گانۆدێرما ئەپڵانتوم |
گانۆدێرما جسنێکی قارچکە سوودارەکانە لە خێزانی گانۆدێرماتاسیی کە نزیکەی هەشتا چەشن دەگرێتە خۆ. ووشەی سوو بە واتای کونی باریک و بچووک دێت کە بەرامبەرە لەگەڵ ووشەی (پۆر)ی ئینگلیسی. زۆرێک لەمانە شوێنزایان ووڵاتانی گەرمەسێرییە و لەسەر درەختی زیندوو یا مردوو دەڕوێن. لە رووی بۆماوەییەوە هەمەجۆرن و لە پزیشکیی نەریتیی ئاسیاییدا بەکاردەهێنرێن. گانۆدێرما لە سوودارەکانی تر بەوە جیادەکرێتەوە کە هاگسازەکەی جووتدیوارە. ناوی گانۆدێرما لە واژەی یونانیی گانۆس بەواتای رەخشان و درەوشاوە وەرگیراوە چونکە قارچکەکە دەدرەوشێتەوە. هەروەها دێرما واتە پێست. بەسەر یەکەوە واتە پێست ڕەخشان.
ئەم قارچکە لای ژاپۆنییەکان بە (رەیشی) ناسراوە و لای چینییەکانیش پێیدەگوترێت (لینگ جی) واتە کوارگی ژیان یا نەمری. ئەم جسنە ساڵی ١٨٨١ ئەم ناوەی لێنرا. قارچکی گانۆدێرما لوسیدیەم لە ناسراوترین چەشنەکانی ئەم جسنەیە کە سوودی تەندروستی و دەرمانیی زۆری هەیە، و پێستی کەڕوویین و زۆر کەرەستەی تریشی لێدروستدەکرێت. هەروەها کارگی گانۆدێرما ئەپڵانتوم کە لە کوردستانیش دەڕوێت، لەم جسنەیە و دەرمانی ڤارۆواکوژی لێدروست دەکرێت. لە رووی دەرمانییەوە کارگی گانۆدێرما ئەپڵەنەیتوم کە هەم مفتەژییە و هەم گەندەژییە، هەموو سیفەت و خەسڵەتەکانی گانۆدێرما لوسیدیەمی تێدایە. لە ئەوروپا بە تەتەڵەی هونەرمەندانیش ناسراوە؛ چونکە نیگارکێش و خۆشنووسەکان بۆ کاری هونەری وەک نیگار و نووسراوە بەکاریان دەهێنا.
کارگی گانۆدێرما لوسیدیەم لە هەموو چەشنەکان بەناوبانگترە و چەندین جۆر هەتوان و تۆز و کەپسوول و چای لێدروستدەکرێت؛ و بۆ چارەسەری زۆر نەخۆشی و بیماری سوودی لێوەردەگیرێت.
No comments:
Post a Comment