10.8.22

جسنی لایتیپۆروس

لایتیپۆروس سینیناتوس


یەکێکە لە جسنەکانی کارگی خۆراکی کە لە زۆربەی مەڵبەند و ناوچەکانی جیهان دەبیندرێت.  ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە نزیکەی بیست چەشنە.  هەندێک لە چەشنەکانی ئەم جسنە بەتایبەتی لایتۆپۆروس سولفوریوس، بە ناوی گۆشت فڕووجی دار، قارچکی گۆشت فڕووج یا کەڕووی گۆشت مریشک ناسراون چونکە وەک دەڵێن پاتۆر و چێژ و بەرامەی وەک گۆشتی مریشکە.  دیارە چەشنە قارچکی تریش هەیە کە ناسراوە بە مری دار، نابێ ئەمانەمان لێ تێکەڵ ببێت. مامری دار چەشنە قارچکێکی فرەسووە کە بە مایتاکی ناسراوە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە گریفۆڵا فرۆندۆسا.  زۆر جاریش پێی دەڵێن سەرکە بەران.   هەروەها کوارگێکی تریش هەیە ناوی کارگی مریشکی سوورەوەکراوە و ناوە زانستییەکەی بریتییە لە لایۆفیڵەم دیکاستیس.


قارچکەکانی جسنی لایتۆپۆروس وەک رەفە چین چین دەکەونە سەر یەکتری.  شێوەیان کەوانی یا نیوە بازنەییە.  قەبارەیان گەورە دەبێت؛ تەنانەت هی ئەوەندە گەورە تۆمار کراوە کە قورساییەکەی گەیشتووەتە ٤٥ کیلۆ.  زۆربەی جاران لەسەر درەختی بەڕوو دەڕوێن؛ هەرچەندە بۆی هەیە لەسەر چنار و بی و درەختی تریش بڕوێت.  لە کاتی ساوایی دا رەنگیان زەرد بۆ گۆگردی و نارنجییە و بەرە بەرە رەنگەکەیان کاڵتر دەبێتەوە.  لێوارەکانیان بەشێوەی هێڵێکی کاڵتر لە بەشەکانی تر دەردەکەون.  پاتۆری ئەم چەشنە قارچکانە کەمێک جیڕە وەک جیر\لاستیک.  بە دەربڕینێکی تر دەڵێی سینگی سوورەوەکراوی مریشکە.  زۆربەی چەشنەکانی ئەم جسنە خۆراکیبوونیان سەلمێندراوە.  


کاتێک کە لەسەر درەختێک دەڕوێت، زۆر جار ساڵی دووەم و سێهەم چوارمی دوواتریش لەسەری دەڕوێتەوە؛ ئەگەر کەش و هەواکەی لەبار و گونجاو بێتکاتی رووانی هاوینی درەنگ و سەرەتاکای پاییزەئەم کوارگە سەرەنجام درەختەکە دادەڕزێنێت و بەجۆرێک ووشکی دەکات کە نەرمایی لە درەختەەدا ناهێڵێت و وایلێدەکات بە بەرکەوتنی هەر هێزێک بپەڕێت.  




سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

فێرست نەیچەر

7.8.22

جسنی لایکۆپێردن

پسڵەی لایکۆپێردن پێریاتوم

یەکێکە لە جسنەکانی پسڵە\پزلیک کە نزیکەی ٥٠ چەشنە پزلیک دەگرێتەخۆ.  زۆربەیان قەبارەیان بچووکە و زۆر گەورە نابن.  لە خێزانی ئەگاریکاسیی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ئەم ناوە پێکهاتووە لە دوو ووشەی یونانی. لایکۆس واتە گورگ و پێردۆن واتە فس.  پێکەوە واتە فسەگورگ.  لە هۆرامی و کورمانجیش دا رێک ئەم ناوە هەیە و پێیدەڵێن تسڵە وەرگانە یا فسەگور.  لە هەندێک ناوچەی تریش بە فسە، تسڵە، پسڵە، کارگەفسە، کارگە بۆتسیلکە و تاد.. ناسراوە.  ئەندامانی ئەم جسنە وەک لە وێنەکەدا دیارن لووس نین بەڵکوو بە چینێکی زبر داپۆشراون.  لە وەرزی هاوین و پاییزدا، لەو شوێنانە دەڕوێن کە ئاردەدار یا چێو و دارە ووشکەڵەی لێیە. هەروەها لە نێو چیمەن یا لە دەوروبەری رێگا و بان دەڕوێن.  زۆربەیان دەخورێن؛ بەتایبەتی پێش پێگەیشتنیان.


شایانی باسە کە جسنی کاڵڤەیشیایش یەکێکە لە جسنەکانی پزلیک و لە خێزانی ئەگاریکاسی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ژمارەی چەشنەکانی دەوروبەری ٣٥ دانەیە.  یەکێک لە ئەندامانی ئەم جسنە کاڵڤەیشیا جایگانتایە کە کێشی زۆر گەورە دەبێت و رەنگە بگاتە ٢٠ کیلۆ؛ یاخود قەبارەی دەگاتە ١٢٠ سانتیمەتر.  مەردمی خۆجێیی هەندێک هەرێمی باکووری ئەمریکا لە کۆنەوە گۆشتی پزلیکی کاڵڤایشیایان بەکاردەهێنا بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی و ساڕێژکردنەوەی برین.  لویس و کڵارک کە دوو دۆزەرەوەی ئەوروپایی بوون لە باکووری ئەمریک،ا لە یادداشتەکانیان دا نووسیویانە کەوا ساکاکاویا کە کچێکی هۆزە خۆجێیەکانی باکووری ئەمریکا بوو وەک دیلمانج هاوکاریی ئەوانی دەکرد، بۆ ئەوانی باس کردووە کە نێواخنی پزلیکەکە دەخەنە سەر برین و خوێنەکەی دەوەستێنێ؛ و پاشان لاینابەن تا برینەکەی چاک دەبێتەوە.  لە سەردەمی تازەیشدا ساڵی ١٩٦٣ زانست سەلماندی کە ئەوە راستە. هەربۆیە لەو رۆژگارەوە ئیتر ماددەی ئەنتیبایۆتیکی کاڵڤیسین لەم چەشنە پزلیکە گەورەیە دەردەهێنرێت؛ و دەکرێتە دەرمانێکی کاریگەری دژەهەو و دژەلوو.



سەرچاوە


ناوەندی نەتەوەیی بۆ زانیاریی بایۆتەکنۆڵۆژی

زانست

بریتانیکا



1.8.22

کووکینا ترایکۆڵۆما


ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کاسەی تیسکداری گەرمەسێریچەشنە کوارگێکە سەر بە جسنی کووکینایەلە ناوچە گەرمەسێرییەکان لە سەر چێوی رزیو و نمناک دەڕوێترەنگی ئاڵی کەمڕەنگە و لە هەردووک دیوی دەرەوە و نێوەوەی کاسەکەدا ووردە تیسکی لەسەر دەڕوێت.   تیرەی کاسەکە لە ٥ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێتلاسکەکەیشی ئاڵی کاڵە و ووردە کوڵکی لەسەر دەڕوێت.




سەرچاوە

فەنجای ماپ

تاندف ئۆنڵاین


23.7.22

مووزەی کوارگ لە زاگرێب


یەکەمین مووزە\مۆزەخانەی کارگ لە ساڵی ٢٠١٣ لە شاری زاگرێب پایتەختی وڵاتی کرواتیا کرایەوە. ئەم مۆزەخانەیە سەرەتا تەنیا ٣٤ جۆر کارگی تێدا نمایشکرابوو بەڵام ئێستا پتر لە ١٥٠٠ جۆر کارگی تێدایە و هەرکام لەوان جۆرەکەی یان سیفەتەکەی بە کورتی نووسراوە. ئەم کوارگانە بە شێوەی "فریز درای" ووشک کراون تا رەنگ و شێوەی بنەڕەتیی خۆیان بپارێزن. لەم مووزەیەدا چات بە جۆرەها کارگی دەگمەن و ناوازە دەکەوێت کە ئەگەر لەوێ نەبێ، رەنگە تا مردنیش نەیبینیت چونکە کات و شوێن و خەسڵەتەکانی رووانیان زۆر تایبەتە. ئەم مووزەیە هەموو رۆژانی دووشەممە تا هەینی کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی تا ٤ی ئەوارە بە رووی مەردم دا کراوەیە.












22.7.22

کۆردیسێپس گەنی


 

چەشنێک کەڕووە لە خێزانی کۆردیسێپیتاسیی و لە جسنی کۆردیسێپسەکانە.  یەکەم جار لەلایەن رووەکناسی ئوسترالیایی رۆناڵد کامپبێڵ گەنەوە ناسێندراوە و ناوی لێنراوە (سفایریا گەنی) بەڵام دوواتر گوازرایەوە بۆ جسنی کۆردیسێپس.  ئەم کوارگە لە ناوچەکان ئانهوی، گوانگدۆنگ، گیجوو، هێنان، هوونان، جیانسی، سیچوان و یوونانی چین و هەروەها لە ئوسترالیا دەڕوێت.  

ئەم قارچکە لەو شوێنانە دەڕوێت کە کولانەی مارزیوەی (لێپیدۆپتێران)ە.  لە راستیدا لە سەری بێچووی مارزیوەکەدا گەشەدەکات و دەڕوێت.  مارزیوەکە کاتێک کە تووشی ئەم کەڕووە دەبێت دەچێتە قووڵایی کولانەکەیەوە.  کەڕووەکە گەشە دەکات و گەورە دەبێت و سەرەنجام لە خاک دێتە دەرەوە.

بە شێوەی بنی مێڵی سپی و مشکی لە خاک دێتە دەرەوە.  ٣٦ تا ٥٢ میلیمەتر درێژ دەبێ و پانییەکەیشی لە نێوان ٤ تا ٩ میلیمەتر دەبێ.

ئەم چەشنە کوارگە زۆر گرانە و نرخی کیلۆیەکی دەگاتە ٢٠٠٠ دۆڵار.