15.1.20

ئەو قارچکانەی لە شوێنی پیس دەڕوێن


جۆری پانایۆلوس سێمیۆڤاتووس ڤار. فالەیناروم
    لە پاشەرۆی گامێش دا روواوە

وەک لە هەندێک بابەتی پێشوودا بە کورتی ئاماژەی بۆ کراوە، مەرج نییە هەر قارچکێک لە شوێنی پیس بڕوێت، ژەهراوی بێت.  هەروەها مەرج نییە هەر قارچکێک لە شوێنی پاک و خاوێن بڕوێت، شایانی خواردن بێت.  مەرج نییە هەر کوارگێک شێوە و بیچمی جوان بێت، قارچکێکی خۆراکی بێت.  بە هەمان شێوە مەرج نییە قارچکێکی دزێو و نەتەچاو ژەهراوی بێت.
 ناسینی قارچک کەسی شارەزا و لێزان و خاوەن ئەزموونی دەوێت.  لە هەمان کاتدا دەبێ ئەم وتە بەناوبانگانەمان لە بیر بێت کە (هەموو کەڕووەکان دەخورێن، بەڵام هەندێکیان تەنیا جارێک دەخورێن).  هەروەها دەڵێن (کوارگەوانی نەترس زۆرن، بەڵام کوارگەوانی پیر و نەترس پەیدا نابێ).

ژمارە و جۆر و پۆل و خێزانی قارچکەکان و کەڕووەکان دەیان هەزارە و هێشتا بەشێکی زۆریان نەناسراون یا بەباشی نەناسراون.  زۆریش هەن هێشتا نەدۆزراونەتەوە.. چونکە ژینگەی سروشتیی کوارگەکان جۆراوجۆرە و بەگوێرەی ئاووهەوا و وەرزەکان و خاک و دەوروبەرەکەیان دەگۆڕێن.  لە سەر دەرختی زیندوو، درەختی وشک و مردوو، لەسەر خاکی لمین، خاکی رەش، خاکی سوور، خاکی گەچین، لەسەر پاشەرۆکی ئاژەڵ، لە سەر زبڵخانەکان، لەسەر پووش و پەڵاش و کاغەز، لە ئاخوڕ و هۆڵ و تەویلەکاندا، لە پاڵ دار و درەخت و گژ و گیا وەرزییەکان و تەنانەت لەسەر لاشەی زیندەوەر و باڵندە و مار دەڕوێن. بەتایبەتی پاشەڕۆی ئاژەڵەکان بۆ زۆر جۆر لە قارچکەکان گونجاوە و کەم کەس هەیە گەشتی دەشت و کێوانی کردبێت و چاوی نەکەوتبێت بە کوارگێک کە لەسەر پاشەرۆی ئاژەڵ روواوە.

سیلۆسایبن کیوبێنسس،  کارگی جادوویی    لە پاشەرۆی گا دا روواوە
لە راستیدا پاشەڕۆی ئاژەڵ ژینگەیەکی زۆر لەبارە بۆ رووان و گەشەکردنی زۆر لە قارچکەکان.  ئاژەڵەکە لە کاتی لەوەڕدا قارچکەکە یا هاگی قارچکەکە دەخوات و بەهۆی پتەویی دیواری خانەی هاگەکان، لە کۆئەندامی هەرسی  ئاژەڵەکەدا نامرن و لە رێگەی ریخۆڵەوە دێنە دەرەوە.  هەرکە لە دەرەوە کەشوهەوا گونجاو بوو، هاگەکە گەشەدەکات و دەبێتە ریسوو و سەرەنجام دەبێتە کارگ.

ئەو کوارگانەی لە نێو ریخ\سنێر\ شیاکە یا پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕوێن لە زمانی زانستی دا پێیان دەگوترێت  کۆپرۆفایلوس(coprophilous)؛ کە بە کوردی واتە شیاکەدۆست.  هەرچەند ژمارەی ئەو جۆرە قارچکانەی لە شوێنی پیس دەڕوێن زۆرە، و تا ئێستا چەندین پەرتووک تەرخان کراون بۆ باس و لێکۆڵینەوە لەسەر کوارگە شیاکەدۆستەکان، بەڵام لێرەدا تەنیا وێنە و ووردەکاریی چەند دانەیەک لەم جۆرە قارچکانە  بۆ نموونە و میناک دەخەینە بەرچاوی خوێنەر.

١- سیلۆسایبن کیوبێنسس لە پاشەرۆی مانگا\چێڵ دا دەڕوێت.  ئەم جۆرە کوارگە یەکێکە لە کوارگە ناسراوەکانی جادوویی و بە دەستیش دەڕوێنرێت بۆ مەبەستی فرۆشتن.


    پرۆتۆسترۆفاریا سێمیگڵۆباتا.  هەندێک سەرچاوە بە ژەهراوی و هەندێکیش بە
خۆراکی ناویان بردووە
٢- پرۆتۆسترۆفاریا سیمیگڵۆباتا لە پاشەڕۆی گا و لاما دا دەڕوێت.















مانیۆلوس سێمیۆڤاتوس ڤار. سێمۆڤاتووس. هەندێک سەرچاوە بە خۆراکی
ناویان بردووە بەڵام هەندێک دەڵێن شیاوی خواردن نییە
٣- مانیۆلوس سیمیۆڤاتووس ڤار. سێمۆڤاووس لە پاشەرۆی ئەسپ دا دەڕوێت













٤- ئەگاریکوس ئارڤێنسیس  زۆر نزیکە لەو جۆرە قارچکە سپییەی لە نێو چیمەن و مێرگ و گیاجاڕەکاندا دەڕوێت و لە راستیدا یەک خێزانن.  جیاوازیی ئەمە لەوەدایە کە لە دەوروبەری ئەو شوێنانە دەڕوێت کە پاشەرۆی ئەسپی لێیە بەتایبەتی دەوروبەری ئێختەرمەخانەکان (تەویلەی ئەسپ) لە وەرزی بەهار و پاییزدا ئەم جۆرە کوارگەی لێ دەڕوێت.  هەربۆیە لە زمانی ئینگلیسی دا پێیدەڵێن (Horse mushroom) واتە کوارگی ئەسپ.  شایانی باسە رێژەیەکی زۆر کەم ژەهری تێدایە کە هەندێک کەس لە دووای خواردنی ئەم جۆرە کوارگە دەڕشێتەوە، بەڵام مەترسی لە سەر ژیانی کەسەکە نییە.
ئەگاریکوس ئارڤێنسیس.  کوارگێکی خۆراکییە و لە
دەوروبەری ئەو شوێنانە دەڕوێت کە پاشەرۆی
ئەسپی لێیە























٥- کوارگی کۆپرینۆپسس سینێریا.  ئەمەیش قارچکێکی خۆراکییە لەسەر پاشەرۆی مانگا دەڕوێت

کۆپرینۆپسییس سینێریا.  لەسەر پاشەرۆی مانگا دەڕوێت و خۆراکییە















٦- دیکۆنیکا کۆپرۆفیلا.     ئەمەیش نەک ژەهراوی نییە بەڵکوو یەکێکە لەو جۆرە قارچکانەی کە ناسراون بە جادوویی کە لە پاشەرۆی ئاژەڵدا دەڕوێت.
دیکۆنیکا کۆپرۆفیلا   کارگی جادووییە و لە پاشەرۆی
ئاژەڵ دا دەڕوێت























پەرتووکی (کوارگەکانی ریخ) لەلایەن ئان بێڵ
کە ساڵی ١٩٨٣ لە نیوزیلەند چاپ و بڵاو کراوەتەوە















سەرچاوە:

No comments:

Post a Comment