12.9.23

سپاینیلووس فیووسیجەر


ناوی جۆرێک کەڕووە کە لە زمانی گشتی دا بە کۆچکە برش (Bonnet mold) ناسراوە.  چەشنە کەڕوویەکە لە تیرەی زایگۆمایکۆتا. برشێکی شێوە مێخیی زبرە و رەنگی قاوەیی یا قاوەیی زەردباوە. تیرکە یا دڕکگەلی لکداری هەیە کە هەڵگری زایگۆسپۆرن. ئەم کەڕووە وەک مشەخۆرە لەسەر چەند چەشنە کارگ دەڕوێت.  لەوانە:جسنی مایسینا وەک مایسینا هایماپۆتوس، مایسینا پیوورا، مایسینا ئێپیپتێریجیا، مایسینا لێپتۆسیفالا. هەروەها چەند چەشنێکی.  کۆلیبیا وەک کۆلیبیا ئاڵکالیڤایرین، کۆلیبیا لیووتیفۆلیا، کۆلیبیا درایۆفیلا، و کۆلیبیا بیووتیراسی. هەروەها لەسەر چەشنەکانی ئەگاریکیش دەڕوێت. وەک ئەمانیتا، جیمنۆپووس و هایگرۆپۆروس.  


ئەم چەشنە کەڕووە سەرەتا ساڵی ١٨١٨ لەلایەن سروشتناسی ئەڵمانی کریستیان گۆتفرایس ئێرینبێرگەوە وەسپ کراوە. دووای چەند جارێک ئاڵوگۆڕ بەسەر ناوەکەی دا، سەرەنجام رووەکناسی فرانسەیی فیلیپ ئێدوارد لێۆن ڤان تیەگم ناوی لێنا سپاینیلووس فیووسیجەر؛ کە بە کوردی دەبێتە تەشیلە دڕکن.  سپاینیلووس واتە دڕکن یا دڕکدار و فیووسیجەریش واتە شێوە تەشی.


سپاینیلووس فیوسیجەر لە وەرزی پیتاوەربوونی سووڕی ژیانی دا لەسەر کڵاوی قارچک دەڕوێتدڕکەکانی لە هەموو لایکەی کڵاوی کوارگەکەوە سەر دەردەێنن کە هەرکامیان هەڵگری پنتکی ووردە کە هەڵگری هاگەدووای ئەوەی دیواری پنتکەکە نامێنێت هاگەکە بەرەڵا دەبێت و لە رێگەی با، ئاو و زیندەوەرانەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنگەلی تر.


17.3.23

دۆزینەوەی ئەنزیمێک کە هەوا دەگۆڕێت بۆ کارەبا



وەرگێڕانی تەیموور حەسەن غەفوور 

تیمێک لە زانایانی پەیمانگای بایۆپزیشکی زانکۆی مۆناش لە مێلبۆرنی ئوسترالیا، ئەنزیمێکیان دۆزیوەتەوە کە هەوا دەگۆڕێت بۆ وزە. دۆزینەوەکە کە لە گۆڤاری (Nature) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات ئەم ئەنزیمە بڕێکی کەمی هایدرۆجین لە بەرگەهەوادا بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی تەزوی کارەبایی. ئەم دۆزینەوە دەروازایەک واڵادەکات بۆ دروستکردنی ئامێرێک کە بە شێوەیەکی دروست وزە لە هەوای ئاساییەو دروست بکات.

درێژەی بابەتەکە لە هەژماری فەیسبوکی زانستی سروشتی کوردستان دا بخوێنەوە

سەرچاوەی راپۆرتەکە بە ئینگلیسی: نەیچەر


وردە قارچکێک لە شاری تایپێی تایوان دۆزرایەوە

 

رۆژی ١٧\١١\٢٠٢٢ ئێریک چۆی ٣٢ ساڵە کە کاری دەرمانخانەداری دەکات، ئەم چەشنە کوارگەی دۆزییەوە. ئەم چەشنە قارچکە وورد و بچووکە باوەڕ دەکرێت کە مایسینا سەبسیانۆفاڵا بێت. چۆ دەڵێت هاوڕێکەی چیانگ پەی یینگ پێی گوتووە کە لە ناوچەی شیلینی سەر بە شاری تایپێ پایتەختی تایوان چەشنە کوارگێکی تایبەت هەیە. دەڵێ کە چوومە لای، سەیرم کرد، نائومێد بووم، هیچ شتێکی ئەوتۆم نەدیت بەڵام زانیم کە شایستەی بەدوواداچوونە؛ هەربۆیە پارچە تەختەکەم هێنایەوە ماڵەوە و هەموو رۆژێ بە ئاو دەمپڕژاند تا بە شێداری بمێنێتەوە. دووای پتر لە سێ مانگ رۆژی ٧\٣\٢٠٢٢ دیتم گەرای شینی کوارگەکە لەسەر تەختەکە روواوە. ئەو دەڵێ تەنیا لە سەرەتای رووانیدا رەنگی شینە؛ دوواتر لەگەڵ پێگەیشتنیدا رەنگە شینەکە دەگۆڕێت و دەبێتە شینی کاڵ یا سپی.
چۆ لە رۆژی ١٢\٣\٢٠٢٢ وێنەی ئەم قارچکەی نارد بۆ ماڵپەڵپەڕی ئای ناچڕاڵیست؛ و رۆژی ١٣ مانگیش ماڵپەڕەکە وێنەکەی لە تویتەری خۆیدا بڵاوکردەوە کە ٨٤٢٢ لایک کرابوو، ٢٢١٩ ریتویت کرابوو؛ و ٣٠٧ جار بە تێچنەوە پار کرابوو.



سەرچاوە



4.3.23

چەشنە قارچکێکی تازە بە ناوی پۆڵ ستەیمێتسەوە دەکرێت



کوارگێکی جادوویی کە تازە دۆزراوەتەوە وەک شانازییەک بۆ تەڵاش و کۆششەکانی پۆڵ ستەیمێتس لە بوواری کەڕووزانیدا و بەتایبەتی بۆ کارکردنی لەسەر کوارگی جادوویی، ناوی دەنرێت سایڵۆسیب ستەیمێتسیی.  ئەم چەشنە قارچکە لە لێڕەوارە هەورییەکانی ئیکوادۆر دۆراوەتەوە و دوو جار نموونەی لێوەرگیراوە؛ یەکەم جار ساڵ ٢٠١١ لە لایەن دوکتۆر و برین دێنتینگەر لە زانکۆی یووتا؛ و جاری دووەمیش ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن گیلیانا فورسی لە  دامەزراوەی کەڕوو (Fungi Foundation).

ئەمە یەکەم جارە کوارگێک بەناوی پۆڵ ستەیمێتسەوە دەکرێت، بەتایبەتی کوارگێکی جادوویی کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت بۆ بەکارهێنانی وەک دەرمان لە دەرمانگەریی تازەداشایانی باسە کە پۆڵ ستەیمێتس جێ رێبازێکی تایبەتی هەیە بۆ بەکارهێنانی کوارگە جادووییەکان لە چارەسەری نەخۆشییەکانی خەڵکیدا.



 

سەرچاوە

فەنجای فاوندەیشن

11.2.23

لینجەبرشی میووسیلاگۆ


چەشنێک لینجە برشە لە خێزانی دیدیمایاسیی لە سانی فیزاراڵیس.  هەرچەندە لینجە برشەکان کەڕووی راستەقینە نین. بەهۆی شێوە و روواڵەتەکەیەوە پێیدەگوترێت _لینجە برشی رشاوەی سەگ؛ یا کەڕووی رشاوەی سەگ.  تەنمیوەکەی زەرد و سپییە، تا پتر بەردەوام دەبێت رەنگی کاڵتر دەبێتەوە.  پاشان کە بەرەوە ووشکبوون دەڕوات، رەنگی رەش و تاریک دەبێت.  واژەی میووسیلاگۆ وەک هەزاران واژەی تر لە زووانی لاتینەوە وەرگیراوە.  ووشەی موکوس لە زمانی لاتین دا واتە چڵم.  


ئەم جۆرە برشە لە کوردستانیش هەیە؛ و بە تایبەتی لەو شوێن و ناوچانە دەڕوێت کە ئاستی شێیان بەرزە و نمناکن.  دوو ساڵ لەمەوبەر وێنەی ئەم برشەمان لە نزیک حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هات و لە لاپەڕەی (کۆمەڵگەی کوارگەوانانی کوردستان) دا بڵاوکرایەوە.  شایانی سەرنجە کە ووشەی کەڕوو لە زمانی کوردیدا لە بەرامبەر (Fungi) ئینگلیسیدا بەکاردەهێنرێت کە هەموو چەشنەکانی کەڕوو دەگرێتە خۆ؛ بەڵام لە بەرامبەر ووشەی (Mould, Mold, Mildew)دا لە کوردیدا ووشەی برش بەکاردەهێنین کە تەنیا دەستەیەکی کەڕووەکان دەگرێتەوە و ئەم کەڕووانە بەشێوەی تۆزێکی سپی، شین، سەوز، سوور، قاوەیی و رەش دەردەکەوتن. هەر ئەم برشانە چەشنی لینج و دیسناکیشیان هەیە کە پێیان دەڵێن لینجەبرش.


https://www.facebook.com/komelgey.kwargewanani.kurdistan


. 


22.1.23

کەڕووی کارگی سەدەف گازی دەمار بەکاردەهێنێت

ساختارە شێوەمژمژەییەکانی کەڕووی پلوورۆتووس ئۆستریتووس

لە بەدوواداچوونێک دا دەرکەوتووە کە قارچکی (پلورۆتووس ئۆستریتوس کە ناوە گشتییەکەی بریتییە لە قارچکی سەدەف جۆرە گازێکی دەمار پەکخەر دەردەدات بە ناوی ٣-ئۆکتانۆن بۆ پەکخستنی کرمگەلی وورد و پاشان دەیانخوات.  ئەو ووردە کرمانە لە راستیدا کرمی مایکرۆسکۆپین و بە چاوی رووت نابینرێن.  ئەم کرمانە بە ناوی مەچیرک (نیماتۆد) ناسراون و زۆرینەیان میمڵ و دوژمنی رووەک و دەرختەکانن.  دیارە لە ساڵانی ١٩٨٠ وە زانراوە کە ئەم جۆرە کوارگە مەچیرکەکان راودەکات بەڵام شێوازی کارەکە رازێک بوو هیچ کەس سەری لێی دەرنەدەچوو.


 یین-پینگ هسوو لە ئەکادیمیای سینیکا، کە ئەنستیتوویەکی توێژینەوەیە لە تایوان لەگەڵ هاوپیشەکانیدا سەلماندییان کە 

کارگی پلوورۆتووس ئۆسترتووس ناسراو بە سەدەف

پلوورۆتووس ئۆستریتووس کۆمەڵێک ساختاری شێوە مژمژەیی هەیە، کاتێک مەچیرکەکان بە سەریان پاڵ دەدەن بە شێوەمژمژەییەکانەوە، دەکرێنەوە و وازدەبن.  کاتێک واز دەبن گازێک دەردەدەن کە رێژەیەکی زۆر بەرز ژەهری تێدایە، ژەهرێک کە تەکووزی دەماری مەچیرکەکان ژاراوی دەکات.  


توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت دووای ئەوە کە ساختارە شێوە مژمژەییەکان دەکرێنەوە و گازەکە بەرەڵادەکەن، چیتر ناتوانن مەچیرکەکان ژاراوی بکەن.  شایانی باسە کە ئەم گازە لە خودی کوارگەکە نایەتە دەرەوە بەڵکوو لە ریسوو\مایسیلیەمی کوارگەکەوە دێتە دەرەوە بۆ کوشتنی مەچیرکەکان.  

ئەم بابەتە لای رووەکخۆرەکان گەنگەشەی ساز کردووە و  هەندێکیان هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە کە کارگی سەدەف چیتر خۆراکێکی رووەکی نییە.






سەرچاوە

نیوساینتیست

ساینتیفیک ئەمێریکان


21.9.22

زڕەبوومەستێرە، زڕەبوومەسارە

 ناوی زانستییەکەی بریتییە لە ئەسترایوس هایگرۆمێتروکوس.  جۆرە قارچکێکە لە خێزانی دیپڵۆسیستاسیی. کاتێک کە ساوایە لە پزلیک\پسڵە دەچێت بەڵام لەگەڵ چوونە سەری تەمەنی دا توێکڵی سەرەوەی لەتلەت دەبێت و لە شێوەی ئەستێرە بە زەوییەوە پان دەبێتەوە.  ئەم جۆرە کوارگە لەو جۆرە کەڕووانەیە کە پەیوەندیی هاوژینییان بە درەختەوە هەیە و پەیوەندییەکەی دەرەکییە نەک ناوەکی.  واتە لە نزیک هەندێک جۆر درەخت نەبێت، ناڕوێت؛ چونکە بەشێک لە خۆراکەکەی لە درەختەکەوە دابین دەکات.  بە زۆری لە خاکێک دەڕوێت کە زیخ و چەوی هەبێت.  هەر وەک پزلیک لە کاتی پێگەیشتنی دا دەتەقێت و تۆزێکی قاوەیی لە نێواخنەکەیەوە دێتە دەرەوە کە بریتییە لە هاگەکانی.


ئەم جۆرە کوارگە لە ئەمریکا دەڵێن بۆ خواردن ناشێت، بەڵام لە هیندوستان و نیپاڵ و باشووری بەنگلادێش دەخورێت و لە بازاڕەکان دەفرۆشرێتشایانی باسە کە کارگی بوومەستێرەیش هەیە کە جیاوازە لە زڕەبوومەستێرەبە دڵنیاییەوە زڕەبوومەستێرە لە کوردستان هەیە، هەرچەند تا ئێستا هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەکی لێ بڵاونەکراوەتەوە.




10.9.22

گۆشتی کەڕوویی

وەک هەمووان دەزانن گۆشت یەکێکە لەو خۆراکانە کە زۆربەی مرۆڤەکان ئارەزووی خواردنی دەکەن و سوودێکی زۆریش بە لەش و لار دەگەیەنێت.  هاوکات کەسانێکی زۆر هەن کە بە یەکجاری گۆشتیان لە نێو لیزگەی خۆراکی رۆژانەی خۆیاندا سڕیوەتەوە؛ جا بە هەر هۆکار و بیانوویەک بێ لە خواردنی خۆ دەپارێزن.  بۆ پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی گۆشت زۆر کۆشش کراوە و زۆر جۆر خۆراک دەسنیشان کراوە. بۆ وێنە گۆشتی سۆی و کوارگ و دۆمبەڵانەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.  

ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا جێگەی سەرنجە بریتییە لە گۆشتێکی کەڕوویی کە دەچێنرێت و دوای سێ هەفتە پێدەگات و دەکرێت وەک هەر گۆشتێکی تر بۆ خواردن بەکاربهێنرێت.  دیارە ئەم گۆشتە پێویستیی بە ئاشپێژ و چێشت لێنەرێکی باش هەیە تا بە بەکارهێنانی ئاڵەت و ماددەکانی تری وەک شەکر و خوێ و بیبەر، چێژە ترشەکەی کەم بکاتەوە؛ ئەگینا ساختار و پاتۆری ئەم گۆشتە کاتێک کە دەیجاویت هەست دەکەیت زۆر لە گۆشتی ئاژەڵ دەچێت.



5.9.22

پیکنۆپۆروس کۆکسینیوس



ئەم چەشنە قارچکە ناسراوە بە کەوانەی نارنجی و کوارگێکی مشەخۆرە؛ لە خێزانی فرەسووەکانە.  زۆر نزیکە لە جسنی ترامێتیس ؛بەڵام گەورەترین جیاوازییەکەی بریتییە لە رەنگی. ئەم چەشنە رەنگی نارنجییە و رەنگی ژێرەوەی تۆخترە و وەک لە ڤیدیۆکەدا دیارە فرەسووە واتە داپۆشراوە بە کونۆچکەی وورد وورد.  تا تەمەنی زیاتر دەبێ رەنگی کاڵتر دەبێتەوە و سەرەنجام نزیک دەبێتەوە لە رەنگی سپی.  یەکەم جار ساڵی ١٨٥١ لەلایەن ئێلیاس ماگنوس فرایسەوە وەسفی کراوە.  

شێوەی کەوانەیی یا باوەشێنییە؛ و قەدی نییە.  کواگێکی جیڕە و بۆ خواردن ناشێ.  پیکنۆپۆروس کۆکسینیوس لەسەر درەختی زیندوو و مردوو و پارچە چێوەیش دەڕوێت. لە کەشوهەوای شێدار و تەنانەت ووشکیش دا دەڕوێت. تواناییەکی زۆری هەیە لە داڕزاندنی درەخت دا.  بۆی هەیە بە تەنیا و ڕوێت و زۆر جاریش بە کۆمەڵ دەڕوێن.  سەرەتا قەبارەی بچووکە و پاشان لەگەڵ چوونە سەری تەمەنی دا گەورەتر دەبێت.  رەنگی هاگەکانی سپییە و وەک هەموو سوودارەکان، هاگەکانی لە سووەکاندا هەڵدەگرێت.

هیچ توێژینەوەیەیکی پزیشکی سەبارەت بە لایەنی دەرمانییەکەی ئەنجام نەدراوە؛ بەڵام ئەبۆریجناڵەکانی ئوسترالیا واتە مەردمە خۆجێییە رەسەنەکەی ئەوێ بۆ چارەسەری دەوکولی واتە برین و زیپکەی ناودەم و هەروەها لێو دەیجاون.  هەروەها دەیدەن بە ئەو منداڵە ساوایانە کە تازە ددانیان دەردێت تا بیگەزن.



30.8.22

کانتەرێل


ناوی ژمارەیەک چەشنە قارچکە لە جسنەکانی کانتەرێڵووس، کراتێرێلووس، گۆمفووس و پۆڵیۆزیلووس.   ئەمانە مەردمیترین جۆرەکانی کوارگی خۆڕسکی خۆراکی پێکدەهێنن.  بە تایبەتی لە ئەوروپا زۆرە و بەباشی ناسراون.  رەنگیان نارنجی، زەرد یا سپییە.  گۆشتنن و شێوەیان لەرەحەتی دەچێت.  ناوی کانتەرێل لە ووشەی کانتارۆسی یونانی وەرگیراوە کە واتای جۆرێک لە لیوان یا پەرداخ دەگەیەنێت کە گەورەیە و هەنگڵی هەیە و بۆ خواردنەوەی بیرە\ئاوجۆ بەکاری دێنن. گوایە شێوەی کوارگەکە لە شێوەی ئەو جۆرە لیوانە دەچێت.  لە کوردەواریی کۆندا دوو جۆر لیوان یا پەرداخی وا گەورەمان هەبووە؛ یەکیان پێی گوتراوە قرۆشکە و هەنگڵی هەبوو. ئەوەی تر ووشەی قارەوانەیە کە بە قەبارە گەورەتر بوو لە قرۆشکە و وەک ئێو هەنگڵی هەبوو.  ئەگەر بێتوو ناوی کانتەرێل بکەینە کوردی دەبێ بڵێین کارگی قارەوانە کە پڕ بە پێستێتی.

  

زۆرێک لە چەشنەکانی ئەم کوارگانە بۆن و بەرامەی میوە دەدەن. بۆ وێنە بۆنی قەیسی یا چێژەی بیباریان هەیە واتە تووننکوارگێکی تر هەیە کە زۆر لە کانتەرێل دەچێت بە ناوی (هایگتۆفۆرۆپسیس ئۆرانتیاکا) کە ناسراوە بە زڕە کانتەرێڵ و ژەهراوییەزۆر جار لەگەڵ کانتەرێڵ دەگۆڕێ؛ ئەوەندە لە یەکتری دەچنباشترین نیشانە بۆ لە یەکتری جیاکردنەوەیان بریتییە لە شێوەی شیپەڕەکانیانزڕەکانتەرێل شیپەڕەی راستەقینەی هەیە بەڵام کانترێل شیپەڕەکانی لە راستیدا گنج و لۆچن نەک پەڕە.



سەرچاوە


23.8.22

کەڕوویەکی کوشندە

کەڕوویەکی کوشندە لەرێگەی جووتبوونەوە فرەپات دەبێت، کە دەتوانێت جۆری زۆر مەترسیداری دەرمان بەزێن بخاتەوە.


توێژەران لە زانکۆی ماکماستەر رازێکی پەرەسەندنیان ئاشکراکرد سەبارەت بە بیماریزایەکی (پاتۆجین) کوشندە کە بەرپرسە لە بەهێزکردنی سووپەربەگ یا بەکتریایەک کە ئەنتیبایۆتیک دەبەزێنێت.  ئەم کەڕووە بە هۆی جووتبوونەوە بەرهەم دێت.  لە کاتێکدا کە ئەم جۆرە بە یەکگەیشتنە دەگمەنە، زانایان دەڵێن دەشێت جۆری کاندیدا ئۆریسی زۆر دەرمان بەزێنتر و مەترسیدار بەرهەم بهێنێت، کە توانایی ئەوەی هەبێ خێراتر بڵاوببێتەوە.  کاندیدا ئۆریس کەڕوویەکە کە دەبێتە هۆکاری هەوکردنی مەترسیدار و زۆر جاریش مەرگ.  زۆر جار تووشی ئەو نەخۆشە لاوازانە دەبێت کە لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن.

بە پێچەوانەی ئاژەڵ و رووەکەکان، ریزەندامەکانی ئەم سروشتە بەشێوەی ئاسایی دابەش دەبن و ناتوخمەزا وەچە دەخەنەوەواتە یەک دەبێتە دوو، دوو دەبێتە چوار و تاد..



سەرچاوە

ساینس دەیلی


15.8.22

کارگی ماکرۆسایب جایگانتیا


چەشنە کوارگێکە شوێنزاکەی بریتییە لە هیندوستان (بەنگاڵی رۆژاوا)، پاکستان و نیپاڵ.  ساڵی ١٩١٢ رووەکزانی ئینگلیس جۆرج ئێدوارد ماسی ئەم قارچکەی وەسف کرد و ناوی لێنا ترایکۆڵۆما جایگانتیەم.  ساڵی ١٩٩٨ گوازرایەوە بۆ نێو جسنێکی تازە بەناوی ماکرۆسایب.  ئەو جۆرانەی لە پاکستان و چین کە وەک ماکرۆسایب جایگانتیا پۆلێنراون زۆر لە یەکترییەوە نزیکن تا ئەو جۆرانەی هیندوستان.  لە بەنگاڵی رۆژاوا بەشێوەی تاک یا کۆمەڵە دەڕوێت. هەندێک جاریش بەشێوەی مانگابەکەڵ لە شوێنی سێبەر و چیمەنزاردا دەڕوێت.  یا لە پاڵ درەختە گوڵڕسکەکاندا دەڕوێت.  باس لەوەیش کراوە کە ماکرۆسایب جایگانتیا لە لە هەرێمی کێرلالای هیندوستان لە پاشەرۆی فیل دا روواوە.

کوارگێکی خۆراکی و بەچێژە و بە زۆری لە کەنار جادە و رێگاکاندا دەفرۆشرێت.  ئەم قارچکە لە هیندوستان توانراوە بە دەست بڕوێنرێت.


ئەم چەشنە قارچکە کڵاوکەی لووسە و سەرەتا بەشێوەی قووچەکییە و تا تەمەنی هەڵدەزنێت پتر دەکرێتەوە و پان دەبێتەوە تا تیرەکەی دەگاتە ٣٠ بۆ ٣٥ سانتیمەتررەنگی بگۆڕەسەرەتا رەنگی سپییە بەڵام بەرە بەرە دەگۆڕێت بۆ رەنگی بۆری کاڵ. شیپەڕە تێکگژاوە پێلدارەکانی رەنگیان زەردەلاسکە لوولەکییەکەی بەرزایی دەگاتە نێوان ١٥ تا ١٨ سانتیمەتر؛ و ٨ سانتیمەتر بەرین دەبێترەنگی قەدەکەی هەمان رەنگی کڵاوەکەیەگۆشتە پتەوە سپییەکەی لە ئاستی لاسکەکەیدا سێ سانتیمەتر ئەستوور دەبێترەنگی هاگەکانی سپییە و شێوەیان لە ژێر گەردبین دا هێلکەیی دەردەکەوێت.



سەرچاوە


10.8.22

جسنی لایتیپۆروس

لایتیپۆروس سینیناتوس


یەکێکە لە جسنەکانی کارگی خۆراکی کە لە زۆربەی مەڵبەند و ناوچەکانی جیهان دەبیندرێت.  ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە نزیکەی بیست چەشنە.  هەندێک لە چەشنەکانی ئەم جسنە بەتایبەتی لایتۆپۆروس سولفوریوس، بە ناوی گۆشت فڕووجی دار، قارچکی گۆشت فڕووج یا کەڕووی گۆشت مریشک ناسراون چونکە وەک دەڵێن پاتۆر و چێژ و بەرامەی وەک گۆشتی مریشکە.  دیارە چەشنە قارچکی تریش هەیە کە ناسراوە بە مری دار، نابێ ئەمانەمان لێ تێکەڵ ببێت. مامری دار چەشنە قارچکێکی فرەسووە کە بە مایتاکی ناسراوە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە گریفۆڵا فرۆندۆسا.  زۆر جاریش پێی دەڵێن سەرکە بەران.   هەروەها کوارگێکی تریش هەیە ناوی کارگی مریشکی سوورەوەکراوە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە لایۆفیڵەم دیکاستیس.


قارچکەکانی جسنی لایتۆپۆروس وەک رەفە چین چین دەکەونە سەر یەکتری.  شێوەیان کەوانی یا نیوە بازنەییە.  قەبارەیان گەورە دەبێت؛ تەنانەت هی ئەوەندە گەورە تۆمار کراوە کە قورساییەکەی گەیشتووەتە ٤٥ کیلۆ.  زۆربەی جاران لەسەر درەختی بەڕوو دەڕوێن؛ هەرچەندە بۆی هەیە لەسەر چنار و بی و درەختی تریش بڕوێت.  لە کاتی ساوایی دا رەنگیان زەرد بۆ گۆگردی و نارنجییە و بەرە بەرە رەنگەکەیان کاڵتر دەبێتەوە.  لێوارەکانیان بەشێوەی هێڵێکی کاڵتر لە بەشەکانی تر دەردەکەون.  پاتۆری ئەم چەشنە قارچکانە کەمێک جیڕە وەک جیر\لاستیک.  بە دەربڕینێکی تر دەڵێی سینگی سوورەوەکراوی مریشکە.  زۆربەی چەشنەکانی ئەم جسنە خۆراکیبوونیان سەلمێندراوە.  


کاتێک کە لەسەر درەختێک دەڕوێت، زۆر جار ساڵی دووەم و سێهەم چوارمی دوواتریش لەسەری دەڕوێتەوە؛ ئەگەر کەش و هەواکەی لەبار و گونجاو بێتکاتی رووانی هاوینی درەنگ و سەرەتاکای پاییزەئەم کوارگە سەرەنجام درەختەکە دادەڕزێنێت و بەجۆرێک ووشکی دەکات کە نەرمایی لە درەختەەدا ناهێڵێت و وایلێدەکات بە بەرکەوتنی هەر هێزێک بپەڕێت.  




سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

فێرست نەیچەر

7.8.22

جسنی لایکۆپێردن

پسڵەی لایکۆپێردن پێریاتوم

یەکێکە لە جسنەکانی پسڵە\پزلیک کە نزیکەی ٥٠ چەشنە پزلیک دەگرێتەخۆ.  زۆربەیان قەبارەیان بچووکە و زۆر گەورە نابن.  لە خێزانی ئەگاریکاسیی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ئەم ناوە پێکهاتووە لە دوو ووشەی یونانی. لایکۆس واتە گورگ و پێردۆن واتە فس.  پێکەوە واتە فسەگورگ.  لە هۆرامی و کورمانجیش دا رێک ئەم ناوە هەیە و پێیدەڵێن تسڵە وەرگانە یا فسەگور.  لە هەندێک ناوچەی تریش بە فسە، تسڵە، پسڵە، کارگەفسە، کارگە بۆتسیلکە و تاد.. ناسراوە.  ئەندامانی ئەم جسنە وەک لە وێنەکەدا دیارن لووس نین بەڵکوو بە چینێکی زبر داپۆشراون.  لە وەرزی هاوین و پاییزدا، لەو شوێنانە دەڕوێن کە ئاردەدار یا چێو و دارە ووشکەڵەی لێیە. هەروەها لە نێو چیمەن یا لە دەوروبەری رێگا و بان دەڕوێن.  زۆربەیان دەخورێن؛ بەتایبەتی پێش پێگەیشتنیان.


شایانی باسە کە جسنی کاڵڤەیشیایش یەکێکە لە جسنەکانی پزلیک و لە خێزانی ئەگاریکاسی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ژمارەی چەشنەکانی دەوروبەری ٣٥ دانەیە.  یەکێک لە ئەندامانی ئەم جسنە کاڵڤەیشیا جایگانتایە کە کێشی زۆر گەورە دەبێت و رەنگە بگاتە ٢٠ کیلۆ؛ یاخود قەبارەی دەگاتە ١٢٠ سانتیمەتر.  مەردمی خۆجێیی هەندێک هەرێمی باکووری ئەمریکا لە کۆنەوە گۆشتی پزلیکی کاڵڤایشیایان بەکاردەهێنا بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی و ساڕێژکردنەوەی برین.  لویس و کڵارک کە دوو دۆزەرەوەی ئەوروپایی بوون لە باکووری ئەمریک،ا لە یادداشتەکانیان دا نووسیویانە کەوا ساکاکاویا کە کچێکی هۆزە خۆجێیەکانی باکووری ئەمریکا بوو وەک دیلمانج هاوکاریی ئەوانی دەکرد، بۆ ئەوانی باس کردووە کە نێواخنی پزلیکەکە دەخەنە سەر برین و خوێنەکەی دەوەستێنێ؛ و پاشان لاینابەن تا برینەکەی چاک دەبێتەوە.  لە سەردەمی تازەیشدا ساڵی ١٩٦٣ زانست سەلماندی کە ئەوە راستە. هەربۆیە لەو رۆژگارەوە ئیتر ماددەی ئەنتیبایۆتیکی کاڵڤیسین لەم چەشنە پزلیکە گەورەیە دەردەهێنرێت؛ و دەکرێتە دەرمانێکی کاریگەری دژەهەو و دژەلوو.



سەرچاوە


ناوەندی نەتەوەیی بۆ زانیاریی بایۆتەکنۆڵۆژی

زانست

بریتانیکا



1.8.22

کووکینا ترایکۆڵۆما


ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کاسەی تیسکداری گەرمەسێریچەشنە کوارگێکە سەر بە جسنی کووکینایەلە ناوچە گەرمەسێرییەکان لە سەر چێوی رزیو و نمناک دەڕوێترەنگی ئاڵی کەمڕەنگە و لە هەردووک دیوی دەرەوە و نێوەوەی کاسەکەدا ووردە تیسکی لەسەر دەڕوێت.   تیرەی کاسەکە لە ٥ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێتلاسکەکەیشی ئاڵی کاڵە و ووردە کوڵکی لەسەر دەڕوێت.




سەرچاوە

فەنجای ماپ

تاندف ئۆنڵاین