27.1.22

کارگی ئەمانیتا کاڵیپترۆدێرما

 خۆراکی 


لەگەڵ هەرکام لە ئەمانیتا کایپتراتا و ئەمانیتا لاینی هاوواتایە.  هەروەها بە ناوی کۆکۆڵی و کۆکۆرا یا ئەمانتای پاسیفیکیش ناسراوە.   لە وەرزەکانی پاییز، زستان و بەهاردا لە کەناراوەکانی خۆراوای ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە دارستانی گەڵادەرزیلەییەکاندا دەڕوێت.  واتە بە شێوەی هاوژینی دەڕوێت.  بەڵام لە چەند ناوچەی تردا لەگەڵ رووەکی جیاواز دەڕوێت. 

یەکەم جار لە ویلایەتی ئۆریگۆنی ئەمریکا و لە بڵاوکراوەیەکدا بە ناوی (Bulletin of the Torrey Botanical Club) کە ساڵی ١٩٠٠ بڵاوکراوەتەوە, وەسفیکراوە.  بەگوێرەی زانیارییە نوێیەکان ئەو وەسفەی ئەوسا لەم چەشنە قارچکە کراوە جیاوازیی هەیە لەگەڵ خودی ئەم قارچکە ئێستایش لەو ناوچانە دەڕوێت.  لێرەدا لە نووسینەوە وەسفە کۆنەکە خۆدەپارێزرێت؛ بە پێویست دەزانرێت تەنیا باسی وەسفە نوێیەکەی بکرێت.


کڵاوەکەی قاوەیی-سوورە، لێوارەکانی زەردی زێڕینە.  بەڵام بە دەگمەن هەیشە کڵاوەکەی هەموو سپییە.  هەندێک بەشی کڵاوەکەی بە پارچەی ئەستووری پەردە سپییەکەی دادەپۆشرێت.  تیرەی کڵاوەکەی ١٠٠ تا ١٦٠ میلیمەتر دەبێت.  لە بنەکەیشی کاسەیەکی سپییە هەیە کە لە ١ تا ٨ میلیمەتر ئەستوورە.  گۆشتەکەی زەرد تا سپیی قەیماغییە.


شیپەڕەکانی بە قەدەکەوە نەنووساون و ئازادن.  زۆر زۆر لە یەکترییەوە نزیک نین. رەنگیان سپییە بەڵام هەندێک جار بەلای ئاڵدا دەڕوانێت، هەندێک جار بەلای مشکیدا دەڕوانێت.  هەندێک لە شیپەڕەکان کورتن و جەمسەریان بە کەوانەیی کۆتایی هاتووە.


قەدی ئەمانیتا کالیپترۆدێرما ١٣٩ تا ١٥٥ میلیمەتر درێژ دەبێت و ٢١ تا ٤٠ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.   لای سەرووی باریکترە لە لای خواروو.  بەشێکی هوڵۆڵە و بەشێکیشی پڕە لە پووە.  پاشماوەی پەردە کە کە زۆرێک لە قارچکەکاندا دەبێتە ئەڵقە بەدەوری قەدوە لە کالیپترۆدێرمادا وەک کورتە کراسێک بە قەدەکەوە شۆڕ دەبێتەوە.  ئەم سیفەتە نزیکی دەکاتەوە لە ئەمانیتا سیزاریا. 


رەنگی هاگەکانی سپییە و کاتێک گیراوەی مێزڵەریان بەسەردا دەتکێنرێت رەنگیان ناگۆڕێت، بۆیە پێیاندەگوترێت ئن ئامیڵۆید.  

 





سەرچاوە

بەی ئێریا مەشروومس

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئۆبزێرڤەر





قارچکی ئەمانیتا ڤاجینەیتا


 ناژەهراوییە و ئەگەری ژەهراویبوونیشی هەیە 

 کوارگێکی سورمەیی تا قاوەیی سورمەییە و کاسەیەکی هەگبە ئاسای لە بنەکەیدا هەیە.  لێوارەکانی کڵاوەکەی دێرەکدارە؛ و هیچ ئەڵقە و قەفێک بە قەدەکەیەوە نییە. ئەمانیتا ڤاجینەیتا لە دووا مانگی پاییزەوە تا نێوەراستی زستان دەبینرێت؛ و لە نێو شار و ئاوەدانییەکان لە پارک و  نێوان شەقامەکان و زەوییە پەرێشانحاڵەکان دەڕوێت.  هاوژینە لەگەڵ بەڕوو و دارە سەختەکان و گەڵادەرزیلەییەکان.

تیرەی کڵاوەکەی ٣٠ میلیمەتر تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت.  سەرەتا هێلکەییە، پاشان دەگۆڕێت بۆ گومەزی و ئینجا پان؛ و نێوەراستی کڵاوەکەیشی بەرزاییەکی وەک مەمیلەی لێ دروستدەبێت.  سەرەتا یا هەر کاتێک تەڕ بێت، دیسناکە.


شیپەڕەکانی ئەمانیتا ڤاجینەیتا بە قەدەوە نەنووساون یان کەمێک پێیەوە نووساون.  رەنگیان سپیی و لە یەکترییەوە نزیکن.  رەنگی گۆشتەکەی سپییە و لەکاتی بڕین یا لەتبووندا ناگۆڕێت؛ و رەنگی هاگەکانیشی سپییە.


قەدەکەی ٧٠ میلیمەتر تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و تیرەی ئەستوورییەکەیشی ٥ میلیمەتر تا ٢٠ میلیمەتر دەبێتکەمێک لای سەرووی باریکترە لەلای خواروو. رووتە یا هەندێک پوولەکەی سورمەیی باوی پێوەیەئەڵقەی نییە و بنەکەی لە نێو کاسەیەکدایە کە بە بەراورد لەگەڵ قەدەکە زۆر فراوانەکاسەکە سپییە بەڵام هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ مەیلە و سورمەیی یان قاوەیی سوورباو.






سەرچاوە

فێرست نەیچەر

مایکۆ وێب

مەشرووم ئێکسپێرت

ئەمانیتاسیی

26.1.22

کارگی ئەمانیتا فوڵڤا

 خۆراکی 

یەکێکە لەو چەشنە قارچکانەی جسنی ئەمانیتا کە خۆراکییە.
  بەڵام پێویستە بە ووریاییەوە بخورێت چونکە جیاکردنەوەی لە هەندێک چەشنە ژەهراوییەکان چەتوونە.  یەکەم جار ساڵی ١٧٧٤ لەلایەن جەیکوب کریستیان شافەرەوە وەسفیکراوە.  ئەمانیتا فوڵڤا و ئەمانیتا ڤاجیناتا پێکەوە خرانە سەر جسنی ئەمانیتۆپسیس چونکە ئەڵقە بە دەوری قەدەکەیانەوە نییە.  بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە نەبوونی ئەڵقە بەس نییە بۆ ئەوەی ئەم قارچکانە لە جسنی ئەمانیتۆپسیس هەژمار بکرێن.  

ئەمانیتا فوڵڤا کڵاوەکەی قاوەیی زەردوەشە یاخود نارنجیی تێکەڵ بە قاوەییە.  نێوەراستی کڵاوەکەی تۆخترە لە بەشەکانی تری.  لێواری کڵاوەکەی دێرەکدارە.  تیرەی کڵاوەکەی دەگاتە ١٠٠ میلیمەتر.  لە کاتی بۆڕبوون و پانبوونی دا لە نێوەڕاستی کڵاوەکەیدا مەمیلەیەک دروستدەبێت.  سەرەتا خزۆکە بەڵام دوواتر ووشکدەبێتەوە. 

شیپەڕەکانی بە قەدەکەوە نەنووساون واتە ئازادن.  گۆشتی کڵاوەکە سپی تا قەیماغییە؛ و گۆڕانی بەسەردا نایێت. رەنگی هاگەکانیشی سپییە. 


بەژن و قەدەکەی سپی و لووسە و هەندێک جار رەنگی قاوەیی نارنجیوەشە؛ و ووردە کوڵکی زۆر بچووک لەسەری دەوێت.  قەدەکەی باریکەڵە، بێ قەف، هوڵۆڵ و زۆر کرتۆکە و بۆ لای سەروو باریک دەبێتەوە.  درێژیی قەدەکە دەگات ١٥٠ میلیمەتر و ئەستوورییەکەی ١٠ تا ١٥ میلیمەترە.


ئەم چەشنە کوارگە بە ئەوروپادا بڵاوە.  لە مانگەکانی نێوان بەهار و پاییزدا دەڕوێت.  لە زۆر جۆرە دارستانەکاندا دەڕوێت وەک دارستانەکانی چنار،  بناو، سنەوبەر، بەڕوو و تاد.. و لەگەڵ رەگی درەختەکاندا بەشێوەی کۆژی یا هاوژینی دەڕوێت.  هەروەها لە باکووری ئەمریکایش زۆر بڵاوە و لە شاخەکان و لە دارستانەکانی گەڵاڕێزۆک و گەڵادەرزیلەییەکاندا دەروێت.  

ئەمنیتا فوڵڤا لە بنەکەیدا کاسەیەکی لە شێوەی هەگبەی هەیە کە رەنگی سپییەدرێژیی رووکاری دەرەوەی ٣٠ تا ٨٠ میلیمەتر دەبێت.  




سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

ئەمانتاسیی

ئای ناچراڵیست





کارگی ئەمانیتا پرۆکزیما

  ژەهراوی 

کاتی ڕووانی بریتییە لە سەرەتا تا کۆتایی پاییز.  تیرەی کڵاوەکەی ٧٥ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت.  گۆشتنە و سەرەتا هێلکەییە بەڵام دوواتر لەگەڵ کرانەوەی پتردا، هێشتا بەقۆقزی دەمێنێتەوە.  رەنگی سپیواشە، لووسە و ریشاڵدارە.  سەرەنجام نزیکەی تەواو پان و تەخت دەبێت.  گۆشتەکەی سپییە و رەنگی ناگۆڕێت.

شیپەڕەکانی بە قەدەوە نەنووساون و ئازادن.  ئەستوور و شاڵن و رەنگیان قەیماغییە. ٨ تا ١٢ میلیمەتر دەبن.  


قەدەکەی ١٢٠ تا ٢١٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و تیرەی ئەستوورییەکەی ٢٥ تا ٤٥ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سپییە، پتەوە و لای سەرەوەی باریکترە لە لای خوارەوە.  شێوەکەی پتر زوڕناییە نەک سەرکی.  هەروەها ئەڵقەیەکیشی لای سەرووی قەدەکەوە هەیە.  پەردەکەی رەنگی گڵەسووری بۆ قاوەیی سووروەشە.


ئەمانیتا ماکزیما لە ووڵاتانی کەنار مێدیتەرانە وەک فرانسە، سپانیا و ئیتاڵیا دەبینرێت و بە شێوەی هاوژینی لەگەڵ بەڕوو و گەڵادەرزیلەییەکاندا دەڕوێت؛ و وا باوەڕدەکرێت کە کارگێکی گەرمیشەیدا بێت.  چەند دانەرێک باسیان لەمە کردووە کە ئەمانیتا ماکزیما حەزی لە خاکی گەچی و قسڵینە و لەو شوێنانە دەڕوێت.

لە بنی قەدەکەیدا کاسەی هەیە و رەنگی گڵەسوورییە.  زۆر جار لەگەڵ ئەمانیتا ئۆڤۆیدی هاوێرناکرێت.  زۆر لەیەکتری دەچن و لە هەمان ژینگەدا دەڕوێن.

ئەمانیات پرۆکزیما چەند جار وەک ژەهراوی باسی کراوە؛ و نیشانەکانی ژەهراویکردنی وەک هی کارگی ئەمانیتا سمیتیانایەژەهراویبوون بەم قارچکە یەکەم جار ساڵی ١٩٦٨ تۆمار کراوەباس لەوە کراوە کە گورچیلە پەکدەخات بەڵام هیچ راپۆرتێک سەبارەت بە مردن بەم کوارگە نەدراوە.




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

پەب مێد

مەشرووم ئۆبزێرڤەر



25.1.22

کارگی ئەمانیتا سمیتیانا

 زۆر ژەهراوی 

ئەمانیتا سمیتیانا یا ئەمانیتای سمیت. کارگێکی قەبارە مامناوەندییە، رەنگی سپی یا سپیواشە.  لێواری کڵاوەکەی و قەدەکەی تیسکنە و پاشماوەی پەردەکەی پێیەوە دەنووسێت. تیرەی کڵاوەکەی لە نێوان ٦٠ بۆ ١٢٠ میلیمەترە.   سەرەتا کڵاوەکە خڕە و پاشان پتر دەکرێتەوە و پانتر دەبێت.  لە سەرەتادا کڵاوەکەی خزۆکە بەڵام دوواتر ووشکدەبێتەوە.  لێوارەکانی کڵاوەکەی بڕێکی زۆر لە پاشماوەی پەردەکەی بەشێوەی ناڕێک پێیەوە دەنووسێت؛ و بە لێوارەکانەوە شۆڕدەبنەوە.   شیپەڕەکانی لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیان سپی تا سپیی قەیماغیە؛ و بە ئاستەمێک بە قەدەکەوە نووساون.  گۆشتەکەی ئەستوورە، سپییە و رەنگی ناگۆڕێت.  سەرەتا بۆنی شێنەیە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ بۆنێکی ناخۆش.


قەدەکەی سپی و سپیواشە.  پتەوە بەڵام لەگەڵ ئەویشدا پاتەی نەرمە.  درێژیی قەدی ئەمانیتا سمیتیانا زۆرترە لە تیرەی کڵاوەکەی.  لە ٩٠ تا ١٨٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و تیرەی ١٠ تا ٣٠ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  سەرەوەی قەدەکەی باریکترە لە بنەکەی بەڵام ئەو بەشەی دەکەوێتە ژێر خاکەوە  تا پتر بەرەو قووڵایی دەچێت باریکتر دەبێتەوە.  پاشماوەی پەردەکەی هەندێک جار دەبێتە شێوە ئەڵقەیەک بەڵام زوو لادەچێت.


کاسەکە وەک کۆمەڵێک بزگوڕ و سیپاڵ و تفر بە ئەستوورترین بەشی بنی قەدەکەوە دەنووسێت. 

ئەم چەشنە قارچکە لە خاکدا یا لە سەر دار و چێوی رزیو دەڕوێت.  بە زۆری لەپاڵ رووەکی (داگڵاس فێر) کە تایبەتە کە باکووری ئەمریکا، رووەکی گاگۆڕاڵی گەورە و دارستانی سنەوبەردا دەڕوێت. 


شێوەی ئەم چەشنە ئەمانیتایە زۆر نزیکە لە شێوەی کارگی ترایکۆڵۆما مووریلیانوم یا تریکۆڵۆما ماگنیڤێڵاری کە هەردووکیان خۆراکین و لە ژاپۆن بە ناوی ماتسوتاکی ناسراون، لە هەمان ژینگەیشدا دەڕوێن.  


ئەمانیتا سمیتیانا دەبێتە هۆی ژەهراویبوونێکی توند لە مرۆڤدا بەڵام کوشندە نییە؛ هەرچەندە چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە بەڵگە هەیە بووەتە هۆکاری پەکخستنی گورچیلە.





سەرچاوە

زانکۆی بریتیش کۆڵۆمبیا

ڤان مایکۆ

ئەمانیتاسیی

مایکۆ وێب

مەشرووم ئێکسپێرت