لە رۆژهەڵات بە مەڕوماڵات دەگوترا دەوڵەت. هەربۆیە کەسێک کە مەڕ و ماڵاتی زۆری هەبووایە پێیان دەگوت دەوڵەمەند. دەوڵەمەند واتە خاوەن دەوڵەت، خاوەن مەڕ و ماڵاتی زۆر. زۆر جار دەیانگوت مەڕ و ماڵات پاشەرۆیەکەیشی هەر زێڕە. مەبەستیان ئەمە بوو کە پاشەرۆیەکەیشی بەخۆڕایی ناچێت و سوودی لێوەردەگیرێت. لە زمانی کوردیدا چەندین واژەی جیاواز هەیە کە واتای پاشەرۆی ئاژەڵ دەبەخشێت وەک: ریخ، سنێر، سەنیر، شیاکە، لاس، تەپکەلاس، ساهیک، سەرگین، کشپەڵ، پشقڵ وتاد.. بە پاشەرۆی وشکبوو دەڵێن تەپاڵە یا دەوەدەشتی. زۆر جاریش تەپاڵە وەک ناوێکی گشتی بۆ پاشەرۆی ئاژەڵ بەکاردەهێنرێت.
لە زۆربەی ناوچەکانی موکریان و ورمێ و بەشێکی ئەردەڵانیش لە وەرزی گەرمادا خەڵکی لادێکان پاشەرۆی ئاژەڵەکانیان کۆدەکردەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی وەک سووتەمەنی. ئەمەیش وەک ئەرکێکی ژنان بوو. پاشەرۆکەیان کۆدەکردەوە و ئاویان بەسەردادەکرد و وەک قوڕ هەڵیاندەشێلا و جارێکی تر لە شێوەی هێلەکەیی یا بازنەیی و قەبارەی جیاوازدا دایاندەڕشتەوە و لەبەر خۆرەتاو ووشکیان دەکردەوە. بەکارهێنانی پاشەڕۆی ئاژەڵ بەتایبەتی مەڕو بزن و مانگا وەک سووتەمەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە. لە ووڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵاتیش وەک نیپاڵ، هیندوستان، بانگلادێش و هەروەها پاکستان و ئازەربایجان و تاد.. پاشەرۆی ئاژەڵ بۆ خۆگەرمکردنەوە و چێشت و نان پێژان بەکاردەهێنرێت..
بە پاشەرۆی هەڵشێلدراوی داڕێژراویان دەگوت دەوە. دووای ووشکبوونەوە، بە شێوەی هەرەوەزی یا دەسەوام هەموو دەوەکانیان کۆدەکردەوە و لە شێوەی بینا و وارخانێکی جوان دایاندەمەزراند. بێگومان ژنی هونەرمەند و دەسڕەنگین هەبوون کە کاری بیناسازییەکەیان دەکرد. بۆ پاراستنی دەوەکان لە تەڕبوون و تلیسانەوە بەهۆی بەفر و باران، هەر بە پاشەرۆی ئاژەڵ رووکاری دەرەوەی بیناکەیان سوواق دەدا. لەبیرمە زۆر جار لەتکە ئاوێنە و شووشەی رەنگاورەنگیان لە دیوی دەرەوەی قەڵاخەکە دەچەسپاند بۆ مەبەستی جوانی و چاوەزار. بیناکە لە هەر ناوچەیەک ناوی تایبەت بەخۆی هەبوو، لە ناوچەی پیرانشار پێیان دەگوت قەڵاخ، قاڵاخ ، قەڵاغ یا قڵاغ. هەروەها دەوەڵان و کۆشکەڵانیشی پێدەگوترێت. گوایە ئە م واژەیە تورکییە و تورکە ئازەربایجانیەکان پێیدەڵێن قالاق واتە کۆما یا کۆگا. قەڵاخ تا سەرەتاکانی دەیەی ١٩٩٠ هەر مابوو، بەڵام لەوە بە دوواوە بەرەبەرە کەمبوویەوە؛ و رەنگە ئێستا نەمابێت.
پاشەرۆی ئاژەڵ لەو وڵاتانەی کە وەک بەرهەمهێنەری گۆشت و سپیایی ناسراون، یەکێکە لە گرفتە ژینگەییەکان. لەلایەکەوە راددەیەکی زۆر لە گازی میتان و نایترۆجینی لێوە دەردەچێت کە زیانی بۆ مرۆڤ و زیندەوەرەکانی تر هەیە و لەلایەکی تریشەوە وەک پاشماوەیەک ژینگە دژووندەکات و زۆرجار وەک زبڵ و کرش رەفتاری لەگەڵ دەکرێت و دەسووتێنرێت و دووکەڵەکەی هەوا پیسدەکات بێ ئەوەی سوودێکی لێوەربگیرێت. راستە لە ساڵانی پێشوویشدا دەسووتێنرا بەڵام ئەو کاتە لەبری نەوت و کارەبا و گاز کەڵکی لێوەردەگیرا و بۆ گەرمکردنەوە و نان وچێشت و تەنانەت بۆ گەرمکردنی کوورەی سوواڵەت و خشت سوورکردنەوەیش بەکاردەهێنرا.
سەرچاوە:
No comments:
Post a Comment