ترایکۆدێرما ریسی Trichoderma reesei کەڕوویەکە لە جسنی ترایکۆدێرما، خێزانی هایپۆکریسیی، سانی هایپۆکریڵەکان، پۆلی سۆرداریۆمایسیت و کەرتی ئاسکۆماسیتەکان. بریتییە لە کەڕوویەکی میانەدۆست و دەزوولەیی. واتە حەزی لە کەشوهەوای مامناوەندییە و شێوەکەیشی لە برش دەچێت. ئەم کەرووە بریتییە لە شێوەبگۆڕ (ئانامۆرف)ی کەڕووی هایپۆکری جیکۆرینا؛ و دەتوانێت بڕی زۆر لە ماددەی چزێنە سیلیولۆتیکەکانی وەک سیلیوولیزەکان و نیمچە سیلیوولیزەکان بدەڵێنێت. لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت بۆ گۆڕینی ماددە سیلیولۆزییەکان بۆ شەکر و زیندەئیتانۆڵی هەرزان.
ترایکۆدێرما ریسی لە بنەڕەتدا لە دورگەکانی سڵێمان و لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا تەریکخرایەوە بەهۆی ئەوەی کانڤاس و جلکی سوپای ئەمریکای دادەشکاند. هەموو ئەوگۆنانەی ئێستا بەکاردەهێنرێن لە زیندەتەکنۆلۆژی و توێژینەوەی بنگەییدا لەم تەریکخرانەوەیەوە وەرگیراون. شایانی باسە کە لەو رێکەوتەوە کە ئەم کەڕووە دۆزراوەتەوە زۆر پێشخراوە.
یەکێک لە تازەترین بەکارهێنانەکانی کەڕووی ترایکۆدێرما ریسی بریتی بوو لەو ئەزموون و تاقیکردنەوەی کە لەلایەن زانکۆی هێڵسنکی و ناوەندی توێژینەوەی تەکنیکیی فینلەند ئەنجامدرا. لەودا دەستەیەک لە زانایان ئەو بۆهێڵ (جین)ەی کە بەرپرسە لە هەڵگرتنی بلووپرینتی (ئۆڤاڵبوومین)سپێنەی هێلکە بە کەرەستەگەلی نوێی زیندەتەکنۆلۆژیانە ترنجاندوویانەتە نێو کەڕووی ترایکۆدێرما ریسییەوە. لە ئەنجامدا کەڕووەکە هەمان ئەو پرۆتینە دەدەڵێنێت و بەرهەمدەهێنێت کە مریشک بەرهەمیدەهێنێت. پاشان پرۆتینەکە لە خانە کەڕووییەکان جیادەکرێتەوە، خەستدەکرێتەوە و ووشکدەکرێتەوە بۆ دروسکردنی ئەو بەرهەمەی مەبەستە کە بریتییە لە ئۆڤاڵبوومینی هێڵکە بەشێوەی تۆز(پاودەر).
شایانی باسە کە ئۆڤاڵبوومینی هێلکە پتر لە نیوەی سپێنەی هێلکە پێکدەهێنێت و ساڵانە بە بڕێکی زۆر لە پیشەسازیدا بەکاردەهێنرێت. تەنیا ساڵی ٢٠٢٠ لە ئاستی جیهاندا ١،٦ میلیۆن تۆن ئۆڤاڵبوومین بەکارهێنراوە. هەربۆیە زانایان دەگەڕان بە دوای دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ هێلکەی مریشک کە هەرزانتر بێت و گونجاوتر بێت لەگەڵ ژینگەدا. بە بەراورد لەگەڵ هێلکەی مریشکدا لە سەدا نەوەد کەمتر رووبەری خاک بەکارهەنراوە و لەسەدا ٣١-٥٥ کەمتر گازی کەسکەماڵی دەردراوە.
سەرچاوە
یورۆپیان ساینتیست
مایکۆکۆسم
بایۆمەد سەنتراڵ