کڵاوەکەی ٦٧ تا ١٥٢ میلیمەتر دەبێت. رەنگی قاوەیی سووروەش تا نارنجیی تۆخە، سوورییەکەی زۆر چڕە. لە ناوەندی کڵاوەکەدا سوورێکی قاوەیی دەردەکەوێت. جۆرێکە بە خۆرەتاو کاڵ دەبێتەوە…. دووای ئەوە کە بۆڕ دەبێت کاسەکەی بنی نامێنێت. پێش بۆڕبوونی کاسەکەی ەک چەند پارچەیەکی بچووک دەبینرێت. لە ژێر توێژە سوورەکەی کڵاوەکەیەوە گۆشتەکەی سپییە وەک رەنگی نڤیشک یا زەردەواش. لە بەشی ناوەند و لێوارەکانی کڵاوەکەی زەردە، بەشەکانی تری زەردی کاڵ یا سپییە. کڵاوکەی لە راستی قەدەکەیدا ٩ تا ١٣ میلیمەتر ئەستوورە و تا دەگاتە لای لێوارەکانی تەنکتر دەبێتەوە.
شیپەڕەکانی بە قەدەوە نەنووساون و ئازادن. زۆر زۆر لە یەکترییەوە نزیک نین، تا بەرەوە لێوارەکان دێت لە یەکتری نزیکتر دەبنەوە. رەنگیان زەردی تۆخ، زەردی نارنجی بۆ زەردی کراوەیە.
قەد و بەژنەکەی ١٢٤ تا ١٣٧ میلیمەتر درێژ دەبێت و ١٦ تا ٢٣ میلیمەتر ئەستوور دەبێت. رەنگی قەدەکەی زەردی کاڵ بۆ نارنجییە لەلای بەشی سەرەوە؛ و لای خوارەوەی زەردی روونە. کاتێک دەستی لێدەدرێت رەنگۆ دەگۆڕێت بۆ قاوەیی و سیاوەشی. قەدەکەی پتەوە و شێوەی لوولەکی تا نیمچەلوولەکییە. قەفی دەوری قەدەکە دەکەوێتە لای سەرەوە.
کاسەکەی لووسە و رەنگی سپییە و دیوی ناوەوەی زەردی تۆخە. ریشاڵە ووشکبووەکانی بە بنی قەدەکەوە نووساون.
چەشەی شیرینە و بۆنێکی خۆشی قارچکی دەدات. وەک هەموو چەشنەکانی ئەمانیتا ئەم چەشنەیش بە هاوژینی لەگەڵ درەختەکاندا دەڕوێت. لە دارستانی سنەوبەرەکان و بەڕوەکان و چنارەکاندا دەڕوێت. بە رەنگ و شێوە وەک دەستەخوشکی ئەمانتا سزاریایە.
سەرچاوە:
وێنەکە لە ویکیمێدیا وەرگیراوە
No comments:
Post a Comment