بە زیندەوەرێک دەگوترێ کە جۆرێک گیایە بەڵام هەموو تایبەتمەندییەکانی گیای تێدا نییە. بۆ وێنە گەڵای نییە، گوڵی نییە، تۆوی نییە و قەد و ریشەی گیائاسای نییە. هەندێک لە قەوزەکان بە راددەیەک لە گیاکان دوور کەوتوونەتەوە کە لە ریزی کەڕوو هەژمار دەکرێن. بەشێک لە قەوزەکان ئاوەژین و بەشێکیشیان لەسەر بەرد، درەخت یا خاک دەژیێن.
16.4.22
قـــــــــــــە و ز ە
10.4.22
زمانی کەڕووەکان لە چالاکیی نەقیزە کارەباییەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێ
ئەم قارچکە لە هەموو چەشنەکانی دی پتر چالاکییە ئاڵۆزە کارەبایییەکان بەرهەم دێنێت |
لە بابەتێکدا کە لە ماڵپەڕی (رۆیاڵ سۆسایەتی پەبڵیشینگ)دا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە قارچک و کەڕووەکان لە رێگەی ووزەیەکەوە کە هەیانە لە شێوەی وزەی دەماری دەتوانن پێکەوە گفتوگۆ بکەن. لەم بارەیەوە لە رێگەی بەکارهێنانی ئەلەکترۆدگەلی کارەباییەوە سەلمێندراوە کە پەنجا ئاماژە کە دەکرێ وەک ووشە ناویان ببردرێت بەکاردەهێنن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتریدا.
شیکارییە بیرکارییەکانی ئاماژە کارەباییەکانی کوارگەکان وەک ئەوەیە کە پەیامگەلێک بۆ یەکتری دەنێرن لە شێوەی ئاخاوتنی مرۆڤە. توێژینەوەکانی پێشووتر باسیان لەوە دەکرد کە کەڕووەکان لە رێگەی رایەڵەگەلێکی درێژ و باریکی ژێر زەوییەوە ترپەگەلێک دروست دەکەن لە شێوەی ئەوە دەمارانەی مرۆڤە کە زانیارییەکان دەگوازنەوە.
تەنانەت ئەوەیش نیشان دراوە کە رێژەی ترپەکانی رایەڵکەکانی بەرەو ژوور دەچێ کاتێک کە ریسووی کەڕووە چێو هەرسکەرەکان لەگەڵ کڵۆیەک چێو بەریەک دەکەون. وەک ئەوەیە کەدەنگیان بەرز بکەنەوە تا زانیارییەکانیان سەبارەت بە برینداربوون و خۆراک بگەیەنن بەشە دوورەکانی خۆیان یا بە درەختە هاوژینەکانیان بگەیەنن.
ئەلیکترۆدەکان بەم شێوەیە زانیارییەکانیان لە کەڕووەکان وەرگرتووە |
تاقیکردنەوە و پشکنینی چەند کوارگێک کراوە و ئاکامی هەموویان کۆکراوەتەوە و ئەوەی لێ هەڵگۆزراوە کە ئاماژەمان بۆ کرد. لەم بارەیەوە پرۆفیسۆر ئەندروو ئاداماتزکی لە زانکۆی رۆژاوای ئینگلیستان دەڵێت: ئێمە نازانی کە پەیوەندیی راستەخۆ لە نێوان پاترنە نەقیزەییەکانی کەڕوو و مرۆڤدا هەیە. رەنگە نەبێت، بەڵام لێکچوونی زۆریان هەیە لە پێواژۆتنی زانیارییەکانیاندا لە ژمارەیەک لە کوارگەکاندا. من تەنیا وەک سەرەسۆدرەیەک بەراوردم لە نێوانیاندا کرد.
سەرچاوە
9.4.22
قارچکەکانی جسنی تایرۆمایسیس
یەکێکە لە جسنەکانی فرەسووەکان لە خێزانی پۆڵیپۆراسیی. ساڵی ١٨٨١ لەلایەن کەڕووزان پیتەر کارستینەوە ناسێندراوە. گۆنمیناکی ئەم جسنە تایرۆمایسیس چایۆنیووسە کە لە زۆربەی ناوچە و مەڵبەندەکانی جیهان دەڕوێت و ناوە گشتییەکەی بریتییە لە سەلکە پەنیری سپی. ناوەکەی لە دوو واژەی یونانی پێکهاتووە (تیرۆش) واتە پەنیر و (میشیس) واتە کەڕوو.
تەنمیوەی ئەم چەشنە قارچکانە تەمەنیان کورتە و زۆربەیان رەنگیان سپییە بەڵام لەگەڵ چوونە سەری تەمەنیان و ووشک بوونیان دا رەنگیان دەگۆڕێت بۆ تاریکتر. رەنگی بەشی سووەکانی، واتە بنەوەی سپی یا قەیماغییە و هەندێک جار سەوزباوە. هەروەک کڵاوەکەی، بەشە سوودارەکەیشی لەگەڵ ووشک بوونیدا رەنگی تاریکتر دەبێت. ئەم جسنە ١١٩ چەشن لە خۆی دەگرێت و هەموویان لەسەر درەخت دەڕوێن و دایدەڕزێنن.
ئەم قارچکەی لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت بە ئەگەری زۆر یەکێکە لە چەشنەکانی جسنی تایرۆمایسیس کە کاک محەممەد مستەفا لە گەڵاڵەی باڵەکایەتی ڤیدیۆی گرتووە و بۆ ئێمەی ناردووە.
4.4.22
قاوەنجیر
قاوەی هەنجیر. لەم ساڵانەی دوواییدا جۆرێک قاوە پەیدا بووە کە لە هەنجیر دروستدەکرێت و ناوی لێنراوە (کۆفیگ) یا (قاوەنجیر). رەنگی وەک قاوەیە بەڵام کافایینی تێدا نییە و زۆریش بەسوودە. دەشێت وەک قاوە بخورێتەوە و هەروەها دەشێت لەگەڵ قاوەیش تێکەڵ بکرێت تا چێژ و مەزەی قاوەکە خۆش بکات. بۆ دروسکردنی قاوەنجیر هەر ئەووەندە بەسە کە هەنجیری ووشکراوە لە سەر ساج یا لە تەشتێکدا بۆبدرێت. بەجۆرێک کە رێژەی ئاو لە هەنجیرەکاندا بگاتە سفر. دوای ئەوە بە ووردی دەهاڕدرێت و لە دەفری پاک و خاوێن و سەر بەستەدا دەپارێزرێت.
29.3.22
کوارگی گوێ بەرخە
ژینگە: دەم چەم و نێو گیا و چیلکە و گەڵا
وەرز: سەرەتای مانگی نەورۆز
ساڵ: ٢٠٢٢
وێنە و ڤیدیۆ: هێمن حەمەدەمین
وەسف:
رەنگی کڵاوەکەی کە لە راستیدا کڵاو نییە بەڵکوو تەنراوێکی تەنکی لۆچدارە، قاوەیی تۆخە. دیوێکی ئەم تەنراوەیە کە دیوی دەرەوە یا سەرەوەیەتی لووسە. دیوەکەی تری رەنگی جیاوازە واتە سپییەکی مەیلەو خۆڵەمێشییە. لە وێنەکان و ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە ئەم بەشە لە قارچکەکە لە کوارگی دارگۆش دەچێت. وەک گوتمان بەشی سەرەوەی لە کڵاو ناچێت؛ و لە راستیدا لە مێزەر دەچێت؛ بۆیە لێرەدا واژەی مێزەری بۆ بەکار دەهێنم. گنج و لۆچی مێزەرەکەیان هەموو جارێ وەک یەک نییە، هەندێک جار لۆچی زۆر کەمە و دەڵێی دارگۆشە. خاڵێکی سەرنجڕاکێش لەم چەشنە قارچکەدا ئەمەیە کە هەندێکیان دوو مێزەریان هەیە واتە لە بەشی سەرەوەی قەدەکەیاندا لکێکی باریک جیا دەبێتەوە کە مێزەرێکی جیاوازی لێدەڕوێت.
قەدی کوارگی گوێ بەرخە سپییەکی تۆزکاڵێک قەیماغییە. درێژییەکەی لە دە سەنتیمەتر تێناپەڕێت. نێوەکەی هوڵۆڵە واتە بەتاڵە. دیواری قەدەکە نەرم و تەنکە و زۆر لە بۆڕیی پلاستیک دەچێت. لای سەرووی قەدەکە تەنیا لە دوو خاڵی جیاوازەوە بە مێزەرەکەوە چەسپاوە. رەنگی دیوی ناوەوەی قەدەکەی سپیترە لە رەنگی دەرەوەی.
هاگەکانی کوارگی گوێ بەرخە بەو دیوەی مێزەرەکەوە نووساون کە دەکەوێتە لای خوارەوە یا نێوەوە و رەنگی سپییە. بەگوێرەی ئەوانەی خواردوویانە چێژ و مەزەی قارچکی گوێ بەرخە لە دۆمەڵانەوە نزیکە؛ هەر بۆیە دەشێ بگوترێت لە کوارگە خۆشەکانە.
هەرچەندە تا تاقیکردنەوە و پشکنینی ووردی ئەزمونگەیی نەکرێت ناکرێت بڕیار لەسەر چەشن و جسنەکەی بدرێت، بەڵام بە باوەڕی من لە جسنی مۆرچێلایە. ئەم جسنە تا ئێستا ٨٠ چەشنی لێ ناسراوە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیش چەند چەشنێکیان تۆمار کراون.
شایانی سەرنجە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە باڵەکایەتی و برادۆست وێنەی ئەم کوارگەمان بۆ هاتبوو بەڵام بە هۆی ئەوە کە کوایەتیی وێنەکان باش نەبوو، لامان وابوو کە زڕە مۆرێلن. هەرچەند زڕە مۆرێلەکان ژەهراوین بەڵام هیچکامیان کوشندە نین. ئەم گوێ بەرخەیە نەک ژەهراوی نییە، بەڵکوو لە ناوچەی تەقتەق ناسراوە و مەردم وەک کوارگێکی خۆش ناوی دەبەن؛ تەنانەت کیلۆی بە ١٥ هەزار دینار دەیفرۆشن کە گرانترە لە نرخی کیلۆیەک گۆشت.