7.8.22

جسنی لایکۆپێردن

پسڵەی لایکۆپێردن پێریاتوم

یەکێکە لە جسنەکانی پسڵە\پزلیک کە نزیکەی ٥٠ چەشنە پزلیک دەگرێتەخۆ.  زۆربەیان قەبارەیان بچووکە و زۆر گەورە نابن.  لە خێزانی ئەگاریکاسیی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ئەم ناوە پێکهاتووە لە دوو ووشەی یونانی. لایکۆس واتە گورگ و پێردۆن واتە فس.  پێکەوە واتە فسەگورگ.  لە هۆرامی و کورمانجیش دا رێک ئەم ناوە هەیە و پێیدەڵێن تسڵە وەرگانە یا فسەگور.  لە هەندێک ناوچەی تریش بە فسە، تسڵە، پسڵە، کارگەفسە، کارگە بۆتسیلکە و تاد.. ناسراوە.  ئەندامانی ئەم جسنە وەک لە وێنەکەدا دیارن لووس نین بەڵکوو بە چینێکی زبر داپۆشراون.  لە وەرزی هاوین و پاییزدا، لەو شوێنانە دەڕوێن کە ئاردەدار یا چێو و دارە ووشکەڵەی لێیە. هەروەها لە نێو چیمەن یا لە دەوروبەری رێگا و بان دەڕوێن.  زۆربەیان دەخورێن؛ بەتایبەتی پێش پێگەیشتنیان.


شایانی باسە کە جسنی کاڵڤەیشیایش یەکێکە لە جسنەکانی پزلیک و لە خێزانی ئەگاریکاسی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ژمارەی چەشنەکانی دەوروبەری ٣٥ دانەیە.  یەکێک لە ئەندامانی ئەم جسنە کاڵڤەیشیا جایگانتایە کە کێشی زۆر گەورە دەبێت و رەنگە بگاتە ٢٠ کیلۆ؛ یاخود قەبارەی دەگاتە ١٢٠ سانتیمەتر.  مەردمی خۆجێیی هەندێک هەرێمی باکووری ئەمریکا لە کۆنەوە گۆشتی پزلیکی کاڵڤایشیایان بەکاردەهێنا بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی و ساڕێژکردنەوەی برین.  لویس و کڵارک کە دوو دۆزەرەوەی ئەوروپایی بوون لە باکووری ئەمریک،ا لە یادداشتەکانیان دا نووسیویانە کەوا ساکاکاویا کە کچێکی هۆزە خۆجێیەکانی باکووری ئەمریکا بوو وەک دیلمانج هاوکاریی ئەوانی دەکرد، بۆ ئەوانی باس کردووە کە نێواخنی پزلیکەکە دەخەنە سەر برین و خوێنەکەی دەوەستێنێ؛ و پاشان لاینابەن تا برینەکەی چاک دەبێتەوە.  لە سەردەمی تازەیشدا ساڵی ١٩٦٣ زانست سەلماندی کە ئەوە راستە. هەربۆیە لەو رۆژگارەوە ئیتر ماددەی ئەنتیبایۆتیکی کاڵڤیسین لەم چەشنە پزلیکە گەورەیە دەردەهێنرێت؛ و دەکرێتە دەرمانێکی کاریگەری دژەهەو و دژەلوو.



سەرچاوە


ناوەندی نەتەوەیی بۆ زانیاریی بایۆتەکنۆڵۆژی

زانست

بریتانیکا



No comments:

Post a Comment