لە دێرین زەمانەوە مرۆڤەکان بێ لەبەرچاوگرتنی زمان، دابو نەریت و نەژاد هەوڵیانداوە پێداویستییەکانی رۆژانەی خۆیان لە ڕەگای گۆڕینەوە یا کڕی نو فرۆشتنەوە دابین بکەن. بۆ ئەم مەبەستەیش بە هۆی کاروانی وشتر و ئەسپ و ئێستر یا لە بە سواری کەشتی و لە ڕێگەی دەریاوە رێگای دوور و درێژیان بڕیوە و سنوورە فەرهەنگی و خێڵەکی و ئیمپراتۆرییەکانیان تێپەڕاندووە و کاڵای خۆیان لە رۆژهەڵاتەوە گەیاندووەتا بەشەکانی تری نێوەڕاست و رۆژاوای جیهان و کاڵای ئەوانیان بردووەتەوە بۆ خۆیان و یا بە پێچەوانەوە. ئەو گەشت و سەفەرە درێژ ماوانە تەنیا بە گۆڕینەوەی کەل و پەل و هەندێ سوودی دارایی سنووردار نەبوون بەڵکوو بوونەتە هۆی تێکەڵاویی جڤاک، زمانی، فەرهەنگی، وێژەیی و زانستی و تاد… رێگەی هاوچۆی کاروانەکان هەمیشە ئاوەدان بووە و کاروانسەرا و میوانخانە و بازاڕچەی زۆر لە کەنار رێگە بازرگانییەکان دروست بوون. نەک تەنیا رێگە وشاکنەیاکن بەڵکوو رێگە دەریاییەکانیش دیاریکراو بوون و کەسانی شارەزا نەخشەی رێگاکانیان کێشاوە و وەک پێشەنگ وکەوتوونەت پێش کەشتیە بازرگانییەکان و گەیاندوویاننەتە شوێن مەبەست. دیارە وڵاتی ئێمە بە هۆی داخراوییەوە زۆر پەیوەندیی بە رێگە دەریاییەکانەوە نەبووە بەڵام رێگە وشکانییەکانی تر کە کەوتونەتە هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین، هەرکامە بەجۆرێک بە کوردستانەوە بەستراونەتەوە. جێی خۆیەتی لێرەدا بە کورتی ئاماژەیەک بە ئەو رێگە بازرگانییانە بکەین کە لەو سەردەمە دێرینانەدا وەک تۆڕی پەیوەندیی نێوان گەلان رۆڵیان هەبووە لە تێکەڵاویی نێوان مرۆڤەکاندا.
رێگەی بخوور |
رێگەی بخوور
ئەم رێگەیە لە وەک کەناڵێکی پەیوەندیی لە نێوان هیندوستان و عەرەبستاندا بەکارهێنراوە و کاڵای لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە پێدا گوازراوەتەوە. لە نێوان سەدەکانی سێیەمی پێش زایین تا سەدەی دووەمی زایینی رێگەی بخوور لە باشووری عەرەبستانەوە بۆ حەوزی مێدیتەرانە لەگەشەکردندا بوو. ئەم بازرگانیە بۆ یەمەنیەکان زۆر گرنگ بوو چونکە ئەو ماددە بۆنخۆشانەی وەک بخوور و هەندێک کەتیرە و جەویی بۆندار و ئەمانەیان لە ئاسیا و ئەفریقاوە دەگواستەوە بۆ بەندەری غەززە لە ناوچەی مەدیتەرانە کە کڕیاری باشیان هەبوو. ئەم ماددانە دەکرانە بۆن و گوڵاو و بەتایبەتی لای خانەدان و کاربەدەستان نرخ و بایەخیان زۆر بوو. ئەم ڕێگەیە لەلایەن گەلی نەبەتییەوە کۆنترۆڵ دەکرا. نەبەتیەکان خەڵکێکی رەسەنی هەرێمەکە بوون کە لە چوار گەورە شاری هەرێمەکە کاریان دەکرد. شارەکان بریتی بوون لە هالووزا، مامشیت، ئاڤدات و شیڤتا. هەروەها ژمارەیەکی زۆر قەڵا بە درێژایی رێگەکە دروستکرابوون بۆ پارێزگاری لە رێگەکە و رووبەڕووبوونەوەی جەردە و رێگران. بەگوێرەی یادداشتی گەڕیدەیەکی رۆمانی، دووریی رێگەکە ٦٢ رۆژە رێ بووە و ٦٥ وێستگە بووە. ئەم رێگەیە لە خەیبەرەوە رێگەیەکی لێ جیابووەتەوە بۆ دەریای هورمز (کەنداوی فارس) و لەوێوە بۆ شاری ئوور و بابل و لەوێشەوە بۆ مووسڵی ئێستا و لە هەرکام لەم دوو شارە لەگەڵ رێگەی ئاوریشم تێکەڵ بووەتەوە. هەروەها رێگەیەک لە غەززەوە جیا بووەتەوە بۆ شام و لەوێ لەگەڵ رێگەی ئاوریشم یەکتریان گرتووەتەوە و لەم رێگەیەوە گەیشتووونەتە پاڵمیرا (تەدمور) و مووسڵ. شایانی باسە کە پاڵمیرا دەکەوێتە باشووری شاری رەققای ئێستا کە لەژێر دەسەڵاتی کورددایە.
سیستمی رێگەی ئینکا |
رێگەی بازرگانیی پێش-کۆڵۆمبیا
ئەم رێگەیە کە بە سیستمی رێگەی ئینکایش بەناوبانگە، لە ئەمریکای باشوور دروستکراوە و لە سەردەمی خۆیدا رێگەیەکی زۆر پێشکەوتوو بووە. درێژییەکەی ٤٠٠٠٠ کیلۆمەتر بووە. ڕێگەکە زۆر بە بایەخەوە بناخەی داڕێژراوە و لە هەندێک شوێن تەخت کراوە و ئاوەڕۆی پێویستی بۆ سازکراوە. دەکرێ لەگەڵ تۆڕی رێگاکانی ئیمپراتۆریی رۆم بەراورد بکرێ؛ هەرچەندە ئەمان ١٠٠٠ ساڵ دوای رێگەکانی رۆم دروستکراون. لەم رێگایەوە زانیاری و کەلوپەل و سەرباز و خەڵکی ئاسایی هاتن و چوون و ئاڵوگۆڕیان پێکراوە. ئەم رێگەیە دەکەوێتە وڵاتانی کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، پێروو، بۆلیڤیا، چیلی و ئەرژەنتینی ئێستا.
رێگەی ئاوریشم
رێگەی ئاوریشم بە کوردی زۆری لەسەر گوتراوە و نووسراوە بەڵام بەکورتی ئاماژەیەکی روون بە ئاراستەکەی دەکەین. ڕێگەی ئاوریشم لە یەکەمین رێگەکانە کە رۆژهەڵات و رۆژاوای جیهانی پێکەوە بەستووەتەوە. جیا لە خۆراک و کەلوپەلی گرنگی رۆژانە، بە هۆی ئەم رێگەیەوە تەکنۆلۆژیا، بیرۆکە و بۆچوونەکان، دین و رێبازە هزرییەکان و زۆر شتی تر لە نێوان رۆژاوا و رۆژهەڵاتدا ئەم دەست و ئەو دەستیان دەکرد. بوودیزم لەم رێگەیەوە توانی بگاتە رۆژاوا. هونەر وتێکەڵاویی فەرهەنگی لەم رێگەیەوە دروست بوو. رێگەی ئاوریشم ساڵی ١٣٠ پێش زایین، لە سەردەمی دەسەڵاتی هانەکانی چین دا بە فەرمی کرایەوە و تا ساڵی ١٤٥٣ ی زایینی خزمەتی بە مرۆڤایەتی کرد. دۆزەرەوەی ئەوروپایی مارکۆ پۆلۆ لەم رێگەیەوە گەیشتە چین و باسی وردەکارییەکانی ئەم رێگەیەی کردووە. جۆگرافیزان و گەڕیدەی ئەڵمانی فەردیناند ڤۆن ریکخۆڤن ساڵی ١٨٧٧ ناوی لەم رێگەیە نا (رێگەی ئاوریشم).
رێگەی ئاوریشم |
ئەو کاڵایانەی کە لەم ڕێگەیەوە لە رۆژاواوە گەیشتوونەتە رۆژهەڵات بریتی بوون لە:
ئەسپ، وشتر، زین، کورتان، سەگ و ئاژەڵی تری ماڵی و گۆشتی، مێو، ترێ، هەنگوین، میوە، پێست و خوری و مووی ئاژەڵ، شووشەجات، فەرش و قاڵی و بەڕەی خوری، کووتاڵ، زێڕ و زیو، بەندە و چەک وچۆڵ.
ئەو کاڵایانەی لە رۆژهەڵاتەوە گەیشتوونەتە رۆژاوا ئەمانە بوون:
ئاوریشم، چا، رەنگ، بەردی بەنرخ، چینی و فەخفووری، پۆرسلێن، ئاڵەتی وەک زەنجەفیل و دارچین و مێخەک، خشڵی برۆنز و زێڕ، بۆن و گوڵاو، ددانە فیل، برنج، کاغەز و باڕووت.
ئەم رێگەیە دەوروبەری ٦٤٣٧ کیلۆمەتر فراوان بووە؛ هەرچەندە تاکە یەک رێچکە نەبووە بەڵکوو تۆڕێکی پێکەوە بەستراوبووە و کۆمەڵێک رێگەی پێکەوە بەستووەتەوە. بۆ وێنە رێگەیەک لە ئۆزبەکستان و تورکەمەنستانەوە و رێگەیەکیش لە ئەفغانستانی ئێستاوە ، لە ڕێگەی وڵاتی فارسەوە گەیشتوونەتە کرماشان و ورمێ و بتلیس و ناوچەکانی دیکەی وەک مووسڵ و ئامەد و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان و شام و ئەوروپا وئەفریقا. ئەم ڕێگەیە لە سەدەی هەژدە و لە کاتی دەسەڵاتداری عوسمانییەکاندا بە رووی ئەوروپادا داخرا.
رێگەی مەزن |
رێگەی مەزن
ئەم رێگەیە لە بانگلادێشی ئێستاوە دەستی پێکردووە و بە هیندوستان دا هاتووە تا گەیشتووەتە شاری پیشاوەر لە پاکستانی ئەمڕۆ؛ و لەوێوە گەیشتووەتە شاری کابولی پایتەختی ئەمڕۆی ئەفغانستان.. ئەم ڕێگەیە ٢٥٠٠ ساڵ بە بەردەوامی خزمەتی کردووە. رێگەی مەزن یەکێک بووە لە ڕێگە گرنگەکانی جیهان و قەڵا و بنکەی پاراستن و بنکەی پۆست و بیر و چاڵاوی لەسەر بووە. بەشێکی ئەم رێگەیە لە خاکی پاکستانی ئەمڕۆدا لەگەڵ رێگەی ئاوریشم یەکتریان گرتووتەوە. لە سەردەمی ئیمپراتۆر (شێر شا سووری) دا رێگەکە فراوان کراوە و ١٧٠٠ رێگەی تری پێوە گرێدراوە و ژمارەیەکی زۆر میواناخانەی لەسەر ئەم رێگایانە دروست کردووە کە بە خۆڕایی خۆراک و سەرپەنایان داوە بە رێبواران. ئەم رێگەیە سەدەی سێیەمی پێش زایین لەلایەن ئیمپراتۆر (چاندراگوپتا ماوریا) وە بناخەی دانراوە. پێشتر بە رێگەی ئوتارا واتە باکوور، ساداک ئەعزەم، بادشاهی ساداک ناسراو بوو.
رێگەی ئەمبەر
رێگەی ئەمبەر رێگەیەکی تایبەت بوو بە ئەوروپاییەکان لەم رێگەیەوە و بازرگانیی کڕین و هێنانی ماددەی ئەمبەریان دەکرد. ئەمبەر بەهۆی بچووکی لە کێش و قەبارەدا، و گەورەیی لە نرخ و بەهایدا ئەوەندەی دەهێنا کە ئەم رێگا دوور و درێژەی بۆ بپێورێت. ئەمبەر لە هەڕێمی مەدیتەرانە بۆ جوانکاری بەکاردەهێنراو کڕیاری زۆر بوو. پێش ئەوەی رۆمەکان دەست بگرن بەسەر هەموو هەرێمی باکووری مەدیتەرانەدا، تاکە رێگایەکی بازرگانیی دوور کە هەیانبوو رێگەی ئەمبەر بوو. لەسەدەی یەکەمی زایینیدا لەسەر رێگەکە شار و شارۆچکە پەیدا بوون و ئیمپراتۆری رۆم تیتیووس فلاڤیوس ڤاسپاسیانووس گرنگیی زۆری پێدا و رێگەکەی خۆش کرد و تەختی کرد و بەگوێرەی ستانداردەکانی رێگە و بانی نێو شار چاکی کرد.
رێگەی بەدەریادا
ئەمەیش رێگەیەکی کۆن بوو کە لەسەردەمی رۆمان و خاچپەرەستەکاندا خزمەتی کردووە. ئەو ویلایەتانەی کە کەوتبوونە سەر ئەم رێگەیە مافیان هەبوو کە هاوڵاتانی خۆیان بە ئازادی لەم رێگەیە کار و کاسبی بکەن؛ بەڵام کەسانی دەرەوەی سنوور دەبووایە سەرانە بدەن بۆ بەکارهێنانی ئەم رێگەیە. ئەم رێگەیە لە شاری شام (دیمەشق)ەوە درێژ بووەتەوە تا ئیسراییل و بە کەناراوەکاندا شۆڕ بووەتەوە تا خاکی سینا و سەرەنجام گەیشتووەتە سەر رووباری نیل لە میسر. لەبەر ئەوەی ناوی ئوم رێگەیە لە لە زمانی عیبرییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر لاتین و لە ئینجیل دا ناوی هەیە، زۆر لە قەشە مەسیحیەکان بە دوای دۆزینەوەی شوێنەوارەکانیدا رۆیشتوون و لێیان کۆڵیوەتەوە؛ چونکە رێگەی رۆیشتنیان بووە بۆ حەجی ساڵانەیان.
رێگەی بیابانی |
رێگەی بیابانی
نووسەرانی موسڵمان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە سەردەمێک گەلانی ۆژاوای ئەفریقا تۆڕەکی تۆکمەی بازرگانیان دامەزراندووە لە ژێر دەسەڵاتی شایەکدا کە هەموو پێداویستییەکانی پاراستن و راییکردنی سەودا مامەڵەی فەراهەم کردووە و باج و سەرانەیشی وەرگرتووە. بابەتی سەرەکیی ئەم بازرگانییە کە لەم رێگەیەدا کراوە بریتی بووە لە زێڕ و خوێ. بەربەرەکان وەک کۆمەڵێک هۆزی بەتوانی بیابابنشین کە بوونەتە موسڵمان بە هۆی ئەو ئارەبەیەی کە ئەسپ رایکێشاوە توانیویانە رێگاکە کۆنترۆڵ بکەن. ئەم رێگەیە لە ١١٠٠ تا ١٥٠٠ی زایینی خزمەتی کردووە. بەگوێرەی سەرچاوە ئیسلامییەکان، بەر لە ئیسلامیش ئەم رێگە بازرگانی هەبووە. لەلایەکی دیکەوە بەر لە ئیمپراتۆریی رۆم و لەسەردەمی دەسەڵاتی یونانیەکاندا هیرۆدۆتوس دەڵێت لە میسر خەڵکی رەشپێست هەبووە کە لە رۆژاواوە هاتوون. واتە لەو سەردەمانەدا پەیوەدندیی بازرگانی لە نێوان ئەفریقا و مەدیتەرانەد هەبووە. زۆر بەڵگە هەیە کە نیشانی دەدات لە ساڵانی کۆن دا ئەفریقا وەک ئێستا گەرم و لمین و بێکەڵک نەبووە. پەیکەرە نوووسراوەکانی ئەلجەزایر و چاد کە دەگەڕێنەوە بۆ ١٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر ئەم راستییە دەسەلمێنن. لەو سەردەمە دێرینەدا بازرگانی لە نێوان ئەفریقای رۆژاوا و یەمەن و میسر و نیوەدورگەی عەرەبی دا کراوە.
وەک لە ناونیشانەکانی سەرەوە دەردەکەوێت، لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە مەردم گرنگیی پەیوەندییەکانی زانیوە و بۆ ئەو مەبەستە رێگای هەزاران کیلۆمەتری بڕیوە تا کاڵا و بەرهەمەکانی خۆی بگەیەنێتە بازاڕ و بە پێچەوانەوە ئەو کاڵاو پێداویستییانەیش بکڕێت کە خۆی نییەتی. وەک دەبینین رێگەی ئاوریشم راستەوخۆ و لە چەندین ئاراستەوە بە کوردستان تێپەڕیوە؛ و لەبەرئێوەی هەڵکەوتەی جۆگرافیایی کوردستان سەرەڕێی نێوان رۆژهەڵات و رۆژاوا بووە، کاڵای هەردووک جەمسەری جیهانی پێگەیشتووە؛ و کاڵاکانی خۆیشی بۆ هەردووک جەمسەر ناردووە. هەروەها ئەو رێگایانەی راستەخۆ نەگەیشتوونەتە کوردستان، وەک ڕێگەی بخوور و رێگەی مەزن و رێگەی بیابانیی ئەفریقا، هەر کامەیان بە تێکەڵبوون لەگەڵ رێگەی ئاوریشم، تۆڕی بازرگانییەکانیان فراوانتر بووە و کەم تا زۆر کاڵاکانیان گەیشتووەتە نیشتمانی ئێمە؛ و هی ئێمەیش بەوان گەیشتووە.
وەک لە ناونیشانەکانی سەرەوە دەردەکەوێت، لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە مەردم گرنگیی پەیوەندییەکانی زانیوە و بۆ ئەو مەبەستە رێگای هەزاران کیلۆمەتری بڕیوە تا کاڵا و بەرهەمەکانی خۆی بگەیەنێتە بازاڕ و بە پێچەوانەوە ئەو کاڵاو پێداویستییانەیش بکڕێت کە خۆی نییەتی. وەک دەبینین رێگەی ئاوریشم راستەوخۆ و لە چەندین ئاراستەوە بە کوردستان تێپەڕیوە؛ و لەبەرئێوەی هەڵکەوتەی جۆگرافیایی کوردستان سەرەڕێی نێوان رۆژهەڵات و رۆژاوا بووە، کاڵای هەردووک جەمسەری جیهانی پێگەیشتووە؛ و کاڵاکانی خۆیشی بۆ هەردووک جەمسەر ناردووە. هەروەها ئەو رێگایانەی راستەخۆ نەگەیشتوونەتە کوردستان، وەک ڕێگەی بخوور و رێگەی مەزن و رێگەی بیابانیی ئەفریقا، هەر کامەیان بە تێکەڵبوون لەگەڵ رێگەی ئاوریشم، تۆڕی بازرگانییەکانیان فراوانتر بووە و کەم تا زۆر کاڵاکانیان گەیشتووەتە نیشتمانی ئێمە؛ و هی ئێمەیش بەوان گەیشتووە.
سەرچاوە:
No comments:
Post a Comment