17.3.23
وردە قارچکێک لە شاری تایپێی تایوان دۆزرایەوە
4.3.23
چەشنە قارچکێکی تازە بە ناوی پۆڵ ستەیمێتسەوە دەکرێت
کوارگێکی جادوویی کە تازە دۆزراوەتەوە وەک شانازییەک بۆ تەڵاش و کۆششەکانی پۆڵ ستەیمێتس لە بوواری کەڕووزانیدا و بەتایبەتی بۆ کارکردنی لەسەر کوارگی جادوویی، ناوی دەنرێت سایڵۆسیب ستەیمێتسیی. ئەم چەشنە قارچکە لە لێڕەوارە هەورییەکانی ئیکوادۆر دۆراوەتەوە و دوو جار نموونەی لێوەرگیراوە؛ یەکەم جار ساڵ ٢٠١١ لە لایەن دوکتۆر و برین دێنتینگەر لە زانکۆی یووتا؛ و جاری دووەمیش ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن گیلیانا فورسی لە دامەزراوەی کەڕوو (Fungi Foundation).
ئەمە یەکەم جارە کوارگێک بەناوی پۆڵ ستەیمێتسەوە دەکرێت، بەتایبەتی کوارگێکی جادوویی کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت بۆ بەکارهێنانی وەک دەرمان لە دەرمانگەریی تازەدا. شایانی باسە کە پۆڵ ستەیمێتس جێ رێبازێکی تایبەتی هەیە بۆ بەکارهێنانی کوارگە جادووییەکان لە چارەسەری نەخۆشییەکانی خەڵکیدا.
سەرچاوە
11.2.23
لینجەبرشی میووسیلاگۆ
چەشنێک لینجە برشە لە خێزانی دیدیمایاسیی لە سانی فیزاراڵیس. هەرچەندە لینجە برشەکان کەڕووی راستەقینە نین. بەهۆی شێوە و روواڵەتەکەیەوە پێیدەگوترێت _لینجە برشی رشاوەی سەگ؛ یا کەڕووی رشاوەی سەگ. تەنمیوەکەی زەرد و سپییە، تا پتر بەردەوام دەبێت رەنگی کاڵتر دەبێتەوە. پاشان کە بەرەوە ووشکبوون دەڕوات، رەنگی رەش و تاریک دەبێت. واژەی میووسیلاگۆ وەک هەزاران واژەی تر لە زووانی لاتینەوە وەرگیراوە. ووشەی موکوس لە زمانی لاتین دا واتە چڵم.
ئەم جۆرە برشە لە کوردستانیش هەیە؛ و بە تایبەتی لەو شوێن و ناوچانە دەڕوێت کە ئاستی شێیان بەرزە و نمناکن. دوو ساڵ لەمەوبەر وێنەی ئەم برشەمان لە نزیک حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هات و لە لاپەڕەی (کۆمەڵگەی کوارگەوانانی کوردستان) دا بڵاوکرایەوە. شایانی سەرنجە کە ووشەی کەڕوو لە زمانی کوردیدا لە بەرامبەر (Fungi) ئینگلیسیدا بەکاردەهێنرێت کە هەموو چەشنەکانی کەڕوو دەگرێتە خۆ؛ بەڵام لە بەرامبەر ووشەی (Mould, Mold, Mildew)دا لە کوردیدا ووشەی برش بەکاردەهێنین کە تەنیا دەستەیەکی کەڕووەکان دەگرێتەوە و ئەم کەڕووانە بەشێوەی تۆزێکی سپی، شین، سەوز، سوور، قاوەیی و رەش دەردەکەوتن. هەر ئەم برشانە چەشنی لینج و دیسناکیشیان هەیە کە پێیان دەڵێن لینجەبرش.
https://www.facebook.com/komelgey.kwargewanani.kurdistan
.
22.1.23
کەڕووی کارگی سەدەف گازی دەمار بەکاردەهێنێت
![]() |
ساختارە شێوەمژمژەییەکانی کەڕووی پلوورۆتووس ئۆستریتووس |
لە بەدوواداچوونێک دا دەرکەوتووە کە قارچکی (پلورۆتووس ئۆستریتوس کە ناوە گشتییەکەی بریتییە لە قارچکی سەدەف جۆرە گازێکی دەمار پەکخەر دەردەدات بە ناوی ٣-ئۆکتانۆن بۆ پەکخستنی کرمگەلی وورد و پاشان دەیانخوات. ئەو ووردە کرمانە لە راستیدا کرمی مایکرۆسکۆپین و بە چاوی رووت نابینرێن. ئەم کرمانە بە ناوی مەچیرک (نیماتۆد) ناسراون و زۆرینەیان میمڵ و دوژمنی رووەک و دەرختەکانن. دیارە لە ساڵانی ١٩٨٠ وە زانراوە کە ئەم جۆرە کوارگە مەچیرکەکان راودەکات بەڵام شێوازی کارەکە رازێک بوو هیچ کەس سەری لێی دەرنەدەچوو.
یین-پینگ هسوو لە ئەکادیمیای سینیکا، کە ئەنستیتوویەکی توێژینەوەیە لە تایوان لەگەڵ هاوپیشەکانیدا سەلماندییان کە
![]() |
کارگی پلوورۆتووس ئۆسترتووس ناسراو بە سەدەف |
پلوورۆتووس ئۆستریتووس کۆمەڵێک ساختاری شێوە مژمژەیی هەیە، کاتێک مەچیرکەکان بە سەریان پاڵ دەدەن بە شێوەمژمژەییەکانەوە، دەکرێنەوە و وازدەبن. کاتێک واز دەبن گازێک دەردەدەن کە رێژەیەکی زۆر بەرز ژەهری تێدایە، ژەهرێک کە تەکووزی دەماری مەچیرکەکان ژاراوی دەکات.
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت دووای ئەوە کە ساختارە شێوە مژمژەییەکان دەکرێنەوە و گازەکە بەرەڵادەکەن، چیتر ناتوانن مەچیرکەکان ژاراوی بکەن. شایانی باسە کە ئەم گازە لە خودی کوارگەکە نایەتە دەرەوە بەڵکوو لە ریسوو\مایسیلیەمی کوارگەکەوە دێتە دەرەوە بۆ کوشتنی مەچیرکەکان.
ئەم بابەتە لای رووەکخۆرەکان گەنگەشەی ساز کردووە و هەندێکیان هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕە کە کارگی سەدەف چیتر خۆراکێکی رووەکی نییە.
سەرچاوە
21.9.22
زڕەبوومەستێرە، زڕەبوومەسارە
ناوی زانستییەکەی بریتییە لە ئەسترایوس هایگرۆمێتروکوس. جۆرە قارچکێکە لە خێزانی دیپڵۆسیستاسیی. کاتێک کە ساوایە لە پزلیک\پسڵە دەچێت بەڵام لەگەڵ چوونە سەری تەمەنی دا توێکڵی سەرەوەی لەتلەت دەبێت و لە شێوەی ئەستێرە بە زەوییەوە پان دەبێتەوە. ئەم جۆرە کوارگە لەو جۆرە کەڕووانەیە کە پەیوەندیی هاوژینییان بە درەختەوە هەیە و پەیوەندییەکەی دەرەکییە نەک ناوەکی. واتە لە نزیک هەندێک جۆر درەخت نەبێت، ناڕوێت؛ چونکە بەشێک لە خۆراکەکەی لە درەختەکەوە دابین دەکات. بە زۆری لە خاکێک دەڕوێت کە زیخ و چەوی هەبێت. هەر وەک پزلیک لە کاتی پێگەیشتنی دا دەتەقێت و تۆزێکی قاوەیی لە نێواخنەکەیەوە دێتە دەرەوە کە بریتییە لە هاگەکانی.
ئەم جۆرە کوارگە لە ئەمریکا دەڵێن بۆ خواردن ناشێت، بەڵام لە هیندوستان و نیپاڵ و باشووری بەنگلادێش دەخورێت و لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت. شایانی باسە کە کارگی بوومەستێرەیش هەیە کە جیاوازە لە زڕەبوومەستێرە. بە دڵنیاییەوە زڕەبوومەستێرە لە کوردستان هەیە، هەرچەند تا ئێستا هیچ ڤیدیۆ و وێنەیەکی لێ بڵاونەکراوەتەوە.