14.2.22

کۆمپۆست بە کورتی



پەیینێکە کە لە ئەنجامی کەڵەکەکردنی چڵەدار و پەلک و چیلکە و پووش و پەڵاش و پاشەرۆ و لاشەی مردووی ئاژەڵ و و مێرووەکان و تاد.. لەسەریەک و شیبوونەوەی بەشێوەی سروشتی دروست دەبێت. خودی وشەی کۆمپۆست واتە تێکەڵە یا پێکهاتەیەک لە چەند شتی جیاواز. لە زمانی کوردیدا بە کۆمای چیلکە و پووش و پەڵاش دەگوترێت خاشاڵ یا خاشاک.
مێژووی دروستبوونی وشەی کۆمپۆست دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٣ کە لە ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی خاک پاشماوەکانی دار و درەختیان لە دوای داڕزان و شیبوونەوە بەکاردەهێنا.

لەم سەردەمەدا کۆمپۆست\خاشاڵ وەک بەرهەمێکی کشتوکاڵی بۆ بەهێزکردنی خاک لە زۆر شتی جیاواز درووستدەکرێت؛ و جۆری جیاوازی لێ بەرهەم دێت وەک خاشاڵی سەوز، خاشاڵی قاوەیی و خاشاڵی ئۆرگانیک و.. شایانی باسە کە هەموو کۆمپۆستێک پێی ناگوترێت کۆمپۆستی ئۆرگانیک؛ ئەگەر لە دروستکردنیدا کەمترین ماددەی کیمیایی، چ وەک دژە بەکتریا و دژە کەڕوو، چ وەک پیتاوەر بۆ بەهێزکردنی بەکارهێنرابێت. هەندێک لە کۆمپۆستەکان بۆ باشترکردن و زیاتر پیتاوەرکردنیان کرمی خاکیان بۆ زیاد دەکرێت.



 

کارگی بایۆ لیومینیسێنت یا کارگی زیندەشەونما


ئه‌م چەشنه‌ كوارگه‌ به‌ زۆری له‌ ناوچه‌ مامناوه‌ندی و گه‌رمەسێرە‌كان ده‌بینرێت و لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئوسترالیا، ئەوروپا و باکووری ئەمریکا دەڕوێت. بە زۆری لەسەر دار و درەخت دەڕسکێن. ئێستا ٨١ چەشنیان لێ ناسراوه‌؛ و هه‌موویان له‌ سانی (ئه‌گاریكاڵ) واتە کەڕووە بنکدارەکانن؛ ته‌نیا دانه‌یه‌كی کاسەدارەکان (ئه‌سكۆماسیت)ه‌ کە سه‌ر به‌ سانی (زایلاریاڵ)ه‌كانه‌.

هه‌موو شه‌ونما ئه‌گاریكاڵه‌كان بیچمیان وه‌ك قارچكه‌؛ رەنگی هاگە‌كانیان سپییه‌ و سەر بە چوار رەچەڵەکی پەرەسەندوون. وشەی بایۆلیومینیسێنت پێکهاتووە لە دوو بەشی بایۆ واتە زیندوو، و لیومن واتە رووناکی و رۆشنایی. لە زمانی کوردیدا وشەی شەونما بە مانای شتێک کە لە تاریکیدا دیار و نمایانە؛ هەربۆیە دەکرێت بەم چەشنە قارچکەیش بگوترێت کوارگی شەونما یا زیندەشەونما.

ئەم چەشنە کوارگانە تیشکی سەوز لە درێژەشەپۆلی ٥٢٠-٥٣٠ نانۆمەتر هەڵدەمژن. ئەم رووناکی مژینە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتە کە خانەکانی لاشەی کوارگەکە زیندوون. شایانی باسە کە نەک تەنیا میوەکەی واتە ساختاری قارچکەکە خۆی، بەڵکوو بۆی هەیە ریسووەکەیشی کە وەک رەگ و ریشە دەردەکەوێت شەونما بێت. یەکێک لەو کارگە شەونمایانە کە توانراوە لە ئاردەداری ستەورەکراودا بڕوێنرێت، بریتی بووە لە چەشنێک بە ناوی پانیلووس ستێپتیکوس کە لە هەموو چەشنەکانی تر درەوشاوەترە.


مەچیرک یا نیماتۆد



٢٥\١٢\٢٠٢٠

مەچیرک، کرمی خڕ یا گردەکرم. هەموویان کرمن و تیرەی مەچیرکەکان پێکدێنن. بەشێوەی ئاسایی مشەخۆر\مفتەژی و ناڕێکن. ووشەی نیماتۆد ووشەیەکی لاتینە و لە زمانی یۆنانی وەرگیراوە. نیمات بە واتای (مەچیر، دەزوو، ریس، پەت، بەن)، و هەروەها ئۆدێس بە واتای (وەک، وەکوو، لەگوین) وەرگیراوە. چونکە شێوەیان لە دەزوو یا مەچیر و پەت دەچێت. تیرەیەکی فرەڕەنگی زیندەوەرن و لە زۆر ژینگەی جیاوازدا بنەجێ دەبن.

لە رووی پۆلێنزانییەوە لە ریزی مێرووەکان و کاژهاوێژەکان دانراون. گۆنەکەکانی مەچیرک چەتوونە لە یەکتری جیابکرێنەوە. ژمارەی مەچیرکەکان تا ئێستا بە تەواوی رۆشن نییە بەڵام بەگوێرەی دووا رووپێوەکان کە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجام دراوە ژمارەیان پتر لە ٢٥ هەزارە. پێشتر لە ١٩٩٣ بڵاوکرابوویەوە کە ژمارەی مەچیرکەکان پتر لە یەک میلیۆن چەشنە.

مەچیرکەکان لە ژینگەی جیاوازی وەک ئاوی دەریا، ئاوی ساز، خاکەکان، لە جەمسەرەکانی دنیاوە تا هەرێمە گەرمەکان و بەرزترین چیاکان سەرکەوتووانە توانای ژیانیان هەیە. سووڕی ژیانی مەچیرکەکان بەگشتی دابەش دەبێت بە سەر چوار قۆناغی ساوایی و قۆناغێکی پێگەیشتووییدا. مەچیرک لە قۆناغی هێلکەوە تا گەورە دەبێت و هێلکەدەکات لە کەشوهەوای گونجاودا پێویستیی بە دوو تا چوار هەفتەیە.

لە رووی ئەندازە و قەبارەوە زۆربەیان بچووکن و لە پێنج تا سەد مایکرۆمەتر، و سفر پنت یەک تا دوو پنت پێنج میلیمەترن. بچووکترین مەچیرکەکان مایکرۆسکۆپین؛ لە کاتێکدا کە هەندێک چەشن ئازادژییەکان پێنج سەنتیمەترن، و هەندێک لە مشەخۆرەکانیش زۆر گەورەن و دەگەنە یەک مەتر. زۆربەی نیماتۆدەکان بێزیانن بەڵام ژمارەیەکیان زیان بە رووەکەکان دەگەیەنن و گرفتیان بۆ سازدەکەن. پەلاماری رووکاری دەرەوەی رووەکەکان لە رەگ و ریشە، قەد و بەژن، گەڵا و تەنانەت گوڵیش دەدەن و کونیان دەکەن و زیانیان پێدەگەیەنن. زۆر مەچیرکیش وەک بەشێک لە ژیانیان لە نێو رووەکەکاندا دەژیێن، و دەبنە هۆی زیانگەیاندن لە نێوەوە بۆدەرەوەی رووەکەکان. 



زمانی دایک و زمانی زانست



29/12/2020

دەتوانم بڵێم هەموو زمانەوانان کۆکن لەسەر ئەمە کە زمانی دایک زۆر گرنگە بۆ فێربوون. زۆر شت هەیە کە هەرچەند لە زمانێکی دووەمدا شارەزا و پسپۆر بیت، وەک لە زمانی دایکدا دەتوانیت دەریببڕیت، ناتوانیت بە هەمان شێوە بە زمانی دووەم دەریببڕیت. ئاساییە کە لە زمانی دووەمدا زۆر زیرەک و لێزان و شارەزا بیت؛ بەڵام مەرج نییە هەموو مەبەستێک بە هەمان تام و لەززەتی زمانی دایک بگەیەنیت بە گوێگر و بەردەنگ..

لەم سەردەمەدا جگە لە زمانی دووەم و سێیەم و زمانی سەپێندراو و سەردەست، زمانی زانستیش هەیە؛ کە واژەگەلی لاتین و یۆنانی و ئەلمانی و فرانسی لەسەر بنەمای تێگە و رێزمانی ئینگلسی لە هەموو بووارکانی زانستەکاندا تیایدا بەکاردەهێنرێت. زۆر جار کە پرسیار لە زمانەوان یا نووسەر و زمانزانێکی کورد دەکەین کە لە بەرامبەر فڵان ووشە یا چەمک و تێگەی زانستیدا چیمان بە کوردی هەیە؟ ئەگەر زانیان و ووشەیەکی سادە بوو، واتاکەت پێدەڵێن. ئەگەر نەیانزانی یەکسەر وەڵامت دەدەنەوە دەڵێن کاکە گیان پێویست ناکات هەموو ووشەیەکی زانستی بکرێتە کوردی! زمانی زانست لە هەموو جیهاندا هەر یەک زمانە!

بەڵێ ئەمە راستە زمانی زانست یەک زمانە؛ بەڵام بۆچی ئەو نەتەوە و زمانانەی تریش ئەوەندەی بۆیان کراوە و زمانەکەیان توانستی هەبووە لە بەرامبەر ووشە زانستییەکاندا بە زمانی خۆیان واژەیان دروستکردووە و داتاشیوە؟ هیچ کاتێک باکیان بەوە نەبووە کە زمانی زانست یەکە یا دووانە؛ بۆ ئەوان گرنگ ئەمە بووە کە هاوشانی زمانی زانست پەرە بە زمانەکەی خۆیشیان بدرێت. ئاخر ئەگەر زمانێک لە گەشە بوەستێت و واژەی بۆ زیاد نەکرێت، دوای ماوەیەک بێکەڵ دەبێت و ئاخێوەرانی ناچار دەبن دەستی لێبەردەن؛ و دەمرێت.

من کە بڕیارم داوە لەمەوبەدوا چڕشت بخەمە سەر بواری زیندەزانی و بەتایبەتی کەڕووزانی، دەزانم زمانی کوردی لەم بووارەدا لە دۆخێکی شڕدایە. هەرچەندە لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە لە باشوور خوێندنی زیندەزانی بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان هەبووە، بەڵام لە راستیدا زۆربەی ئەو واژە و تێگە و چەمکانەی لە پەرتووکەکانی قوتابخانەدا بەکارهێنراون، وەرگێڕدراوی عەرەبین و زۆر بە کەمی واتا زانستییەکە کە لە بنەڕەتدا یۆنانی و لاتینە، دەبەخشن. یا زۆر جار هەر لەسەر بنەمای وەرگێڕدراوە عەرەبییەکان ووشەیەکی زانستی کراوەتە دەستەواژەیەک لە جیاتی واژەیەک. لەلایەکی ترەوە لە داتاشینی ووشەکاندا هەوڵ نەدراوە سوود لە هەموو توانستی زمانی کوردی وەربگیرێت و رێبازێکی زۆر ساددەیان لە واژەتاشی و واژەسازیدا پەیڕەو کردووە؛ لە کاتێکدا کە زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەند و توانایە و دەکارێت لە بەرامبەر هەر واژەیەکدا چەندین واژە بئافرێنێ.

ئەگەر سەرنجێک لە زمانی فارسی بدرێت بە ئاسانی رووندەبێتەوە کە ئەوان بەو هەمکە هەژارییەی کە لە رووی واژەوە هەیانە و بە هەبوونی نزیکەی هەفتا پاشگرێک لە زمانەکەیاندا توانیویانە تا ئەو ئاستە زۆرە زمانەکەیان دەوڵەمەند بکەن کە بتوانێت بابەتگەلی زانستیی لە هەموو بووارەکاندا پێبنووسرێت. لە کاتێکدا کە کوردی پتر لە ٢٥٠ پاشگر و دەیان پێشگر و نێوگری هەیە و توانستی یاریکردن بە ووشە و دەنگ و چاوگ لە زمانی کوردیدا زۆر بێشترە لە فارسی؛ و لە ژمارەی ووشەکانیشدا هەر بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن؛ چونکە لانیکەم کوردی هەشت قاتی زمانی فارسی واژە و پەیڤی هەیە.

13.2.22

سەمارۆقی ئەمانیتا ڤۆڵڤەیتا

 ناخۆراکی  

کارگی ئەمانیتا ڤۆڵڤەیتا یا ئەمانیتا ڤۆڵڤەیت کوارگێکی ناخۆراکییە و رەنگی سپییە. لە نزیک درەختە گەڵادەرزیلەییە رەقەکان دەڕوێت.  بەشێوەی پەراکەندە یا کۆمەڵی بچووک دەبینرێت.  لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەمرریکا و لە وەرزەکانی هاوین و پاییزدا دەڕوێت.  رەنگە بە ئاسانی لە ئەمانیتا پۆدێرۆسا جیانەکرێتەوە.  ئەم چەشنە قارچکە ئامیڵۆیدە و کاسەکەی هەگبەییە.


تیرەی کلاوەکەی٣٥ تا ٦٠ میلیمەتر دەبێت.  سەرەتا کەمێک زۆپە بەڵام دوایی تەخت دەبێت و ووشک دەبێت.  رەنگی سپییە و لای نێوەراستەکەی کەمێک مەیلەو قاوەییە؛ کە بە پەڵەگەلی نەرم و سپیی ناڕێک دادەپۆشرێت؛ کە رەنگە کەمێک رەنگیان بەلای قاوەیی کراوەدا بگۆڕێت.  لێوارەکانی هێڵ و دێرەکی نییە یان ئەگەریش هەیبێت زۆر دیار نییە.

شیپەڕەکانی بە قەدەکەوە نەنووساون یا کەمێک پێیەوە نووساون.  هەروها لە یەکتریشەوە نزیکن.  رەنگیان سپی تا قەیماغییە؛ و ناوە ناوە شیپەڕەی کورتی تێدایە.


درێژیی قەدکەی ٤٠ تا ٩٠ میلیمەتر و ئەستوورییەکەی ٥ تا ١٠ میلیمەتر دەبێتلای سەرووی کەمێک باریکترە لە خواروورەنگی سپییە و لەو شوێنانە کە دەست بەریدەکەوێت یا کاتێک کە تەمەنی دەچێتە بان رەنگی دەگۆڕێت بەلای قاوەیی کاڵداکەمێک تفردارە و ئەڵقەی نییەبنەکەی لە کاسەیەکی شێوەهەگبەدایە و کە زۆر جار لەگەڵ چوونە سەری تەمەن و بۆڕبوونیدا رەنگی دەگۆڕێت بۆ قاوەییگۆشتەکەی سپییە و لەکاتی بڕین یا لەتبوونیدا رەنگی ناگۆڕێتهایدرۆکسیدی پۆتاسیۆمەیش کە دەتکێنرێتە سەر کڵاوەکەی رەنگی ناگۆڕێت.








سەرچاوە

مەشرووم ئێکسپێرت

ئەمانیتاسیی