ئەمانیتای کۆکەر یا لێپیدێلای تەنیایشی پێدەگوترێت. کارگێکی ژەهراوییە؛ و یەکەم جار ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن کەڕووزان ئی. جەی گیڵبێرت و رۆبێرت کوهنەرەوە وەسفکرا و ناوی لێنرا لێپیدێلا کۆکەری. پاشان ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن گیڵبێرتەوە گوازرایەوە بۆ سەر جسنی ئەمانیتا و وەک رێزێک بۆ کەڕووزانی ئەمریکاەیی ویڵیان چامەرز کۆکەر ناوی لێنرا ئەمنانیتا کۆکەری. ئەم قارچکە کە رەنگی سپییە و کڵاوەکەی زیپکەدارە لێکچوونی زۆری هەیە لەگەڵ نزیکەی ٤٠ چەشنە قارچکی تری ئەمانیتا و لێپێدیلا؛ بەڵام باشترین نیشانە بۆ ناسینی ئەمانیتا کۆکەری بریتییە لە بنەکەی کە زۆر ئەستوورترە لە قەدەکەی و زۆرکەمیش دەچێتە نێو خاکەوە. هەرکاتێک دیتت بنەکەی زۆر لە خاکدایە دڵنیابە ئەمانیتا کۆکەری نییە. نیشانەیەکی تریش زیپکەکانی سەر کڵاوەکەیەتی کە گەورەن، نووکدارن و دەگۆڕێن بۆ قاوەیی. هەروەها ئەڵقەکەیشی زۆر ئەستوورە و لای خوارەوەیشی تفردارە.
تیرەی کڵاوەکەی ٨٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت. سەرتا نیمچەگۆییە و دوواتر بەرەبەرە تەختتر دەبێت. رەخشانە وکاتێک تەڕ دەبێت دیسناکە. گۆشتەکەی سپییە و لەکاتی بڕین یا لەتبووندا رەنگی ناگۆڕێت.
شیپەڕەکانی سەرەتا رەنگیان قەیماغییە و دوواتر دەگۆڕێن بۆ سپی. رەنگی هاگەکانیشی سپییە. لە یەکترییەوە نزیکن و بە قەدەوە نەنووساون یان کەمێک پێیەوە نووساون. هەندێک لە شیپەڕەکانیشی ناوە ناوە کورتن.
قەدەکەی ١٠٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٢ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێت. شێوەی قەدەکەی لوولەکییە و هەیشە سەرووی باریکترە لە خوارووەکەی. پتەوە و رەنگی سپییە. بەتایبەتی لای خوارەوە کە سەرکێکی ئەستوورە تفردارە. ئەڵقەکەی ئەستوورە و هەندێک پاشماوەی پەردەکەیش لە ئەڵقەوە شۆردەبێتەوە.
ئەمانیتا کۆکەری لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا لە دارستانەکانی بەڕوو و کاژدا دەڕوێت. لە تەمەنی ساوایی و بۆڕبوونیشدا بۆنی نییە بەڵام رەنگە رەنگە لە قۆناغێکدا بۆنی پرۆتینی گەنیوی لێوە بێت.
سەرچاوە