قارچکێکی مایسینا لە گوندی جافەران وێنەگر: محەممەد بەهادین |
مایسینا جسنێکە لە جسنە هەراوەکانی قارچکی بچووکی گەندەژی کە پانیی کڵاوەکەیان زۆر بە دەگمەن دەگاتە سێ سانتیمەترێک. ووشەی مایسینا خۆی ووشەیەکی یونانییە و مانای قارچک\کارگ دەبەخشێت. یەکێک لە سیفەتەکانی کوارگەکانی مایسینا ئەمەیە کە هاگەکانیان سپییە. کڵاوە بچووکەکەیان شێوەی زەنگوڵەیی یا قووچەکییە؛ و بەژنەکەیان کورت و باریک و ناسکە. زۆربەیان سورمەیی و قاوەیین؛ بەڵام هەندێکیشیان رەنگیان کراوەترە. هەروەها زۆربەیان کڵاوەکەیان نیمچەڕوون و رێڕێیە؛ و بەکەمی لێواری کڵاوەکەیان بۆ ناوەوە نوشتاوەتەوە. شیپەڕەکانیان بە بەژن و قەدەکەوە نووساون و سیستیدیا(cystidia)یان هەیە. هەندێک چەشنی وەک مایسینا هایماتۆپوس کاتێک کە قەدەکەیان دەشکێت شیرەیەک دەردەدەن. زۆر چەشنیشیان بۆنی کلۆرین یا بۆنی توور دەدەن.
ناسینیان ئاسان نییە و هەندێکیان تەنیا بە هۆی مایکرۆسکۆپەوە دەشێت جسن و. چەشنیان دەسنیشان بکرێت. هەندێکیان خۆراکین و بڕێکیشیان ژەهراوین. بەڵام زۆرینەیان دیار نییە دەخورێن یا نا؛ چونکە ئەوەندە بچووکن هیچکەس بیر لە خواردنیان ناکاتەوە. پتر لە ٣٣ چەشنی ئەم کوارگە بچووکانە دەسنیشانکراون کە شەونومان واتە لە تاریکیدا دەبینرێن. بەگشتی تا ئێستا پتر لە ٥٠٠ چەشنیان لێ ناسراوە.
قارچکێکی مایسینا لە گوندی شەوگێڕ وێنەگر: بۆتان مەولوودی |
No comments:
Post a Comment