23.8.22

کەڕوویەکی کوشندە

کەڕوویەکی کوشندە لەرێگەی جووتبوونەوە فرەپات دەبێت، کە دەتوانێت جۆری زۆر مەترسیداری دەرمان بەزێن بخاتەوە.


توێژەران لە زانکۆی ماکماستەر رازێکی پەرەسەندنیان ئاشکراکرد سەبارەت بە بیماریزایەکی (پاتۆجین) کوشندە کە بەرپرسە لە بەهێزکردنی سووپەربەگ یا بەکتریایەک کە ئەنتیبایۆتیک دەبەزێنێت.  ئەم کەڕووە بە هۆی جووتبوونەوە بەرهەم دێت.  لە کاتێکدا کە ئەم جۆرە بە یەکگەیشتنە دەگمەنە، زانایان دەڵێن دەشێت جۆری کاندیدا ئۆریسی زۆر دەرمان بەزێنتر و مەترسیدار بەرهەم بهێنێت، کە توانایی ئەوەی هەبێ خێراتر بڵاوببێتەوە.  کاندیدا ئۆریس کەڕوویەکە کە دەبێتە هۆکاری هەوکردنی مەترسیدار و زۆر جاریش مەرگ.  زۆر جار تووشی ئەو نەخۆشە لاوازانە دەبێت کە لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێن.

بە پێچەوانەی ئاژەڵ و رووەکەکان، ریزەندامەکانی ئەم سروشتە بەشێوەی ئاسایی دابەش دەبن و ناتوخمەزا وەچە دەخەنەوەواتە یەک دەبێتە دوو، دوو دەبێتە چوار و تاد..



سەرچاوە

ساینس دەیلی


15.8.22

کارگی ماکرۆسایب جایگانتیا


چەشنە کوارگێکە شوێنزاکەی بریتییە لە هیندوستان (بەنگاڵی رۆژاوا)، پاکستان و نیپاڵ.  ساڵی ١٩١٢ رووەکزانی ئینگلیس جۆرج ئێدوارد ماسی ئەم قارچکەی وەسف کرد و ناوی لێنا ترایکۆڵۆما جایگانتیەم.  ساڵی ١٩٩٨ گوازرایەوە بۆ نێو جسنێکی تازە بەناوی ماکرۆسایب.  ئەو جۆرانەی لە پاکستان و چین کە وەک ماکرۆسایب جایگانتیا پۆلێنراون زۆر لە یەکترییەوە نزیکن تا ئەو جۆرانەی هیندوستان.  لە بەنگاڵی رۆژاوا بەشێوەی تاک یا کۆمەڵە دەڕوێت. هەندێک جاریش بەشێوەی مانگابەکەڵ لە شوێنی سێبەر و چیمەنزاردا دەڕوێت.  یا لە پاڵ درەختە گوڵڕسکەکاندا دەڕوێت.  باس لەوەیش کراوە کە ماکرۆسایب جایگانتیا لە لە هەرێمی کێرلالای هیندوستان لە پاشەرۆی فیل دا روواوە.

کوارگێکی خۆراکی و بەچێژە و بە زۆری لە کەنار جادە و رێگاکاندا دەفرۆشرێت.  ئەم قارچکە لە هیندوستان توانراوە بە دەست بڕوێنرێت.


ئەم چەشنە قارچکە کڵاوکەی لووسە و سەرەتا بەشێوەی قووچەکییە و تا تەمەنی هەڵدەزنێت پتر دەکرێتەوە و پان دەبێتەوە تا تیرەکەی دەگاتە ٣٠ بۆ ٣٥ سانتیمەتررەنگی بگۆڕەسەرەتا رەنگی سپییە بەڵام بەرە بەرە دەگۆڕێت بۆ رەنگی بۆری کاڵ. شیپەڕە تێکگژاوە پێلدارەکانی رەنگیان زەردەلاسکە لوولەکییەکەی بەرزایی دەگاتە نێوان ١٥ تا ١٨ سانتیمەتر؛ و ٨ سانتیمەتر بەرین دەبێترەنگی قەدەکەی هەمان رەنگی کڵاوەکەیەگۆشتە پتەوە سپییەکەی لە ئاستی لاسکەکەیدا سێ سانتیمەتر ئەستوور دەبێترەنگی هاگەکانی سپییە و شێوەیان لە ژێر گەردبین دا هێلکەیی دەردەکەوێت.



سەرچاوە


10.8.22

جسنی لایتیپۆروس

لایتیپۆروس سینیناتوس


یەکێکە لە جسنەکانی کارگی خۆراکی کە لە زۆربەی مەڵبەند و ناوچەکانی جیهان دەبیندرێت.  ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە نزیکەی بیست چەشنە.  هەندێک لە چەشنەکانی ئەم جسنە بەتایبەتی لایتۆپۆروس سولفوریوس، بە ناوی گۆشت فڕووجی دار، قارچکی گۆشت فڕووج یا کەڕووی گۆشت مریشک ناسراون چونکە وەک دەڵێن پاتۆر و چێژ و بەرامەی وەک گۆشتی مریشکە.  دیارە چەشنە قارچکی تریش هەیە کە ناسراوە بە مری دار، نابێ ئەمانەمان لێ تێکەڵ ببێت. مامری دار چەشنە قارچکێکی فرەسووە کە بە مایتاکی ناسراوە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە گریفۆڵا فرۆندۆسا.  زۆر جاریش پێی دەڵێن سەرکە بەران.   هەروەها کوارگێکی تریش هەیە ناوی کارگی مریشکی سوورەوەکراوە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە لایۆفیڵەم دیکاستیس.


قارچکەکانی جسنی لایتۆپۆروس وەک رەفە چین چین دەکەونە سەر یەکتری.  شێوەیان کەوانی یا نیوە بازنەییە.  قەبارەیان گەورە دەبێت؛ تەنانەت هی ئەوەندە گەورە تۆمار کراوە کە قورساییەکەی گەیشتووەتە ٤٥ کیلۆ.  زۆربەی جاران لەسەر درەختی بەڕوو دەڕوێن؛ هەرچەندە بۆی هەیە لەسەر چنار و بی و درەختی تریش بڕوێت.  لە کاتی ساوایی دا رەنگیان زەرد بۆ گۆگردی و نارنجییە و بەرە بەرە رەنگەکەیان کاڵتر دەبێتەوە.  لێوارەکانیان بەشێوەی هێڵێکی کاڵتر لە بەشەکانی تر دەردەکەون.  پاتۆری ئەم چەشنە قارچکانە کەمێک جیڕە وەک جیر\لاستیک.  بە دەربڕینێکی تر دەڵێی سینگی سوورەوەکراوی مریشکە.  زۆربەی چەشنەکانی ئەم جسنە خۆراکیبوونیان سەلمێندراوە.  


کاتێک کە لەسەر درەختێک دەڕوێت، زۆر جار ساڵی دووەم و سێهەم چوارمی دوواتریش لەسەری دەڕوێتەوە؛ ئەگەر کەش و هەواکەی لەبار و گونجاو بێتکاتی رووانی هاوینی درەنگ و سەرەتاکای پاییزەئەم کوارگە سەرەنجام درەختەکە دادەڕزێنێت و بەجۆرێک ووشکی دەکات کە نەرمایی لە درەختەەدا ناهێڵێت و وایلێدەکات بە بەرکەوتنی هەر هێزێک بپەڕێت.  




سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

فێرست نەیچەر

7.8.22

جسنی لایکۆپێردن

پسڵەی لایکۆپێردن پێریاتوم

یەکێکە لە جسنەکانی پسڵە\پزلیک کە نزیکەی ٥٠ چەشنە پزلیک دەگرێتەخۆ.  زۆربەیان قەبارەیان بچووکە و زۆر گەورە نابن.  لە خێزانی ئەگاریکاسیی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ئەم ناوە پێکهاتووە لە دوو ووشەی یونانی. لایکۆس واتە گورگ و پێردۆن واتە فس.  پێکەوە واتە فسەگورگ.  لە هۆرامی و کورمانجیش دا رێک ئەم ناوە هەیە و پێیدەڵێن تسڵە وەرگانە یا فسەگور.  لە هەندێک ناوچەی تریش بە فسە، تسڵە، پسڵە، کارگەفسە، کارگە بۆتسیلکە و تاد.. ناسراوە.  ئەندامانی ئەم جسنە وەک لە وێنەکەدا دیارن لووس نین بەڵکوو بە چینێکی زبر داپۆشراون.  لە وەرزی هاوین و پاییزدا، لەو شوێنانە دەڕوێن کە ئاردەدار یا چێو و دارە ووشکەڵەی لێیە. هەروەها لە نێو چیمەن یا لە دەوروبەری رێگا و بان دەڕوێن.  زۆربەیان دەخورێن؛ بەتایبەتی پێش پێگەیشتنیان.


شایانی باسە کە جسنی کاڵڤەیشیایش یەکێکە لە جسنەکانی پزلیک و لە خێزانی ئەگاریکاسی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ژمارەی چەشنەکانی دەوروبەری ٣٥ دانەیە.  یەکێک لە ئەندامانی ئەم جسنە کاڵڤەیشیا جایگانتایە کە کێشی زۆر گەورە دەبێت و رەنگە بگاتە ٢٠ کیلۆ؛ یاخود قەبارەی دەگاتە ١٢٠ سانتیمەتر.  مەردمی خۆجێیی هەندێک هەرێمی باکووری ئەمریکا لە کۆنەوە گۆشتی پزلیکی کاڵڤایشیایان بەکاردەهێنا بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی و ساڕێژکردنەوەی برین.  لویس و کڵارک کە دوو دۆزەرەوەی ئەوروپایی بوون لە باکووری ئەمریک،ا لە یادداشتەکانیان دا نووسیویانە کەوا ساکاکاویا کە کچێکی هۆزە خۆجێیەکانی باکووری ئەمریکا بوو وەک دیلمانج هاوکاریی ئەوانی دەکرد، بۆ ئەوانی باس کردووە کە نێواخنی پزلیکەکە دەخەنە سەر برین و خوێنەکەی دەوەستێنێ؛ و پاشان لاینابەن تا برینەکەی چاک دەبێتەوە.  لە سەردەمی تازەیشدا ساڵی ١٩٦٣ زانست سەلماندی کە ئەوە راستە. هەربۆیە لەو رۆژگارەوە ئیتر ماددەی ئەنتیبایۆتیکی کاڵڤیسین لەم چەشنە پزلیکە گەورەیە دەردەهێنرێت؛ و دەکرێتە دەرمانێکی کاریگەری دژەهەو و دژەلوو.



سەرچاوە


ناوەندی نەتەوەیی بۆ زانیاریی بایۆتەکنۆڵۆژی

زانست

بریتانیکا



1.8.22

کووکینا ترایکۆڵۆما


ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کاسەی تیسکداری گەرمەسێریچەشنە کوارگێکە سەر بە جسنی کووکینایەلە ناوچە گەرمەسێرییەکان لە سەر چێوی رزیو و نمناک دەڕوێترەنگی ئاڵی کەمڕەنگە و لە هەردووک دیوی دەرەوە و نێوەوەی کاسەکەدا ووردە تیسکی لەسەر دەڕوێت.   تیرەی کاسەکە لە ٥ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێتلاسکەکەیشی ئاڵی کاڵە و ووردە کوڵکی لەسەر دەڕوێت.




سەرچاوە

فەنجای ماپ

تاندف ئۆنڵاین