یەکێکە لە جسنەکانی کەڕوو کە هاوژینن لەگەڵ رووەک و لە ناخیاندا دەژیێن. زۆرێک لە چەشنەکانی ئەم جسنە بیماریزای رووەکین بەڵام هەندێکیان پەیوەندییان لەگەڵ رووەکی خانەخوێ بەرژەوەندیی دوولایەنەیە. تازەترین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەی چەشنەکانی ئەم جسنە ٢٤٨ چەشنە؛ و لەمانە ١٤ دانەیان چەشناڵۆزن.
زۆرێک لەم کەڕووانە دەبنە هۆی نەخۆشیگەلی ترسناک بۆ شووتی، کاڵەک، خەیار، کوولەکە، کوولەکەی دۆڵمە و بیبەر. نەخۆشییەک کە ناسراوە بە ئەنتراکنۆز. بەتایبەتی ئەو کاتە کە هەوا بارانی و شێدار و گەرمە، ئەم کەڕووە گەشەدەکات و دەستەویەخەی ئەم رووەکانە دەبێت. تەنانەت تووشی زۆر جۆر درەختیش دەبێت.
نیشانەکانی ئەنتراکنۆز بریتییە لە دروستبوونی پەڵەی ناڕێکی قاوەیی لەسەر گەڵا ساواکان. گەڵا تووشبووەکان لۆچ و لوول دەبن و شێوەیان دەشێوێت. لە وەرزی بەهاردا گەڵاکان دەوەرن؛ و هەروەها رەنگە پەڵەی قاوەیی لەسەر گەڵا پێگەیشتووەکان دروست بکەن بەڵام شێوەیان نەشێووێنن. لە ڕێگەی خاک و تۆو لە رووەکێکەوە بۆ یەکی تر دەگوازرێتەوە؛ و بۆ چارەسەر یا پێشگیری پێویستە ئەو لک و گەڵایانەی تووش دەبن لێبکرێنەوە و لەناوببردرێن. هەروەها بۆ بنبڕکردن نەخۆشییەکە لەو زەوییەدا کە ئەم نەخۆشییە هەیە پێویستە ماوەی دوو تا سێ ساڵ ئەم بەرهەمانە لە زەوییەکەدا نەڕوێندرێن. هەروەها بەکارهێنانی دژەکەڕووی مس زۆر کاریگەرە لەسەر نەهێشتنی.
No comments:
Post a Comment