2.5.22

زیانەکانی کارگی شیزۆفیلوم کۆمیوون

ئەم جۆرە قارچکە لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا هەیە جگە لە جەمسەری باشووری دنیا.
لە هەندێک ووڵاتی وەک ئەمریکا بە ژەهراوی ناسراوە بەڵام لە هیندوستان دەخورێت.
ئەم کوارگە لەسەر درەختی ووشک یا مردوو دەڕوێت. شێوەی لە کارگی سەدەفەوە نزیکە بەڵام بچووکە.
هەرچەند خۆی دژە کەڕووە، دژە شێرپەنجەیە و سیستمی بەرگریی لەش بەهێز دەکات، بەڵام هەڵمژینی هاگی ئەم کوارگە لەگەڵ هەناسە هەڵکێشاندا, سییەکانی مرۆڤ تووشی هەوکردن دەکات و بۆی هەیە بە هەموو لەش دا بڵاو ببێتەوە. ساڵی ٢٠١٦ ژنێکی نیوزیلەندی لە شاری وێڵنگتنی پایتەخت بە هۆی ئەم قارچکەوە گیانی لە دەستدا. مۆرین نایدوو کە تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، دایکی سێ منداڵ بوو ماوەی ١٢ ساڵ لەگەڵ ئەم قارچکە بەربەرەکانێی کرد؛ سەرەنجام ساڵی ٢٠١٦ بە هۆی ئەوەی بڵاو ببوویەوە بۆ مێشک و دڵی و هەموو لەشی داگیرکردبوو، کۆتایی بە ژیانی هات.


21.4.22

مایکۆڤایرەس یا کەڕوونیتگ


مایکۆ ووشەیەکی یونانییە و واتای کەڕوو دەگەیەنێت.  ڤایرەسیش ووشەیەکی لاتینە بە واتای تەنێکی زۆر زۆر وورد بچووک. هەروەها بە مایکۆفەیجس یش ناسراوە.  بەم جۆرە نیتگ (ڤایرەس)انە دەگوترێت کە تووشی کەڕوو دێن.    زۆربەی مایکۆڤایرەسەکان جینۆم و گەردیلەگەلی یەکسانی ئار ئێن ئەی (dsRNA )یان هەیە، بەڵام نزیکەی لەسەدا سیی ئەوان جینۆمگەلی( +ssRNA)یان هەیە.  شایانی باسە کە ساڵی ١٩٧١ ڤایرەسزان دەیڤید باڵتیمۆر ڤایرەسەکانی لەسەر بنەمای ئاکاریان دابەش کرد بە سەر هەفت دەستەدا کە ئەمانەن:

Group I: double-stranded DNA viruses

Group II: single-stranded DNA viruses

Group III: double-stranded RNA viruses

Group IV: positive sense single-stranded RNA viruses

Group V: negative sense single-stranded RNA viruses

Group VI: single-stranded RNA viruses with a DNA intermediate in their life cycle

Group VII: double-stranded DNA viruses with an RNA intermediate in their life cycle


مایکۆڤایرەسەکان دەتوانن لە تەنێکەوە بۆ تەنێکی تر بگوازنەوە تا کەڕوویەکی تەندروست تووش بکەن.

بۆ یەکەم جار لە درەنگانی ساڵی ١٩٤٠ کاریگەرییەکانی مایکۆڤایرەس لەسەر کارگی ئەگاریکوس بیسپۆروس تۆمارکراو و ئەوسا پێی دەگوترا دەردە فرانسەهۆڵینگس م. سێ جۆرە ڤایرەسی جیاوازی لە هاگداندارە نائاساییەکاندا دۆزییەوەئەمە لە کۆتاییدا بوو بە سەرەتایەک بۆ زانستی مایکۆڤایرۆڵۆجی یا کەڕوونیتگزانی.



16.4.22

قـــــــــــــە و ز ە

بە زیندەوەرێک دەگوترێ کە جۆرێک گیایە بەڵام هەموو تایبەتمەندییەکانی گیای تێدا نییە. بۆ وێنە گەڵای نییە، گوڵی نییە، تۆوی نییە و قەد و ریشەی گیائاسای نییە. هەندێک لە قەوزەکان بە راددەیەک لە گیاکان دوور کەوتوونەتەوە کە لە ریزی کەڕوو هەژمار دەکرێن. بەشێک لە قەوزەکان ئاوەژین و بەشێکیشیان لەسەر بەرد، درەخت یا خاک دەژیێن.

لێرەدا مەبەستی سەرەکی ووردبوونەوەیە لە رەگ و ریشەی ووشەی قەوزە نەک باس لە ژیان و خەسڵەت و سیفەتەکانی.
لە کوردی دا کۆمەڵێک ناوی جیاوازمان بۆ ئەم جۆرە زیندەوەرە هەیە کە من تەنیا بەشێکیانم بۆ ساغ بووەتەوە کە ئەمانەن: قەوزە، خەوزە، خەزە، خەز، کەز، کەزیکانی، کەزیجۆگە، کەژاو، خوریجندە، خوریجۆگە، کەڤزە، کەڤژە، جلە، جلەک، جلەشینە، ریپۆق، گووبۆق، گووقڕواق، گوو وەزەغ، خەنەتیلکە، کڕێژەبەرد، گوڵسەنگ، گوڵبەرد، گڵەوەز، تۆژکەبەرد، ئۆشنە، ئەشەن..
لە زوانی فارسی دا خەزە و جۆلبەک و گولسەنگ هەیە کە بێگومان هاوڕیشەن لەگەڵ کوردییەکاندا. هاوکات ووشەی خەز لە هەردوو زمانی کوردی و فارسی دا واتای (فروە)یش دەدات واتە پێستێک خۆشکراوە و خورییەکەی پێوە ماوەتەوە و وەک پۆشاک سوودی لێوەردەگیرێت. دیارە روواڵەتی هەرکام لە (فروە) و قەوزەیش لێکچوونی زۆریان هەیە. بۆیە دەکرێ هەردووکیان یەک ووشە بن و ریشەی جیاوازیان نەبێ.
ئەم ووشەی (خەز)ە چووەتە نێو زمانی عەرەبییەوە و وەک هەزاران ووشەی زمانی عیبری و زمانەکای تر دەنگی (خ)ەکەیان گۆڕیوە بۆ (ح)؛ بەم جۆرە بووە بە (حەز). لەمەیشەوە ووشەی (حەزاز)یان دروسکردووە. بە واتای ئەو رووەکانە لە (حەز) دەچن و سەر بەم خێزانەن. نووسەر و وەرگێڕەکانی کورد لە باشوور ووشەی (حەزاز)یان وەک خۆی هێناوەتە نێو زمانی کوردییەوە و لە زیندەزانی \بایۆلۆژی دا بە واتای خێزانی کەزەکان یا قەوزەکان بەکاری دەهێنن.

10.4.22

زمانی کەڕووەکان لە چالاکیی نەقیزە کارەباییەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێ

ئەم قارچکە لە هەموو چەشنەکانی دی پتر چالاکییە
 ئاڵۆزە کارەبایییەکان بەرهەم دێنێت


لە بابەتێکدا کە لە ماڵپەڕی (رۆیاڵ سۆسایەتی پەبڵیشینگ)دا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە قارچک و کەڕووەکان لە رێگەی ووزەیەکەوە کە هەیانە لە شێوەی وزەی دەماری دەتوانن پێکەوە گفتوگۆ بکەن.  لەم بارەیەوە لە رێگەی بەکارهێنانی ئەلەکترۆدگەلی کارەباییەوە سەلمێندراوە کە پەنجا ئاماژە کە دەکرێ وەک ووشە ناویان ببردرێت بەکاردەهێنن بۆ  گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتریدا.

شیکارییە بیرکارییەکانی ئاماژە کارەباییەکانی کوارگەکان وەک ئەوەیە کە پەیامگەلێک بۆ یەکتری دەنێرن لە شێوەی ئاخاوتنی مرۆڤە.  توێژینەوەکانی پێشووتر باسیان لەوە دەکرد کە کەڕووەکان لە رێگەی رایەڵەگەلێکی درێژ و باریکی ژێر زەوییەوە ترپەگەلێک  دروست دەکەن لە شێوەی ئەوە دەمارانەی مرۆڤە کە زانیارییەکان دەگوازنەوە.


تەنانەت ئەوەیش نیشان دراوە کە رێژەی ترپەکانی رایەڵکەکانی بەرەو ژوور دەچێ کاتێک کە ریسووی  کەڕووە چێو هەرسکەرەکان لەگەڵ کڵۆیەک چێو بەریەک دەکەون.  وەک ئەوەیە کەدەنگیان بەرز بکەنەوە تا زانیارییەکانیان سەبارەت بە برینداربوون و خۆراک بگەیەنن بەشە دوورەکانی خۆیان یا بە درەختە هاوژینەکانیان بگەیەنن.

ئەلیکترۆدەکان بەم شێوەیە زانیارییەکانیان لە کەڕووەکان وەرگرتووە


تاقیکردنەوە و پشکنینی چەند کوارگێک کراوە و ئاکامی هەموویان کۆکراوەتەوە و ئەوەی لێ هەڵگۆزراوە کە ئاماژەمان بۆ کرد.  لەم بارەیەوە پرۆفیسۆر ئەندروو ئاداماتزکی لە زانکۆی رۆژاوای ئینگلیستان دەڵێت:  ئێمە نازانی کە پەیوەندیی راستەخۆ لە نێوان پاترنە نەقیزەییەکانی کەڕوو و مرۆڤدا هەیە.  رەنگە نەبێت، بەڵام لێکچوونی زۆریان هەیە لە پێواژۆتنی زانیارییەکانیاندا لە ژمارەیەک لە کوارگەکاندا.  من تەنیا وەک سەرەسۆدرەیەک بەراوردم لە نێوانیاندا کرد.


سەرچاوە

دە گاردیەن

رۆیاڵ سۆسایەتی پەبڵیشینگ

ساینس ئەلێرت

9.4.22

قارچکەکانی جسنی تایرۆمایسیس

یەکێکە لە جسنەکانی فرەسووەکان لە خێزانی پۆڵیپۆراسییساڵی ١٨٨١ لەلایەن کەڕووزان پیتەر کارستینەوە ناسێندراوەگۆنمیناکی ئەم جسنە تایرۆمایسیس چایۆنیووسە کە لە زۆربەی ناوچە و مەڵبەندەکانی جیهان دەڕوێت و ناوە گشتییەکەی بریتییە لە سەلکە پەنیری سپیناوەکەی لە دوو واژەی یونانی پێکهاتووە (تیرۆش) واتە پەنیر و (میشیس) واتە کەڕوو.

تەنمیوەی ئەم چەشنە قارچکانە تەمەنیان کورتە و زۆربەیان رەنگیان سپییە بەڵام لەگەڵ چوونە سەری تەمەنیان و ووشک بوونیان دا رەنگیان دەگۆڕێت بۆ تاریکتررەنگی بەشی سووەکانی، واتە بنەوەی سپی یا قەیماغییە و هەندێک جار سەوزباوەهەروەک  کڵاوەکەی، بەشە سوودارەکەیشی لەگەڵ ووشک بوونیدا رەنگی تاریکتر دەبێتئەم جسنە ١١٩ چەشن لە خۆی دەگرێت و هەموویان لەسەر درەخت دەڕوێن و دایدەڕزێنن. 

ئەم قارچکەی لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت بە ئەگەری زۆر یەکێکە لە چەشنەکانی جسنی تایرۆمایسیس کە کاک محەممەد مستەفا لە گەڵاڵەی باڵەکایەتی ڤیدیۆی گرتووە و بۆ ئێمەی ناردووە.