شوێن: باخی گشتی، سلێمانی کەڕوو: کارگێک لە جسنی پووشووەکان لەسەر درەختی توو روواوە. وێنە: محەممەد بەهادین رێکەوت: ١١\٢\٢٠٢٢ |
پووشووەکان لە زمانی ئینگلیسیدا پێیاندەگوترێت (Fomes) کە واژەیەکی لاتینە و هەروەک کوردییەکە بەو ماددە ناسک و بسۆتە دەگوترا کە ساڵانی زوو بۆ داگیرساندنی ئاگر بەکاردەهێنرا. بۆ ئەم مەبەستەیش کۆنە لۆکە یا چەند جۆرێک رووەک دەسووتێنران و خۆڵەمێشەکەیان دەکرایە نێو ئاوەوە. دوای شەو و رۆژێک ئاوەکەیان دەپاڵاوت. ئینجا قارچکەکەیان لە ئاوەکەدا دەخووساند و پاشان لەبەر خۆرەتاو ووشکیان دەکردەوە؛ بەم جۆرە پووشوو دروستدەکراو.
پووشووەکان یەکەم جار ساڵی ١٨٣٦لە لایەن ئێلیاس مانگوس فرایسەوە وەک بنجسنی فرەسووەکان ناسێنران. تا ئێستا ٥٩ چەشن لە جسنی پووشووەکان ناسراون کە شێوە، قەبارە، رەنگ و خەسڵەتگەلی جیاوازیان هەیە.
بەشێکیان لە کۆنەوە لە بوواری دەرمانی و پزیشکیی نەریتیدا بەکارهێنراون. بۆ وێنە بۆ تیمارکردنی برین و زام بۆ بەندکردنی خوێن لەکاتی نەشتەرگەریدا، بۆ چارەسەری مایەسیری، ناڕێکیی کارەکانی میزڵدان، بۆ چارەسەری گرفت و قەبزی و زۆر نەخۆشیی تر سوودیان لێوەرگیراوە. هەروەها سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کوارگە پووشووەکان چارەسەری شێرپەنجەی گەدە و منداڵدان دەکەن؛ و باس لەمەیش کراوە کە پێکهاتەگەلی دژە ڤایرەس، دژە ئاوسان، دژەبەکتریا، دژە لوو و دژە شەکرەیان تێدایە.
No comments:
Post a Comment