12.12.20

ماڵەوە


ئه‌مڕۆ ١٠ی جانیوه‌ری ٢٠١٩ ئه‌م بڵاگه‌ كرایه‌وه‌ بۆ خزمه‌ت به‌ بوواری كه‌ڕووزانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌م بواره‌دا به‌ زمانی شیرینی كوردی.  هەمووان ئاگادارن کە نە گۆڤارێک، نە ماڵپەڕێکی کوردی، نە لە کوردستان و نە لەهەندەران نییە کە تەرخان کرابێت بۆ کەڕووزانی و بایەخدان بە کوارگ و دۆمەڵان و پزلیک؛ کە لەم سەردەمەدا رۆژ بە رۆژ گرنگییەکەیان پتر دەردەکەوێت.  هێشتا لە کوردستان رێکخراوێک یا کۆمەڵەیەکی کەڕووزانی یا کوارگەوانی نییە؛ و هیچ سەرچاوەیەکی زانستیی کەڕووزانیشمان بە زمانی کورد نییە، تا خوێندکاران بۆ درێژەدانی وانەکانیان سوودی لێوەربگرن.  هێشتا هیچکەس نازانێت لە کوردستان چەند جۆرە قارچکمان هەیە و کامیان خواردەنییە و کامیان دەرمانی یا ژەهراویییە.  هێشتا کوارگەوانانی کوردستان خاک و تۆوی کارگ لە ئێران و تورکیا و ئێراقەوە دەهێنن بۆ کوردستان تا قارچکی تێدا بڕوێنن. هەر بۆیە گرنگیی هەبوونی سەرچاوەی زانیاریی کەڕووزانی و هەروەها ناوەند و کۆمەڵەی توێژینەوە و وانستی کەڕووزانی لە کوردستان زۆر گرنگە و دەبێ کاری بۆ بکرێت و ئارەزوومەندانی بووارەکە لە دەوری یەکتری کۆببنەوە.  تا ئەو رۆژە دێت، ئێمە درێژە بە کارکردن لەسەر ئەم ماڵپەڕە دەدەین و ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین.

پێشتر له‌ (گووگڵ سایت) ماڵپه‌ڕێكمان هه‌بوو كه‌ به‌هۆی به‌ڕۆژبوونه‌وه‌ی گووگڵ سایته‌وه‌ چۆنایه‌تییه‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌؛ به‌ڵام تێده‌كۆشین هه‌موو بابه‌ته‌كانی ئه‌وێ به‌ره‌ به‌ره‌ بۆ ئێره‌ راگوێزین‌ و بەردەوامیش ئەم بڵاگە تازە بکەینەوە بە بابەتگەلی نوێ و سوودمەند و سەداسەد جێی متمانە. هەمیشە هەوڵدەدەین سەرچاوەی بابەتەکانمان لە خوارەوەی لاپەڕەکە دابنێین، تا خوێنەر لە راستیی بابەتەکە دڵنیا بێت؛ و ئەگەریش خۆی ئارەزووی بوو، لە رێگەی سەرچاوەکەوە زیاتر بە دوای بابەتەکەدا بچێت.  هەر لە سەرەتای کردنەوەی ئەم بڵاگەوە بڕیارمان دا لە بردنە سەری ئاستی بایەخ و ئیعتیبارەکەیدا هەموو هەوڵێک بدەین و کەمتەرخەمی نەکەین.  هەر بۆیە بۆ ئەوەی بڵاگەکەمان وەک هەموو سەرچاوە بایەخدارەکان بایەخی ئەکادێمیکی هەبێت، هەموو هەوڵ و کۆششی خۆمان دەخەینە کار تا پاشکۆی ئەکادێمی بۆ بەدەست بهێنین.

بەرۆژکرانەوە: ١٣\١\٢٠٢٠
بەخۆشییەوە ئەمڕۆ رایدەگەیەنین کە دوای ساڵێک لە کرانەوەی ئەم بڵاگە، توانیمان پاشکۆی ئەکادێمی بۆ مایکۆڵۆجیا کوردستانیکا تۆمار بکەین؛ و لەمەوبەدوا لەم ناونیشانەی خوارەوە بابەتەکانمان بڵاودەبنەوە.
شایانی باسە کە هێشتا لە تۆڕی فەیسبوک لاپەڕەی کارگی کەما و لاپەڕەی کۆمەڵگەی کوارگەوانانی کوردستان مان چالاکن و بەردەوام بەڕۆژدەکرێنەوە.

https://mycologiakurdistanica.academy

9.12.20

کەڕوویەک کە مێشکی زیکزیکە دەخاتە ژێر رکێفەوە



ئەم وێنەیەی کە دەیبینن وێنەی زیکزیکەیەکی ئاساییە. وەک دیارە لە دووایەوە پارچەیەکی سپیی پێوەنووساوە کە لەراستیدا کەڕووە. ئەم کەرووە ناسراوە بە ماسۆسپۆرا سیکادینا. کەڕوویەکی ئاوەزگەردان (سایکدڵیک)ە و ماددەیەکی کیمیایی تێدایە وەک ئەوەی لە کارگی جادوویی یا وەهمزادا هەیە. ئەم کەڕووە لە کۆئەندامی زاوزێی زیکزیکەی نێرینەدا گەشە دەکات و بە نێو زگ و کۆمیدا بڵاو دەبێتەوە.

هەرچەندە سێ یەکی لەشی مێرووەکە داگیردەکات بەڵام مێرووەکە نامرێت. زۆر جار مێرووەکە هەموو لەشی لەدەسدەدات و تەنیا سەری لەگەڵ چوار قاچی دەمێنێتەوە بەڵام هێشتا لە جووڵە و رۆیشتن بەردەوام دەبێت. رێک وەک ئەو فیلمە زۆمبییانە کە لە هۆڵی وود دروستدەکرەن کە مرۆڤی مردوو زیندوو دەبنەوە و پەلاماری مرۆڤە ئاساییەکان دەدەن، دەیانخۆن و دەیانکوژن.. ئەو ماددە وەهمزایەی کە لە کەڕووەکەدا هەیە کاردەکاتە سەر مێشکی مێڕووەکە و رکێفی مێشکی دەکەوێتە دەست کەڕووەکەوە. هەربۆیە بەشێوازی زیکزیکەی مێینە باڵەکانی لێکدەدات تا سەرنجی هاوچەشنە نێرینەکانی رابکێشێت. لەم کاتەدا زیکزیکە نێرەکانی تر بەشێوەی باڵ لێکدانەکانی وادەزانن ئەوە مێینەیە؛ هەربۆیە بۆ لای دەچن تا لەگەڵی جووتببن. لە کاتی لێکنزیکبوونەوەیاندا هاگ(سپۆر)ی کەڕووەکە دەگوازرێتەوە بۆ زیکزیکە ساغەکان و ئەوانیش تووش دەبن.

لە راستیدا لەم رەوشەدا زیکزیکەکە وەک مردوویەک وایە کە زیندوو بوبێتەوە و مێشکی توانستی بیرکرنەوەی لە دەست دابێت؛ هەربۆیە پێیدەڵێن زۆمبی. کەڕووەکە بەردەوام گەورە دەبێت تا سەرەنجام زیکزیکەکە دەکوژێت.  ئەم ڤیدیۆیەکی خوارەوە دیمەنی سەرنجڕاکێش و زانینبەخشی تێدایە.













8.12.20

گرنگی و بایەخی کەڕوو



کەڕوو لەو زیندەوارانەیە کە لە سەرەتای ئافران و پەیدابوونەوە بناخەی ژیانیان لەسەر گردەزەوی داڕشتووە.
کەڕووەکان نە ئاژەڵن و نە گیا؛ بەڵام زیندەوەرن. هەندێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لە رووەک نزیکە و هەندێکیش لە ئاژەڵ. کەڕووەکان وەک ئاژەڵەکان لەکاتی هەناسە هەڵکێشاندا ئۆکسجین هەڵدەمژن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێدەدەنە دەرەوە. هەندێکیان نێرەوەز و مێیەوەزیان هەیە و بەمشێوەیە زاوزێ دەکەن. بەڵام هەندێکیان بەشێوەی ناتوخمەزا زیاد دەبن واتە نێر و مێیان نییە. زۆر جۆر و چەشنی جیاوازی کەڕوو هەن کە دەتوانن خۆراکی خۆیان لە ژەهر دابین بکەن. جاران دەگوترا کە گەردیلەی باغە(پلاستیک) و دڵق (نایلۆن) و جیر (لاستیک) هەزار ساڵ دەخایەنێت تا لەژێر خاکدا شیدەبێتەوە و دەبێتە خاک؛ بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا لە چەند وڵاتی جیاواز کەڕووی وا دۆزرایەوە کە توانای هەیە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئەم ماددە دژە ژینگە و ئالوودەکەرانە دابڕزێنێت و لەناویان ببات.
چەند جارێک کە گەمیە نەوتبەرەکانی وڵاتان لە دەریا و ئۆقیانووسەکاندا کون بوون و ئاوی دەریایان ئالوودە کردووە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی زیندەوەرانی دەریایی، کەڕوو فریا کەوتووە و ژینگەی ئۆقیانووسەکان و ژیانی زیندەوەرانی لە مەرگ و لەناوچوون خوتار کردووە. هەروەک ئاشکرایە جیا لەوە کە باشترین خۆراکی مرۆڤە، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە کەڕووەکان وەک دەرمان و تەواویەر (سەپڵەمێنت) بۆ جۆرەها نەخۆشی بەکاردەهێنرێن و تا ئێستا زیندەکوژ (ئەنتیبایۆتیک) ێک دروستنەکراوە باشتر و کاریگەرتر بێت لە کەڕوو.

تازەترین بابەتەکان سەبارەت بە کەڕوو باس لەمە دەکەن کە کەڕووەکان دەتوانن خۆراکی خۆیان لە تیشکدانەوە ناووکی و گەردوونییەکانیش دابین بکەن. واتە دەکرێ لە دەرەوەی کەسکەماڵ(گرینهاوس)ی زەوی، واتە لەسەر هەسارەکانی تریش بژیێن و گەشەبکەن و زاوزێ بکەن و زیاد ببن. 



7.12.20

کەڕووی چێرنۆبیل دەتوانێت ئەستێرەوانان لە تیشکدانەوە گەردوونییەکان بپارێزێت


لە تازەترین وانستەدا تاقیکراوەتەوە کە وا تا چ ئاستێک چەشنەکانی کەڕووی کڵاودۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمم تیشکە گەردوونییەکانی ئاستەنگ کردووە لەسەر وێستگەی نێونەتەوەیی کەیهانی.

تیشکدانەوەی گەردوونی گەورەترین مەترسیە بۆ سەر ژیان و سڵامەتیی ئەستێرەوانان لە ماوەی ئەرکە درێژماوەکانیاندا؛ هەربۆیە لەمێژە هەوڵ دەدرێت چارەیەک بۆ ئەم گرفتە بدۆزرێتەوە.

کەڕووی کڵاودۆسپۆریەم سفایرۆسپێرمم بەوە ناسراوە کە کاتێک تیشکدانەوەیەکی باڵای بەردەکەوێت گەشە دەکات و ئەم پێواژۆیەیش پێیدەگوترێت تیشکەپێکهاتن (رەیدیۆسێنتێسیس).  ئەم چەشنە کەڕووە تیشکەکان هەڵدەمژێت و دەیانگۆڕێت بۆ ماددەی کیمیایی و دەیانخوات.  

ئەنجامی ئەمەیش دەبێتە گەشەکردن و گەورەبوونی کەڕووەکەبۆ وێنە تیشکی گاما بە ئاسانی لەلایەن ئەم کەڕووەوە دەگۆڕدرێت  بۆ خۆراک.  

شایانی باسە کە لە رووەکەکاندا کردارێک هەیە کە ناسراوە بە کرداری رۆشنەپێکهاتن (فۆتۆسێنتێسیس)کە رووەک تیشکی رووناکیی خۆر وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ خۆراکبەڵام ئەوەی ئەم چەشنە کەڕووە دەیکات کرداری تیشکەپێکهاتنە واتە تیشکە گەردوونییەکان دەگۆڕێت بۆ خۆراک و ووزە.

لە کۆتاییدا دەرەنجامی وانستەکە پێشنیار دەکات کە چینێکی تەنک لەم چەشنە کەڕووە دەتوانێت وەک مەرتاڵێک کاریگەر بێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیشکدانەوە گەردوونییەکاندا بۆ ئەستێرەوانەکان.


سەرچاوە:

فیزیکس 

نیو ساینتیست

فۆکس نیوز

31.5.20

بزانە دۆمەڵان چیە و بۆچی باشە؟

ناوی زانستی : Terefezia 
ئاری عومەر

دۆمەڵان له‌جیهانی زینده‌وه‌ردا به‌ كه‌ڕوو داده‌نرێت ، له‌ ناوچه‌ بیابان و ده‌شت و بانه‌ لماویه‌كان زۆره‌ ، زیاتر له‌ ٣٠ جۆری هه‌یه‌ ، له‌ ژێر زه‌وی گه‌شه‌ده‌كات وه‌كوو په‌تاته‌ گرۆییه‌ ، هه‌یانه‌ رووكاری لووسه‌ هه‌شه‌ گڕنی گڕنیه‌ ، ره‌نگی له‌ نێوان بۆر و قاوه‌یی دایه‌ جار هه‌یه‌ قاوه‌ییه‌كه‌ی تۆخه‌ ، ب
رووسكه‌ی پایزی زۆر گرنگه‌ بۆ دۆمەڵان ، له‌دوای باران بارینی به‌هار په‌یدا ده‌بیت ، له‌ شوێنی خۆی زه‌ویه‌كه‌ شه‌ق ده‌كات له‌ قولی ٥-١٥ سم ده‌توانیت بیدۆزیته‌وه‌ ، له‌ بیابان زیاتر له‌ ده‌وری رووه‌كێك سەوز ده‌بێت عه‌ره‌ب پێی ده‌لێن الرقروق وابزانم لای ئێمه‌ پێی ده‌لێن قاپه‌شینكه‌ ، له‌ده‌وری هه‌ر رووه‌كێك له‌نێوان ١٠-٢٠ دانە ده‌روێن ، كه‌لاوانه‌یه‌ قه‌باره‌یان له‌ نێوان ده‌نكه‌ زه‌یتونه‌ك هه‌تا پرته‌قالێكی لێ‌ بیت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆنی دۆمەڵان خۆشه‌ بۆیه‌ مێروو و به‌تایبه‌تی باله‌فره‌كان به‌ده‌وری دا ده‌فرن ، مانای وایه‌ نیشانه‌ی بوونی دۆمەڵانە ،

دۆمەڵان به‌سرووشتی سەوز ده‌بێت ، زۆر به‌سووده‌ بۆ مرۆڤ له‌به‌رئه‌وه‌ی ٪٩ پێكهاته‌كه‌ی پرۆتینه‌ و ٪١٣ كاربۆهیدراته‌و ٪١ چه‌وریه‌ و ئه‌وانی تری كالسیۆم و پۆتاسیۆم و فسفۆرو سۆدیۆمه‌ و له‌گه‌ل بوونی ڤیتامینی ب١+٢ تێدایه‌ بۆیه‌ خەلك خاوێنی ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ ناو رۆن ده‌یكۆلێنن ، یاخود وه‌ك و گۆشت له‌سه‌ر برنج داده‌نرێت یان سوورده‌كرێته‌وه‌ له‌ ناو رۆن ، بۆ زۆر نه‌خۆشی به‌كاردێت به‌تایبه‌تی ئاوه‌كه‌ی له‌ ناو چاو ده‌كرێت بۆ تراخۆما ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ل خواردنی دۆمەڵان باش نیه‌ ئاوی سارد بخۆی چونكه‌ زیان به‌ گه‌ده‌ ده‌گه‌یه‌نێت ، ده‌شلێن ئه‌گه‌ر كه‌سێك دۆمەڵانی خواردبیت و له‌و كاته‌ مار یان دووپشك پێی وه‌بدات له‌وانه‌یه‌ بمرێ

https://www.facebook.com/Arikurdsat/


Ari Omar

تێبینی:  ناوەرۆکی ئەم بابەتە لەلایەن مایکۆڵۆجیا کوردستانیکاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە