7.8.22

جسنی لایکۆپێردن

پسڵەی لایکۆپێردن پێریاتوم

یەکێکە لە جسنەکانی پسڵە\پزلیک کە نزیکەی ٥٠ چەشنە پزلیک دەگرێتەخۆ.  زۆربەیان قەبارەیان بچووکە و زۆر گەورە نابن.  لە خێزانی ئەگاریکاسیی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ئەم ناوە پێکهاتووە لە دوو ووشەی یونانی. لایکۆس واتە گورگ و پێردۆن واتە فس.  پێکەوە واتە فسەگورگ.  لە هۆرامی و کورمانجیش دا رێک ئەم ناوە هەیە و پێیدەڵێن تسڵە وەرگانە یا فسەگور.  لە هەندێک ناوچەی تریش بە فسە، تسڵە، پسڵە، کارگەفسە، کارگە بۆتسیلکە و تاد.. ناسراوە.  ئەندامانی ئەم جسنە وەک لە وێنەکەدا دیارن لووس نین بەڵکوو بە چینێکی زبر داپۆشراون.  لە وەرزی هاوین و پاییزدا، لەو شوێنانە دەڕوێن کە ئاردەدار یا چێو و دارە ووشکەڵەی لێیە. هەروەها لە نێو چیمەن یا لە دەوروبەری رێگا و بان دەڕوێن.  زۆربەیان دەخورێن؛ بەتایبەتی پێش پێگەیشتنیان.


شایانی باسە کە جسنی کاڵڤەیشیایش یەکێکە لە جسنەکانی پزلیک و لە خێزانی ئەگاریکاسی و سانی ئەگاریکاڵەکانە.  ژمارەی چەشنەکانی دەوروبەری ٣٥ دانەیە.  یەکێک لە ئەندامانی ئەم جسنە کاڵڤەیشیا جایگانتایە کە کێشی زۆر گەورە دەبێت و رەنگە بگاتە ٢٠ کیلۆ؛ یاخود قەبارەی دەگاتە ١٢٠ سانتیمەتر.  مەردمی خۆجێیی هەندێک هەرێمی باکووری ئەمریکا لە کۆنەوە گۆشتی پزلیکی کاڵڤایشیایان بەکاردەهێنا بۆ وەستاندنی خوێنڕێژی و ساڕێژکردنەوەی برین.  لویس و کڵارک کە دوو دۆزەرەوەی ئەوروپایی بوون لە باکووری ئەمریک،ا لە یادداشتەکانیان دا نووسیویانە کەوا ساکاکاویا کە کچێکی هۆزە خۆجێیەکانی باکووری ئەمریکا بوو وەک دیلمانج هاوکاریی ئەوانی دەکرد، بۆ ئەوانی باس کردووە کە نێواخنی پزلیکەکە دەخەنە سەر برین و خوێنەکەی دەوەستێنێ؛ و پاشان لاینابەن تا برینەکەی چاک دەبێتەوە.  لە سەردەمی تازەیشدا ساڵی ١٩٦٣ زانست سەلماندی کە ئەوە راستە. هەربۆیە لەو رۆژگارەوە ئیتر ماددەی ئەنتیبایۆتیکی کاڵڤیسین لەم چەشنە پزلیکە گەورەیە دەردەهێنرێت؛ و دەکرێتە دەرمانێکی کاریگەری دژەهەو و دژەلوو.



سەرچاوە


ناوەندی نەتەوەیی بۆ زانیاریی بایۆتەکنۆڵۆژی

زانست

بریتانیکا



1.8.22

کووکینا ترایکۆڵۆما


ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کاسەی تیسکداری گەرمەسێریچەشنە کوارگێکە سەر بە جسنی کووکینایەلە ناوچە گەرمەسێرییەکان لە سەر چێوی رزیو و نمناک دەڕوێترەنگی ئاڵی کەمڕەنگە و لە هەردووک دیوی دەرەوە و نێوەوەی کاسەکەدا ووردە تیسکی لەسەر دەڕوێت.   تیرەی کاسەکە لە ٥ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێتلاسکەکەیشی ئاڵی کاڵە و ووردە کوڵکی لەسەر دەڕوێت.




سەرچاوە

فەنجای ماپ

تاندف ئۆنڵاین


23.7.22

مووزەی کوارگ لە زاگرێب


یەکەمین مووزە\مۆزەخانەی کارگ لە ساڵی ٢٠١٣ لە شاری زاگرێب پایتەختی وڵاتی کرواتیا کرایەوە. ئەم مۆزەخانەیە سەرەتا تەنیا ٣٤ جۆر کارگی تێدا نمایشکرابوو بەڵام ئێستا پتر لە ١٥٠٠ جۆر کارگی تێدایە و هەرکام لەوان جۆرەکەی یان سیفەتەکەی بە کورتی نووسراوە. ئەم کوارگانە بە شێوەی "فریز درای" ووشک کراون تا رەنگ و شێوەی بنەڕەتیی خۆیان بپارێزن. لەم مووزەیەدا چات بە جۆرەها کارگی دەگمەن و ناوازە دەکەوێت کە ئەگەر لەوێ نەبێ، رەنگە تا مردنیش نەیبینیت چونکە کات و شوێن و خەسڵەتەکانی رووانیان زۆر تایبەتە. ئەم مووزەیە هەموو رۆژانی دووشەممە تا هەینی کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی تا ٤ی ئەوارە بە رووی مەردم دا کراوەیە.












22.7.22

کۆردیسێپس گەنی


 

چەشنێک کەڕووە لە خێزانی کۆردیسێپیتاسیی و لە جسنی کۆردیسێپسەکانە.  یەکەم جار لەلایەن رووەکناسی ئوسترالیایی رۆناڵد کامپبێڵ گەنەوە ناسێندراوە و ناوی لێنراوە (سفایریا گەنی) بەڵام دوواتر گوازرایەوە بۆ جسنی کۆردیسێپس.  ئەم کوارگە لە ناوچەکان ئانهوی، گوانگدۆنگ، گیجوو، هێنان، هوونان، جیانسی، سیچوان و یوونانی چین و هەروەها لە ئوسترالیا دەڕوێت.  

ئەم قارچکە لەو شوێنانە دەڕوێت کە کولانەی مارزیوەی (لێپیدۆپتێران)ە.  لە راستیدا لە سەری بێچووی مارزیوەکەدا گەشەدەکات و دەڕوێت.  مارزیوەکە کاتێک کە تووشی ئەم کەڕووە دەبێت دەچێتە قووڵایی کولانەکەیەوە.  کەڕووەکە گەشە دەکات و گەورە دەبێت و سەرەنجام لە خاک دێتە دەرەوە.

بە شێوەی بنی مێڵی سپی و مشکی لە خاک دێتە دەرەوە.  ٣٦ تا ٥٢ میلیمەتر درێژ دەبێ و پانییەکەیشی لە نێوان ٤ تا ٩ میلیمەتر دەبێ.

ئەم چەشنە کوارگە زۆر گرانە و نرخی کیلۆیەکی دەگاتە ٢٠٠٠ دۆڵار.



28.6.22

کەڕووەکانی جسنی پۆداکسیس


کەڕووەکانی جسنی پۆداکسیس جسنێکن لە نێوان کارگ و پسڵەدا.  نە بە تەواوی قارچکن و نە بە تەواویش پزلیکن؛ هەربۆیە پێیان دەگوترێت  کەڕووی سیکۆتیۆید.  وەک کوارگ قەد و باڵایان هەیە بەڵام شێوەی کڵاوەکەیان هێلکەییە و وەک پسڵە گۆشتنە؛ لە هەمان کاتدا شێوەی زۆر لە کارگی کۆپرینووسی نەکراوە دەچێت.  پێکهاتەکەیان لە کوارگی ئاسایی رەقترە.  ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە نزیکەی پەنجا چەشنە و بە هەموو ناوچە و مەڵبەندەکانی جیهان دا بڵاون و بە زۆری بە شێوەی تاک یا کۆمەڵ و لە شوێنی لمین، رەق  و ووشک دەڕوێن.  نزیکەی پەنجا چەشنیان لێ ناسراوە.  شیپەڕەیان نییە و لە کاتی پێگەیشتنیان دا نێوەکەیان تۆزێکی قاوەیی یا مەیلە و رەشی تێدایە.  لە ناوچە گەرمەکان کەڕووەکانی پۆداکسیس لەو شوێنانە دەڕوێن کە شارە مۆرانەن.  واتە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان مۆرانەکان و کەڕووی پۆداکسیس دا هەیە.

مەردمە رەسەن و خۆجێییەکەی ئوسترالیا ئەم جۆرە کەڕووە بۆ رەنگکردنی پرچی سپی و روخساریان بەکاردێنن.  هەروەها لە رەنگڕێژیش دا بەکاردەهێنرێت.  لەگەڵ میز یا ئامۆنیا تێکەڵ دەکرێت و رەنگی سوور یا رەشی لێ بەرهەم دەهێنرێت.  لە رووی خۆراکیشەوە ژەهراوی نین بەڵام خواردنیان نەبووەتە نەریت.


سەرچاوە:

مەشرووم ئێکسپێرت

ئوسترەیلیان فەنجای