25.1.22

کارگی ئەمانیتا سمیتیانا

 زۆر ژەهراوی 

ئەمانیتا سمیتیانا یا ئەمانیتای سمیت. کارگێکی قەبارە مامناوەندییە، رەنگی سپی یا سپیواشە.  لێواری کڵاوەکەی و قەدەکەی تیسکنە و پاشماوەی پەردەکەی پێیەوە دەنووسێت. تیرەی کڵاوەکەی لە نێوان ٦٠ بۆ ١٢٠ میلیمەترە.   سەرەتا کڵاوەکە خڕە و پاشان پتر دەکرێتەوە و پانتر دەبێت.  لە سەرەتادا کڵاوەکەی خزۆکە بەڵام دوواتر ووشکدەبێتەوە.  لێوارەکانی کڵاوەکەی بڕێکی زۆر لە پاشماوەی پەردەکەی بەشێوەی ناڕێک پێیەوە دەنووسێت؛ و بە لێوارەکانەوە شۆڕدەبنەوە.   شیپەڕەکانی لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیان سپی تا سپیی قەیماغیە؛ و بە ئاستەمێک بە قەدەکەوە نووساون.  گۆشتەکەی ئەستوورە، سپییە و رەنگی ناگۆڕێت.  سەرەتا بۆنی شێنەیە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ بۆنێکی ناخۆش.


قەدەکەی سپی و سپیواشە.  پتەوە بەڵام لەگەڵ ئەویشدا پاتەی نەرمە.  درێژیی قەدی ئەمانیتا سمیتیانا زۆرترە لە تیرەی کڵاوەکەی.  لە ٩٠ تا ١٨٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و تیرەی ١٠ تا ٣٠ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  سەرەوەی قەدەکەی باریکترە لە بنەکەی بەڵام ئەو بەشەی دەکەوێتە ژێر خاکەوە  تا پتر بەرەو قووڵایی دەچێت باریکتر دەبێتەوە.  پاشماوەی پەردەکەی هەندێک جار دەبێتە شێوە ئەڵقەیەک بەڵام زوو لادەچێت.


کاسەکە وەک کۆمەڵێک بزگوڕ و سیپاڵ و تفر بە ئەستوورترین بەشی بنی قەدەکەوە دەنووسێت. 

ئەم چەشنە قارچکە لە خاکدا یا لە سەر دار و چێوی رزیو دەڕوێت.  بە زۆری لەپاڵ رووەکی (داگڵاس فێر) کە تایبەتە کە باکووری ئەمریکا، رووەکی گاگۆڕاڵی گەورە و دارستانی سنەوبەردا دەڕوێت. 


شێوەی ئەم چەشنە ئەمانیتایە زۆر نزیکە لە شێوەی کارگی ترایکۆڵۆما مووریلیانوم یا تریکۆڵۆما ماگنیڤێڵاری کە هەردووکیان خۆراکین و لە ژاپۆن بە ناوی ماتسوتاکی ناسراون، لە هەمان ژینگەیشدا دەڕوێن.  


ئەمانیتا سمیتیانا دەبێتە هۆی ژەهراویبوونێکی توند لە مرۆڤدا بەڵام کوشندە نییە؛ هەرچەندە چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە بەڵگە هەیە بووەتە هۆکاری پەکخستنی گورچیلە.





سەرچاوە

زانکۆی بریتیش کۆڵۆمبیا

ڤان مایکۆ

ئەمانیتاسیی

مایکۆ وێب

مەشرووم ئێکسپێرت

No comments:

Post a Comment