یەکێکە لە بەرفراوانترین چەشنەکانی ئەمانیتا. هەندێک جار تیرەی کڵاوەکەی دەگاتە ١٨٠ میلیمەتر. لە باشووری ئەوروپا و بەتایبەتی لە مەڵبەندەکانی مەدیتەرانە ئەم چەشنە بە فراوانی راودەکرێت. زۆر جار لە تەمەنی ساواییدا کە هێشتا کاسەکەی نەکراوەتەوە راودەکرێت و دەچنرێت. چەشنەکانی تر وەک ئەمانیتا جاکسنی و ئەمانیتا باسیی شێوەیان زۆر لە شێوەی ئەم قارچکە دەچێت.
ئەمانیتا سزاریا بۆ یەکەم جار ساڵی ١٧٧٢ لەلایەن جیڤنی ئانتۆنیۆ سکۆپۆڵییەوە وەسف کرا و ناوی لێنرا ئەگارکوس سزرایوس. بەڵام ساڵی ١٨٠١ کریستیان هێندریک پێڕسوون گواستییەوە بۆ نێو جسنی ئەمانیتاوە. ئەم قارچکە ٢٠٠٠ ساڵ دەبێت کە لە ئیتاڵیا دەورێت. فەرمانڕەواکانی ئەوێش کە ناونیشانی سزاریان لەسەر بوو، زۆر حەزیان لە خواردنی ئەم چەشنە قارچکە دەکرد، هەربۆیە ئەم ناوەی لێنراوە. لەم بارەیەوە چیرۆکێکش هەیە کە دەڵێت:
وەک گوترا ئیمپراتۆرەکانی رۆم پێیاندەگوترا سزار. ئیمپراتۆر کلۆدیوس پیر ببوو. ئاگریپینا کە یەکێک بوو لە ژنەکانی ئیمپراتۆر کڵودیوس دەیویست لە دوای کڵۆدیوس کوڕەکەی خۆی بە ناوی نیرۆ کە لە مێردی پێشووی بوو ببێتە ئیمپراتۆر. هەربۆیە ویستی بە پیلانێک کارگی ئەمانیتا فاڵۆییدس دەرخواردی سزار بدات و بیکوژێت. ئەو هەروەها زینۆفۆنیشی خستە نێو بابەتەکەوە کە وەک پزیشک داوای لێکرا چارەسەری کڵۆدیوس بکات. زینۆفۆن لەباتی دەرمانی رەوانیی پێبدات دەرمانێکی کوشندەی پێدا؛ بەم جۆرە کۆتایی بە سزاری پیر هات و نیرۆ تاجی لەسەرنا.
ئەمانیتا سزاریا کڵاوەکەی نارنجییە و هەندێک جار پەردەیەکی ناڕێک بە کڵاوەکەوەیە. لە بنەڕەتدا شێوەی نیوە هێلکەییە و کە پان دەبێتەوە تیرەی لە ٦٠ تا ١٨٠ میلیمەتر پان دەبێت. هەندێک کەس دەڵێن ئەمنیتا سزاریا بەخاوی و نەکوڵاویش خواردنی سەلامەتە بەڵام راستییەکە ئەمەیە کە نابێت هیچ چەشنە کوارگێکی سروشتی بەخاوی بخورێت.
قەد و بەژنی و ئەم چەشنە کوارگە نارنجیی کراو تا نیمچە نارنجییە. کە دەستت بەر کڵاوەکەی دەکەوێت، هەست بە زبری دەکەیت. قەفێکی گەورەی نارنجیی کراوە بە دەوری قەدەکەیەوەیە. هەروەها ٥٠ تا ١٢٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ١٥ تا ٢٥ میلیمەتر ئەستوور دەبێت. بنکی قەدەکەیش بە کاسەیەکی سپی داپۆشراوە.
شایانی باسە کە رەنگی هاگەکانیشی سپییە. لە دووا مانگی هاوین تا دووا مانگی پاییز وەرزی رووانی ئەم چەشنە قارچکەیە.
سەرچاوە
No comments:
Post a Comment