کوارگەکی ١٢ کیلۆیی لە گوندی بۆگد سەر بە کۆیە وێنە: شاخەوان |
بەگوێرەی ئاماری ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی چەشنەکانی پلورۆتووس دەگاتە ٢٠٢ چەشن. شیپەڕەیان بە قەدەوە نووساوە. شێوەی هاگەکانیان لوولەکی و لووسە. بەشێوەی هێشوو دەڕوێت واتە کاتێک کە روواون پتر لە یەک دانەن و لە بنەکانیانەوە پێکەوە نووساون. دیارە جاری وایش هەیە کە یەک دانە بە تەنیا دەڕوێت. ئەم چەشنە قارچکانە بە زۆر رەنگی جیاواز لە سروشتدا هەن وەک سپی، سورمەیی، ئاڵ، زەرد، قاوەیی و تاد…. زۆر جار لە کوردستان یەک هێشوو لەم کوارگانە بینراوە کە کێش لە ١٠ کیلۆ بۆ سەرەوە بووە.
پاتە(تیشیوو)ی ئەم جۆرە کوارگە جیڕە و چەشنی وا هەیە کە زۆر زۆر جیڕە و رەنگە بۆ خواردن نەشێت. ئەم کوارگانە لە سەرتاسەری دنیادا و لە مەڵبەندە گەرمەسێر و مامناوەندییەکاندا دەڕوێن. لەسەر درەخت دەڕوێن و هەندێکیشیان سنەوبەرەکان دادەڕزێنن. هەندێک چەشنی وەک قارچکەکانی کوێستانی کوردستان کە ناسراون بە کارگی هەڵز، کەما، بۆڕ، کەرکۆڵ، تاڵیتۆز، رەس، چەڤر، خوون و تاد… لە جسنی پلورۆتووسن؛ و هەرکامیان بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ رووەکەکاندا دەڕوێن. هەروەها هەموو چەشنەکانی پلورۆتووس (نیماتۆفەیگوس)ن واتە مەچیرککوژن؛ بە ووتەیەکی تر، مەچیرکەکان دەگرن و بە ژەهرێک کە هەیانە گۆد و ئیفلیجیان دەکەن. شایانی باسە کە مەچیرکەکان گەورەرین مڵۆزمی درەخت و رووەکەکانن و ساڵانە زیانێکی زۆر بە کشتوکاڵ دەگەیەنن.