزاوەتەوە.  ئەم پەرتووکە دواتر گرنگییەکی زۆری پێدرا لەلایەن زمانەوانانی عەرەبەوە؛ و سوودێکی زۆریان لە ناوی ئەو گیا و رووە ک و زیندەوەرانە وەرگرت کە لە پەرتووکەکەدا نووسراون و لێکدراونەتەوە.  لە ساڵانی دوواتر بۆ سەر زمانگەلی جیاواز وەرگێڕدراوە و توێژینەوەی لەبارەیەوە کراوە.


ئەم پەرتووکە بەشێکی تەرخان کراوە بۆ باسی دۆمبەڵان.  نووسەر لە زمانی شاعیران، نووسەران، زانایان و شارەزایانی سەردەمی خۆی و پێش خۆی باسی دۆمبەڵانی گێڕاوەتەوە و ئاماژەی بە سەرچاوەکان کردووە.  هەروەها هەر شتێکی سەبارەت بە دۆمەڵان لە زمانی خەڵکی ئاساییەوە بیستبێت، بە ووردی نووسیوێتی.  ناوەکانی دۆمبەڵان بە زمانی عەرەبی، شێوەی بەکارهێنانی ووشەکە و هەروەها تاک و کۆ و گەردانکردنی وەک فرمان و تاد.. تەنانەت ناوی چەند رووەکێکی مفتەژی\مشەخۆریشی نووسیوە کە ئەو پێیوابووە لە خێزانی دۆمبەڵانن. 


لەلایەکی ترەوە جۆرەکان و رەنگە جیاوازەکانی و چێژ و مەزە و هەروەها شێوازی خواردنی دۆمبەڵانی باس کردووە.  باسی ئەوەیشی کردووە کە دۆمبەڵان چۆن دەڕوێت (دیارە بە تێگەیشتنی ئەو چاخە).  باسی  ئەوەی کردووە کە بەشی ناوکۆی دۆمبەلان پێکهاتووە لە هاگ واتە تۆو.  هەروەتر ئاماژەی بە سوودە خۆراکی و تەندروستییەکانیشی کردووە.  بەگشتی چواردە لاپەڕە لە پەرتووکەکە بە ناوی (بەشی دومبەڵان) تەرخانکراوە بۆ باس لەسەر دۆمبەڵان.


هەرچەندە ئەبوحەنیفە پەرتووکەکەی بە کوردی نەنووسیوە و هیچ واژەیەکی کوردیی لە پەرتووکەکەدا نەنووسیوە و سەرچاوەکانی زانیاریشی کورد یا کوردی نەبوون بەڵام بۆ ئێمە گرنگە کە ١١٠٠ ساڵ لەمەوبەر خوێندەوار و زانا و پسپۆری وامان هەبووە باس لە دۆمبەلان بکات، شتێک کە تەنیا لە سەدەی بیستەمدا مرۆڤ پەی بە شێوازی روواندنی بردووە.

 

17.6.21

پێنیسیلینەکان

 


دەستەیەکن لە ژیندژەکان کە لە بنەڕەتدا لە کەڕووەکانی پێنیسیلیەم بەدەستدەهێنرێتبەشێوەی بەرەمایی پێنیسیلیەم کرایسۆجینەم و پەنیسیڵیەم ریووبنس. پێنیسیلین گاسیۆفوڵڤوم زۆر جار لە گوڵەدان، گەنم، جۆ، ئارد و گوێز و گۆشت جیادەکرێتەوەزۆربەی ئەو پێنیسیلینانەی لە نۆڕینگەکاندا بەکاردەهێنرێن بەشێوەی سروشتی بەرهەمهێنراون و گۆڕانکاریی کیمیاییان تێدا کراوەلە سەردەمی جەنگە جیهانییەکانەوە کە بە ڕێکەوت پنیسیلین لەلایەن ئەلیکساندەر فڵێمینگەوە دۆزرایەوە، گرنگی و بایەخی کەڕوو بەدیارکەوتساڵی ١٩٢٨ کاتێک ئەڵیکساندەر فڵێمینگ لە پشوو گەڕایەوە چووە ژووری کارکەیەوە؛ و خەریکی رێکخستن و ریزکردنی کەرەستەکان بوو؛ چاوی کەوت بە دەفرێکی پێتری کە چەند مۆڵگەیەکی کەڕووی ستافیلۆکۆکوس، بەکتریای هۆکاری زیپکە، قوڕگ ئێشە و ئاوسان.   لەسەر یەکێک لە دەفرەکان شتێکی نائاسایی بینیدیتی یەکێک لە دەفرەکان پڕە لە مۆڵگە بەڵام بەشێک لە دەفرەکە پەڵەیەکی برش تێیدا گەشەی کردووە؛ و دەوروبەری برشەکە پاک و خاوێنە، تومەز شتێک لە برشەکەوە دزەی کردبوو و توانیبووی رێگە بگرێت لە گەشەی بەکتریائەم برشە برشی پێنیسیلین بوولە رووی مێژووییەوە باس لەوە کراوە کە میسرییە دێرینەکان نانی برشوویان خووساندووە و وەک شڵتە بۆ چارەسەری برین بەکاریان هێناوەساڵانێکی دوور و درێژ بوو کە دەگوترا کەڕوو چارەسەری نەخۆشی دەکات، بەڵام نەدەزانرا کام جۆر و کام نەژاد ئەو توانستەی هەیەبۆ دروسکردنی پێنیسیلین بەشێوە نەریتییەکە دەکرێت لە گندۆرەی ناوزەرد، مزرەمەنییەکانی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ یا نان کەڵک وەربگیرێتدەلوێت پارچەیەک گندۆرە یا لێوارە نان یا توێکڵە پرتەقاڵ لە سارنجۆک دا دابنرێت تا برشەکە لەسەری دەردەکەوێتسەرەتا رەنگی سورمەییە بەڵام کە زیاتر گەشە دەکات دەگۆڕێت بۆ سەوز-شین باوی کراوەهەرکە گەیشتە ئەم قۆناغە، نانەکە یا میوەکە پارچە پارچە دەکرێت؛ و دەخرێتە فلاسکێکی سترۆمەکراو و بۆ ماوەی هەفتەیەک  و لە هەوای ١٧ پلەی سەدیدا کومون دەکرێتلەم قۆناغەدا پێنیسیلینەکە پێگەیشتووە؛ و دەکرێت بەکاربهێنرێتزۆر کەس چای پێنیسیلین یا سابوونی پێنیسیلین دروست دەکەنهەندێک کەس پارچە نانەکان دەکوڵێنن یان پارچە مزرەمەنیەکان دەکەنە نێو چا و لەگەڵ هەنگوێن دەیخۆنەوە.   شێوازی زانستیانەی دروسکردنی پێنیسیلین دەشێت بەم جۆرەی خوارەوە بێت٥٠٠ میلیلیتر ئاوی شێرە، ٤٤ گرام لاکتۆز مۆنۆهایدرەیت، ٢٥ گرام نیشاستەی زوڕات\گەنمەشامی\ گوڵەدان، ٣ گرام نیتراتی سۆدیوم، چارەگە گرامێک گۆگرداتی مەگنیزیەم، نیو گرام مۆنۆ فۆسفاتی پۆتاسیوم،  ٢،٧٥ گرام گلوکۆز مۆنۆهایدرەیت، ٠،٠٤٤ گرام گۆگرداتی مەنگەنیز تێکەڵ دەکرێتباشان لیترێک ئاوی شێرەی بۆ زیاد دەکرێتترشی هایدرۆکلۆریکیش بەکاردەهێنرێت بۆ هاوسەنگ کردنی پی ئێچەکە و راگرتنی لە نێوان پێنج بۆ پنج و نیودادووای ئەوە هاگەکانی برشەکە کە لەسەر نانەکە روواوە، بە گیراوەکەوە زیاد دەکرێن و ماوەی هەفتەیەک کومون دەکرێتئینجا پێنیسیلینەکە لەسەر رووی گیراوەکە دەڕوێت و دەتوانرێت کۆبکرێتەوە و بەکاربهێنرێت.



16.6.21

رۆژی جیهانیی ئاوەزگەردانەکان

 

بۆ یەکەمجار رۆژی ٢٠\٦\٢٠٢١ وەک رۆژی جیهانیی ئاوەزگەردانەکان دیاریکرا.  بەم بۆنەیەوە  پانەڵێکی فراوان بەشێوەی بانهێڵ لە
شاری ڤانکۆڤەری کەنەداوە ساز دەکرێت؛ کە تیایدا چەندین کەسایەتیی گرنگ لە چین و توێژی جیاواز لە پانەڵەکەدا ووتاردەدەن و و بابەتەکانیان لە بوارگەلی جیاوازدا و لە پەیوەندی لەگەڵ مێژوو، بەکارهێنان، فەرهەنگ و سوودەکانی ئاوەزگەردانەکان بڵاودەکەنەوە.  ئەم پانەڵە لە کاتژمێر شەش و بیست خولەکی ئێوارە بە کاتی کەنەدا دەسپێدەکرێت؛ و خوازیارانی بوارەکە دەتوانن ناونووسی بکەن و بەشداریی تێدا بکەن.

شایانی باس کە ئاوزگەردانەکان، هۆشگەردانەکان کە بە ئینگلیسی پێیدەڵێن سایکدڵیکس، بە ئەو رووەکانە دەگوترێت کە ماددەی وەهمزایان تێدایە و بە شێوەیەک کار لە ئاوەز و هۆش و مێشکی مرۆڤ و زیندەوەر دەکەن کە وەرگرتن، هەواس و تێگەیشتنی بەشێوەی کاتی دەگۆڕێتئاوەزگەردانەکان هەموو هەستەکانی مرۆڤ دەگۆڕن.  لە دنیای کەڕووەکاندا دەستەیەک لە قارچکەکان ئەم خەسڵەتەیان هەیە و لە کۆنەوە ئەمریکاییە رەسەنەکان بەشێوەی بەربڵاو بەکاریان هێناوە؛ تەنانەت لە ئەوروپای کۆنیشدا بەکارهاتووە.

ماڵپەڕی رۆژی جیهانیی ئاوەزگەردانەکان بەشێوەی زیندوو پانەڵەکەد بڵاو دەکاتەوە و لەوێوە دەتوانن ناونووسی بکەن


14.6.21

کەڕووی ماست



ماست لەو خۆراکانەیە کە لە کوردستان رۆژانە دەخورێت و خەڵکی دەسکورت و دەوڵەمەند، شارنشین و گوندنشین، گەورە و بچووک ئارەزووی خواردنی ماستیان هەیە و ئەگەر هەموو رۆژێکیش نەیخۆن، لانیکەم لە هەفتەدا چەند ژەمێک دەیخۆن.

ماست لەبەرئەوەی خۆی بەرهەمی چالاکییەکانی بەکتریا و کەڕوویە و لە دۆخی شلیدا دەمێنێتەوە، هەرکاتێک پلەی گەرمای شوێنەکەی بەرز بێت یا بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، بەکتریا و کەروو پەلاماری دەدەن و لەوێدا دەسدەکەن بە چالاکی. یەکێک لەو کەڕووانە کەڕوویەکی رەنگی ئاڵە کە لەسەر رووی ماستەکە دەڕسکێت.

زۆر کەس کەڕووە بە کەوچکێک فڕێدەدات و ماستەکە دەخوات؛ بەڵام ئەمە هەڵەیە. لەبەرئەوەی ماستەکە شلە رایەڵکە و ریسووی کەڕووەکە کە زۆر جار بەچاو نابینرێن، بە شێوەی ستوونی و ئاسۆیی بە نێو ماستەکەدا بڵاودەبنەوە. ئەم جۆرە کەڕووە کە هەندێک جار بە هۆی گۆڕانی پلەی گەرمایە ژوورەکەوە رەنگی لە نەوان ئاڵ و نارنجیدا دەگۆڕێت بۆی هەیە مەترسیداربێت. چونکە جگە لە کەڕووەکە دوو جۆر بەکتریایش هەن کە هاوڕەنگی ئەم کەڕووەن و پێکەوە یا بە جیا لەسەر ماست و شیر و پەنیر دەڕوێن.

ئەو کەسەی ئەم بەکتریایانە دەخوات بۆی هەیە تووشی تێچکوون لە گەدە و ریخۆڵەکاندا وەک هێڵنجدان و سکچوون، تەنگەنەفەسی و گرفتی میزەڕۆ ببێت.  کەواتە وا باشە هەر ماستێک کە کەڕووی ئاڵ یا نارنجی لەسەری پەیدا دەبێت نەخورێت و فڕێبدرێت.  

جۆرێکی تری کەڕوو کە لەسەر ماست دەڕوێت رەنگی سپییە و هەندێک جار کوڵکنە ناسراوە بە کەڕووی میووکۆر سیرسینێڵۆیدس.  بە گوێڕەی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا خواردنی ئەم کەڕووە جێگای مەترسی نییە و رەنگە تەنیا هەندێک لەو کەسانەی گرفتی هەناسەیان هەیە، لە دوای خواردنی هەست بە تەنگەنەفەسی بکەن.