26.1.22

کارگی ئەمانیتا پرۆکزیما

  ژەهراوی 

کاتی ڕووانی بریتییە لە سەرەتا تا کۆتایی پاییز.  تیرەی کڵاوەکەی ٧٥ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت.  گۆشتنە و سەرەتا هێلکەییە بەڵام دوواتر لەگەڵ کرانەوەی پتردا، هێشتا بەقۆقزی دەمێنێتەوە.  رەنگی سپیواشە، لووسە و ریشاڵدارە.  سەرەنجام نزیکەی تەواو پان و تەخت دەبێت.  گۆشتەکەی سپییە و رەنگی ناگۆڕێت.

شیپەڕەکانی بە قەدەوە نەنووساون و ئازادن.  ئەستوور و شاڵن و رەنگیان قەیماغییە. ٨ تا ١٢ میلیمەتر دەبن.  


قەدەکەی ١٢٠ تا ٢١٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و تیرەی ئەستوورییەکەی ٢٥ تا ٤٥ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپییە، پتەوە و لای سەرەوەی باریکترە لە لای خوارەوە.  شێوەکەی پتر زوڕناییە نەک سەرکی.  هەروەها ئەڵقەیەکیشی لای سەرووی قەدەکەوە هەیە.  پەردەکەی رەنگی گڵەسووری بۆ قاوەیی سووروەشە.


ئەمانیتا ماکزیما لە ووڵاتانی کەنار مێدیتەرانە وەک فرانسە، سپانیا و ئیتاڵیا دەبینرێت و بە شێوەی هاوژینی لەگەڵ بەڕوو و گەڵادەرزیلەییەکاندا دەڕوێت؛ و وا باوەڕدەکرێت کە کارگێکی گەرمیشەیدا بێت.  چەند دانەرێک باسیان لەمە کردووە کە ئەمانیتا ماکزیما حەزی لە خاکی گەچی و قسڵینە و لەو شوێنانە دەڕوێت.

لە بنی قەدەکەیدا کاسەی هەیە و رەنگی گڵەسوورییە.  زۆر جار لەگەڵ ئەمانیتا ئۆڤۆیدی هاوێرناکرێت.  زۆر لەیەکتری دەچن و لە هەمان ژینگەدا دەڕوێن.

ئەمانیات پرۆکزیما چەند جار وەک ژەهراوی باسی کراوە؛ و نیشانەکانی ژەهراویکردنی وەک هی کارگی ئەمانیتا سمیتیانایەژەهراویبوون بەم قارچکە یەکەم جار ساڵی ١٩٦٨ تۆمار کراوەباس لەوە کراوە کە گورچیلە پەکدەخات بەڵام هیچ راپۆرتێک سەبارەت بە مردن بەم کوارگە نەدراوە.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

پەب مێد

مەشرووم ئۆبزێرڤەر



25.1.22

کارگی ئەمانیتا سمیتیانا

 زۆر ژەهراوی 

ئەمانیتا سمیتیانا یا ئەمانیتای سمیت. کارگێکی قەبارە مامناوەندییە، رەنگی سپی یا سپیواشە.  لێواری کڵاوەکەی و قەدەکەی تیسکنە و پاشماوەی پەردەکەی پێیەوە دەنووسێت. تیرەی کڵاوەکەی لە نێوان ٦٠ بۆ ١٢٠ میلیمەترە.   سەرەتا کڵاوەکە خڕە و پاشان پتر دەکرێتەوە و پانتر دەبێت.  لە سەرەتادا کڵاوەکەی خزۆکە بەڵام دوواتر ووشکدەبێتەوە.  لێوارەکانی کڵاوەکەی بڕێکی زۆر لە پاشماوەی پەردەکەی بەشێوەی ناڕێک پێیەوە دەنووسێت؛ و بە لێوارەکانەوە شۆڕدەبنەوە.   شیپەڕەکانی لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیان سپی تا سپیی قەیماغیە؛ و بە ئاستەمێک بە قەدەکەوە نووساون.  گۆشتەکەی ئەستوورە، سپییە و رەنگی ناگۆڕێت.  سەرەتا بۆنی شێنەیە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ بۆنێکی ناخۆش.


قەدەکەی سپی و سپیواشە.  پتەوە بەڵام لەگەڵ ئەویشدا پاتەی نەرمە.  درێژیی قەدی ئەمانیتا سمیتیانا زۆرترە لە تیرەی کڵاوەکەی.  لە ٩٠ تا ١٨٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و تیرەی ١٠ تا ٣٠ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  سەرەوەی قەدەکەی باریکترە لە بنەکەی بەڵام ئەو بەشەی دەکەوێتە ژێر خاکەوە  تا پتر بەرەو قووڵایی دەچێت باریکتر دەبێتەوە.  پاشماوەی پەردەکەی هەندێک جار دەبێتە شێوە ئەڵقەیەک بەڵام زوو لادەچێت.


کاسەکە وەک کۆمەڵێک بزگوڕ و سیپاڵ و تفر بە ئەستوورترین بەشی بنی قەدەکەوە دەنووسێت. 

ئەم چەشنە قارچکە لە خاکدا یا لە سەر دار و چێوی رزیو دەڕوێت.  بە زۆری لەپاڵ رووەکی (داگڵاس فێر) کە تایبەتە کە باکووری ئەمریکا، رووەکی گاگۆڕاڵی گەورە و دارستانی سنەوبەردا دەڕوێت. 


شێوەی ئەم چەشنە ئەمانیتایە زۆر نزیکە لە شێوەی کارگی ترایکۆڵۆما مووریلیانوم یا تریکۆڵۆما ماگنیڤێڵاری کە هەردووکیان خۆراکین و لە ژاپۆن بە ناوی ماتسوتاکی ناسراون، لە هەمان ژینگەیشدا دەڕوێن.  


ئەمانیتا سمیتیانا دەبێتە هۆی ژەهراویبوونێکی توند لە مرۆڤدا بەڵام کوشندە نییە؛ هەرچەندە چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە بەڵگە هەیە بووەتە هۆکاری پەکخستنی گورچیلە.





سەرچاوە

زانکۆی بریتیش کۆڵۆمبیا

ڤان مایکۆ

ئەمانیتاسیی

مایکۆ وێب

مەشرووم ئێکسپێرت

کارگی ئەمانیتا سیودۆ پۆرفیریا

 خۆراکی 

ئەمەیش ناوە گشتییەکەی بریتییە لە زڕەکڵاومەرگی هۆنگۆ.  هەم بە تەنیا و هەم بە کۆمەڵ لە دارستانەکانی درەختە گەڵادەرزیلەییەکاندا دەڕوێت.  یەکەم جار لە ژاپۆن وەسفیکراوە.  ئێستا لە باکوووری هیندوستان، تایلەند و نیپاڵیش ناسراوە.  لە باشووری چین وەک کارگێکی باو لەپاڵ کوارگی ئەمانیتا مانجینیان لە بازاڕە ئازادەکاندا دەفرۆشرێت.   تەنیا بە کاسەکەی لە ئەو جیادەکرێتەوە کە خانەکانی کەمێک پەنەماترن و هاگەکانیشی هێلکەی یا هێلکەیی هەراون.



لە سەرچاوەیەکدا باس لەوە کراوە ئەو وێنانەی لە ژاپۆنەوە لەم چەشنە کوارگە گیراون جیاواز بوون لەوانەی پێشوو لە ووڵاتانی ناوبراو بڵاوبوونەتەوە.  ئەوەی ژاپۆن زۆر بەلای قاوەییدا دەڕوانێت.  

بەڵام بە هەر حاڵ زانیاریی نووسراو لەسەر ئەمانیتا سیۆدۆپۆرفیریا زۆر زۆر کەمە.

ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەمەیە کە لە ووڵاتانی ئاسیایی قارچکێکی خۆراکییە و لە بازاڕەکانیاندا دەفرۆشرێت. 






سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئۆبزێرڤەر





کوارگی ئەمانیتا ڤێرنا

ئەمانیتا ڤێرنا بە بەرکەوتنی هایدۆکسیدی پۆتاسیون
 کوشندە 

ئەمەیش بە ناوی فریشتەی کاولکار یا کارگی گەمژەکان ناسراوە.  زۆر هاوشێوەی ئەمانیتا فاڵۆییدسە بەڵام لە ووردەکاریدا هەندێک جیاوازە.  ڤێرنا تەواو سپییە و رەنگێکی رۆشنی هەیە.  کڵاوی ڤێرنا تا راددەیەک رەخشانە و کاتێک بۆڕ دەبێت بەلای زەرددا دەگۆڕێت.  رەنگی هاگەکانیشی سپییە.

یەکەم جار لەلایەن رووەکزانی فرانسی ژان باپتیست فرانسوا پییەر بولیارەوە وەسف کراو. 


کڵاوە سپییەکەی لە ٥٠ تا ١٠٠ میلیمەتر پان دەبێت و هیچ پەردە بە لێوارەکانییەوە نانووسێت.  گۆشتی کڵاوەکەی لە سەر قەدەکەی  ٣ تا ٥ میلیمەتر ئەستوورە و تا بەرەوە لێوارەکان دەڕوات تەنکتر دەبێت.   سەرەتا شێوە هێڵکەییە بەڵام دوواتر دەگۆڕێت بۆ زەنگوڵەیی.  بەدەگمەنیش کڵاوەکە تەخت دەبێت و لە نێوەراستدا پتەوییەکی بەرجەستە دەردەکەوێت.   رەنگە جار جار کەمێک لە پەردەکە بە لێوارەکانەوە ببینرێت دوواتر بەڵام نامێنێت. 


قەدی ئەمانیتا ڤێرنا پتەوە و لە ٩٠ تا ١٥٠  میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ٦ تا ٢٠ میلیمەتریش ئەستوور دەبێت.  زۆر جار کەمێک کەوانەییە.   قەفێکی کرتۆکیش لە سەرووی قەدەکەوە دەبینرێت.  کاسەیەکی گەورەیش بە بنەکەیەوەیە کە لە خاکدا دەشاردرێتەوە. 


لەسەرەتای تەمەنیدا هیچ بۆنێکی نییە؛ بەڵام کاتێک بۆڕ دەبێت بۆنێکی ناخۆشی لێوە دێت.

شوێنی رووانی ئەمانیات ڤێرنا دارستانەکانی ئەوروپایە بەتایبەتی لە پاڵ درەختە رەقەکاندا و لە وەرزی بەهار دا دەڕوێت.  

 



سەرچاوە

ئەڵتیمەیت مەشرووم

بایۆنێتی

ئەمانیتاسی

قارچکی ئەمانیتا ئۆکریتا

  کوشندە 

لە جسنی ئەمانیتایە و لە کەرتی فاڵۆییدیەکانە.  ناوە گشتییەکەی بریتییە لە فریشتەی مەرگ، فریشتەی وێرانکەر یا کاولکار؛ و ەک کوارگە کوشندەکانی ئەمنیتا ژەهراوییە.  کەڕوویەکی خێزانی هێمدارەکان و ژەهراوییە. لە باشووری رۆژاوای ئەمریکا و لە نزیک درەختی بەروو دەڕوێت.  بەشێوەی ئاسایی لە وەرزی بەهاردا دەبینرێت.  رەنگی لەوانەیە سپی یا رەنگی گڵەسوور و زۆر جاریش لە نێوەراستی کڵاوەکەدا بگۆڕێت بۆ قاوەیی.  لە هەمان کاتدا رەنگی قەد و ئەڵقە و شیپەڕە و کاسەکەی سپییە.  سەرەتا وەک هێلەکەیەکی سپی دەردەکەوێت کە لە پەردەکەیدا پێچراوە.

ئینجا گەورە دەبێت و پەردەکە دەدڕێت و کڵاوەکەی گومبەزییە و دوواتر پتر دەکرێتەوە؛ و رەنگە تیرەی لە ٤٤ میلیمەترەوە بگاتە پتر لە ١٢٠ میلیمەتر؛  و پەردەکەیشی بەسەر کڵاوەکەوە دەنووسێت.  شیپەڕەکانی بە پاڵ یەکترییەوەن و بە قەدەوە نەنووساون و رەنگیان سپییە.  

کاسەکەی بنی لووس و سپییە و هەندێک جار نامێنێت یا زۆر باریک دەبێت.   قەدەکەی ٥٠ تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ١١ تا ٢٩ میلیمەتر ئەستوور دەبێت؛ و ئەڵقەیەکی تەنک و داوێندار بە سەرووی قەدەکەوە دەبینرێت.   قەدەکەی لوولەکییە یا بەرەو خوارەوە باتیک دەبێتەوە. هەروەها هوڵۆڵە واتە نێوی بەتاڵە.  لە ژێر ئەڵقەکەیەوە کەمێک ریشاڵدار و پتەوە.  

بۆنی نییە یا بۆنی کلۆرین یا ماسیی مردوو یا یۆد دەدات؛ و رەنگی هاگەکانیشی سپییە. 


یەکەم جار ساڵی ١٩٠٩ لەلایەن کەڕووزانی ئەمریکایی چارڵز هۆرتن پێکەوە وەسفیکراوە.  لە رووی ووشەڕەتزانییەوە لە ووشەی ئۆکریاتووسی لاتین وەرگیراوە کە واتا کەشکەپۆش دەدات.  کەشکەپۆش زرێ یا قەڵغانێک بوو لە سەردەمە کۆنەکاندا لە کاتی جەنگدا لە کەشکە یا لوولاک واتە نێوان ئەژنۆ و پێ دەبەسترا. 


لە سەەرەتای زستانەوە تا کۆتایی مانگی نەورۆز بۆی هەیە بڕوێتلە تەمەنی ساواییدا جیاکردنەوەی لە کارگی ئەگاریکوس بیسپۆروس و پزلیک ئاسان نییەکاتێکیش گەورە دەبێت جیاکردنەوەی لە قارچکە خۆراکییەکانی وەک ئەمانیتا ڤیڵۆسا و ئەمانیتا لانێڵ و ڤۆڵڤارێلاسپێشیۆسا دژوارە.  




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

بایۆنیتی

ئای یوو سی ئێن