20.7.19

کارگ لەسەر مارس/ مەریخ



کۆمەڵێک وێنە کە لەلایەن ناساوە بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن کە لەسەر هەسارەی مارس کارگ/قارچک روواوە. مارسگەڕی کیۆریۆسیتی ١٥ وێنەی گرتووە کە نیشانیداوە لە ماوەی ٣ رۆژدا کۆمەڵێک قەوزە، کڕێژەبەرد و کارگ روواون. 
رووانی ئەم جۆرە رووەکانە دەیسەلمێنێت کە ژیان لەسەر هەسارەی مارس/مەریخ هەیە. لە هەمان کاتدا هەندێک لە زانایان گوتوویانە تۆوی ئەم رووەکانە لەگەڵ ئەو دەزگا و ئامێرانەدا لە زەوییەوە گواستراونەتەوە بۆ سەر مەریخ و ئەوێیان ئالوودە کردووە.





سەرچاوە:

کارگی مەرجان یا شیلان



کارگی مەرجان (ئارتۆمایسس)
ئەم قارچکانە بە زۆری لە نێو گەڵا و ووردە دار و دەوەنی رزیو دەڕوێن.  هەروەها لەو شوێنانە کە قەوزە و ووردەگیای زۆرە، دەڕوێن و هەندێک جاریش لەسەر درەختی ڕزیو و هەندێک جۆر دەوەن دەڕوێن.  واتە ئەم جسنە جۆری جیاوازی هەیە و هەرکامەیان لە شوێنێکی جیاواز دەڕوێت.  ئەم کوارگانە لە پۆلێنی زانستیدا لەژێر ناوی جسنی ئارتۆمایسس پۆلێنکراون و ژمارەیەک چەشن و گۆنی جیاوازی هەیە؛ و هەروەها چەند رەنگێکی جیا جیای هەیە.  بەهۆی ئەوە کە شێوەکەی لە شێوەی مەرجان\شیلانی نێو دەریا دەچێت، ئەم ناوەی لێنراوە.

ئەمانە خۆراکین، هەرچەندە هەندێک جار لە بڕێ کەس دا دەبێتە هۆی باکردن و ژانەزگ بەڵام باش کوڵاندنی لە کاتی لێناندا گرنگە بۆ لەناوبردنی هەر جۆرە ژەهرێک.  بە تازەیی تامی بیبەر دەدەن؛ بەڵام دوای کوڵاندن تامەکەی نامێنێت. دەنگۆ هەیە کە ئەمە لە کوردستان رووابێت بەڵام هێشتا بەڵگەیەکی پشتڕاستکەرەوە لە دەستدا نییە.  هیوادارین هەر کەسێک ئەم جۆرە کوارگە لە هەر ناوچەیەکی کوردستان ببینێت وێنە یا ڤیدیۆی بگرێت و بۆمانی بنێرێت.

کوارگی شیلان چەند رەنگی جیاوازی هەیە کە لێرەدا چەند دانەیەکیان دەخەینە بەرچاو













سەرنج: ئەم بابەتە چەند ساڵێک لەمەوبەر نووسراوە؛ کە هێشتا وێنەکەیمان لە ناوچەی
قەرەداغەوە پێ نەگەیشتبوو.  لە بابەتێکی تردا وێنە و ڤیدیۆی چەشنێک لەم کوارگەمان
داناوە و باسمان کردووە کە کاک محەممەد بەهادین لە ناوچەی قەرەداغەوە بۆمانی نارد.


شارێکی ئەمریکا دەنگ دەدات بۆ لابردنی قەدەغەی سەر کارگی جادوویی

لە دەیەی ١٩٦٠ حکومەتی فیدراڵی ئەمریکا کوارگی جادوویی خستە ریزی ماددە هۆشبەرەکان و هەبوون و بەکارهێنانی ئەم جۆرە قارچکەی قەدەغە کرد. ساڵی ٢٠١٨ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گشتپرسییەک ئەنجامدرا بۆ لابردنی قەدەغەی سەر ئەم جۆرە کوارگە بەڵام گشپرسییەکە سەرکەوتوو نەبوو.
ئێستایش لە شاری دینڤەر لە ئەمریکا ئینسیاتیڤێک پێکهێنراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک لەم شارەدا بە مەبەستی لابردنی قەدەغەی سەر کارگی جادوویی. ئێستا ئەوان ٨٠٠٠ واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن رۆژی سێشەممە بە فەرمی پێواژۆی دەنگدان جێبەجێ بکەن. هەلسوڕاوانی ئەم ئینسیاتیڤە دەڵێن مەبەستی سەرەکییان بریتییە لە ئازادکردنی ئەو هەموو خەڵکە کە بە تاوانی هەبوون و بەکارهێنانی کوارگی جادوویی لە بەندیخانەکان دان.  ئەوان تاوانیان نەکردووە، بەڵکوو زۆربەیان بۆ چارەسەری نەخۆشیی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ئەمانە بەکاریان هێناوە.  لایەنگرانی بەکارهێنانی ئەم کوارگە دەڵێن کارگی جادوویی بەردەوام بەکارناهێنرێت، بەڵکوو جارێک بەکارهێنان بەسە بۆ ماوەیەکی درێژ؛ و کاریگەرییەکەی لە سەر مێشک دەمێنێت.
لەم ساڵانەی دواییدا بڕێک توێژینەوە لەسەر قارچکی جادوویی ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە کە دەکرێ لە بوواری پزیشکیدا سوودمەند بێت؛ بۆ نموونە نەخۆشەکانی شێرپەنجە کاتێ بەکاری دەھینن نەخۆشیەکەیان لەبیردەکەن و تەمەنیان درێژتر دەبێت.


جۆرێک کەڕوو لە ئەمریکا هەیە کە میلیۆنان شەمشەمەکوێرەی کوشتووە

la-1561750804-3k5dcigvo0-snap-image

ئەم کەڕووە کە پێشتر لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا میلیۆنان شەمشەمە کوێرەی کوشت و ئەشکەوتەکانی پڕ کرد لە لاشەی مردووی شەمشەمەکوێرەکان، ئێستا گەیشتووەتە باکووری کالیفۆرنیا و لە چەند تاقیکارییەکدا دەرکەوتووە کە شەمشەمەکوێرەکانی ئەوێ تووشی ئەم کەڕووە هاتوون.  شەمشەمەکوێرەکان کە تووشی ئەم کەڕووە دێن و دەمرن دەوروبەری دەمیان سپی دەبێت و کەڕووەکە پێست و باڵیان دەخوات؛ بۆیە نەخۆشییەکە ناوی لێنراوە سیندرۆمی دەم سپی.


ئەم کەڕووە حەزی لە هەوای ساردە و لە پلەی گەرمای ٤-٢٠ی سەدیدا گەشەدەکات و گەشەکردنەکەیشی زۆر هێواشە.  لە توانایدایە چەندین جۆر چزێنە(ئەنزایم)ی جیاواز دەربدات.   ماوەی دە ساڵێک لەمەوبەر لە نەکاو لە باکووری رۆژهەڵات  پەیدا بوو و وردە وردە بەرەو رۆژاوا پەلی هاویشت. هەندێک جۆری شەمشەمەکوێرەی ناوچەکانی بە تەواوی لەناوبرد. گوایە لە بنەڕەتدا ئەم کەڕووە لە ئەوروپاوە گەیشتووەتە ئەمریکا. هەر ئێستا لە بریتانیا، بەلژیک، چیکۆسڵۆڤاکیا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و تەنانەت تورکیایش هەیە.  هەرچەندە ئەم کەڕووە بە زۆری یەک لە جۆرەکانی شەمشەمە کوێرەی ئەمریکای لەناوبرد بەڵام زانیانی ژیانزانی دەڵێن مەترسیی بۆ سەر ژیانی هەموو ٤٥ جۆرەکای شەمشەمەکوێرەی ئەمریکا هەیە. 


کەڕووەکە ناوی لێنراوە سیودۆجیمنواسکوس دیستروکانس    Pseudogymnoascus destructans ، کە پێشتر بە جیۆمایسیس دیسترەکتانس ناسرابوو. شایانی باسە کە ئەم جسنە کەڕووەانە پێیان دەگوترێت جسنی سەرماشەیداکان و دەتوانن لە پلەی نەّان ١٠ی سەدیدا تا پلەی ٢٠ی ژێر سفردا دەڕوێن و گەشە دەکەن. زانایان دەکۆشن کە چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزنەوە، چونکە شەمشەمەکوێرە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ژیانی مرۆڤ و ژینگەدا.  هەرچەندە کەڕووەکە بە بەرکەوتنی راستەخۆ دەگوازرێتەوە بەڵام بۆ ماوەیەکی دوور و درێژیش لە ئەشکەوتەکاندا دەمێنێتەوە و سپۆرەکانی لە ڕێگای بەرکەوتن بە لەش یا جل و بەرگی مرۆڤەوە دەکرێت بگوازرێنەوە بۆ شوێنی تر.  


 سەرچاوە


برشی ئاسپەرگیلوس تیووبنجینیسس


ئاسپەرگیلووس یەکێکە لە جسنەکانی کەڕوو کە سەدان جۆر برش لە خۆی دەگرێت.  ساڵی ١٧٢٩ بۆ یەکەمجار عابید و زیندەزانی ئیتاڵیایی پییەر ئانتۆنیۆ میچلی( Pier Antonio Micheli) ئەم برشەی بە گەردبین سەیرکرد و خستییە ریزبەندییەوە.  لە ناوبردنی ئەم برشە لە ماڵدا بە پاککردنەوە بە ئەڵکهۆڵ یا بە رادانی هەوا لە ژووردا مسۆگەر دەبێت.  ئەم برشە زۆرتر لە سەر ماددە خۆراکییەکان دەڕوێت.  لە دانەوێڵەکانەوە بگرە تا گوێز و بادام و وشکەبارەکانی تر. رەنگی رەشە و کوشندە و ژەهراوییە؛ لەوانەیە زۆر کەس لەسەر نانی کۆن کەڕووی رەشی دیتبێت، کە لە راستیدا ئەم ئاسپەرگیلووسەیە لێردەا باسی لێوەکرا و جۆرەکەی بریتییە لە ئاسپەرگیلووس نایگەر.


بەڵام ئەم کەڕووەی کە لەم ڤیدیۆیەدا باسی دەکرێت جۆرێک کەڕووە لە جسنی ئاسپەرگیلووس و جۆری تیووبینجینیسس کە ساڵی ٢٠١٧ لە دوای ئەزموون و تاقیکاری لە پاکستان، دەرکەوتووە کە توانستی داڕزاندن و لەناوبردنی پلاستیکی هەیە.  ئەم کەڕووە بەرهەڵستییەکی زۆری هەیە لە بەرامبەر تیشکی ژوور وەنەوشیدا و بەرگەی گەرمای ٣٠ تا ٣٧ی سەدی دەگرێت.  توانای بەرهەمهێنانی ژەهری مایکۆتۆکسین و ئۆکراتۆکسینی هەیە.  حەزی لە ژینگەی گەرمە و لە زۆر وڵاتی وەک کرواتیا و هۆڵەند هەیە و بەشێوەی ئاسایی لە باکووری کورستان لە ماڵاندا هەیە.