15.2.22

قارچکی ئەمانیتا کۆکەری

 ژەهراویبوون و نەبوونی یەکلا نەکراوەتەوە 

ئەمانیتای کۆکەر یا لێپیدێلای تەنیایشی پێدەگوترێت.  کارگێکی ژەهراوییە؛ و یەکەم جار ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن کەڕووزان ئی. جەی گیڵبێرت و رۆبێرت کوهنەرەوە وەسفکرا و ناوی لێنرا لێپیدێلا کۆکەری.  پاشان ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن گیڵبێرتەوە گوازرایەوە بۆ سەر جسنی ئەمانیتا و وەک رێزێک بۆ کەڕووزانی ئەمریکاەیی ویڵیان چامەرز کۆکەر ناوی لێنرا ئەمنانیتا کۆکەری.  ئەم قارچکە کە رەنگی سپییە و کڵاوەکەی زیپکەدارە لێکچوونی زۆری هەیە لەگەڵ نزیکەی ٤٠ چەشنە قارچکی تری ئەمانیتا و لێپێدیلا؛ بەڵام  باشترین نیشانە بۆ ناسینی ئەمانیتا کۆکەری بریتییە لە بنەکەی کە زۆر ئەستوورترە لە قەدەکەی و زۆرکەمیش دەچێتە نێو خاکەوە.  هەرکاتێک دیتت بنەکەی زۆر لە خاکدایە دڵنیابە ئەمانیتا کۆکەری نییە.  نیشانەیەکی تریش زیپکەکانی سەر کڵاوەکەیەتی کە گەورەن، نووکدارن و دەگۆڕێن بۆ قاوەیی.  هەروەها ئەڵقەکەیشی زۆر ئەستوورە و لای خوارەوەیشی تفردارە.


تیرەی کڵاوەکەی ٨٠ تا ١٥٠ میلیمەتر دەبێت.   سەرتا نیمچەگۆییە و دوواتر بەرەبەرە تەختتر دەبێت.  رەخشانە وکاتێک تەڕ دەبێت دیسناکە.  گۆشتەکەی سپییە و لەکاتی بڕین یا لەتبووندا رەنگی ناگۆڕێت.  

شیپەڕەکانی سەرەتا رەنگیان قەیماغییە و دوواتر دەگۆڕێن بۆ سپی.  رەنگی هاگەکانیشی سپییە.  لە یەکترییەوە نزیکن و بە قەدەوە نەنووساون یان کەمێک پێیەوە نووساون.  هەندێک لە شیپەڕەکانیشی ناوە ناوە کورتن.  


قەدەکەی ١٠٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر و تیرەی ئەستوورییەکەی ١٢ تا ٢٠ میلیمەتر دەبێت.  شێوەی قەدەکەی لوولەکییە و هەیشە سەرووی باریکترە لە خوارووەکەی.  پتەوە و رەنگی سپییە.  بەتایبەتی لای خوارەوە کە سەرکێکی ئەستوورە تفردارە.  ئەڵقەکەی ئەستوورە و هەندێک پاشماوەی پەردەکەیش لە ئەڵقەوە شۆردەبێتەوە. 


ئەمانیتا کۆکەری لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا لە دارستانەکانی بەڕوو و کاژدا دەڕوێتلە تەمەنی ساوایی و بۆڕبوونیشدا بۆنی نییە بەڵام رەنگە رەنگە لە قۆناغێکدا بۆنی پرۆتینی گەنیوی لێوە بێت.  

 



سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت

14.2.22

کوارگەکانی جسنی ترامێتیس


ترامێتیس لە خێزانی فرەسووەکان و پۆلی ئەگاریکومایستەکان و کەرتی باسیدیۆماسیتەکانە.  یەکێکە لە جسنە بەربڵاوەکانی قارچک.  دەشێت بگوترێت کە لە هەموو ناوچە و مەڵبەندەکانی جیهان هەیە.  لەسەر دار و درەختی زیندوو و مردوو دەڕوێت.   قەد و بەژنیان نییە و راستەوخۆ بە درەخت یا ئەو دار و چێوەوە دەنووسێن کە لەسەری دەڕوێن.   ژێر کڵاوەکەیان سوودارە واتە کونی وورد ووردی تێدایە کە هاگەکانیان لەم سووانەدا هەڵدەگرن.  نزیکەی ٥٠ چەشنی جیاوازیان هەیە.


 هەیانە رەنگاوڕەنگە و هەیانە یەکرەنگە یا دوو ڕەنگە.  لە زمانی گشتی دا بە کلکەقەل ناسراون.  ئەم جسنە کوارگە ساڵی ١٨٣٦ لەلایەن ئێلیاس ماگنووس فرایسەوە پۆلێن کراون.  بەشێوەی سروشتی خۆراکی هەندێک چەشنە پەروانە و مێروون.  کاتێک لەسەر درەختی زیندوو دەڕوێن، بەرەبەرە دەیڕێزێنن و وشکی دەکەن.


لەبەرئەوەی پێکهاتەکەیان جیڕ و چێوییە بۆ خواردن ناشێن بەڵام بەشێکیان لە کۆنەوە لە بوواری دەرمانی و پزیشکیدا بەکارهێنراونبەتایبەتی چەشنی ترامێتیس ڤێرسیکەڵەر کە دەرمانێکی هەرزان و کاریگەرە بۆ شێرپەنجە؛ بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک.






کەفیر


کەفیر بریتییە لە شیری هەوێنکراو کە وەک ماستێکی شل یا دۆیەکی خەست دێتەبەرچاو کە لە دەنکۆڵەگەلی کەفیر دروسدەکرێت. واتە دەنکۆڵەکانی کەفیر کە بریتین لە کۆمەڵێک بەکتریای جیاواز وەک هەوێن دەکرێتە نێو شیر؛ و شیرەکە لە ماوەی ٨ تا ١٢ هنگاردا دەڕیچێت و دەمەیێت. تام و چێژ و بۆنی هەروەک دۆیە، کەمێک ترشە و تا زیاتر بمێنێتەوە زیاتر ترش دەبێت و هەڵفزۆکە و تا رێژەیەکی زۆر کەمیش ماددەی ئاڵکۆڵی تێدایە.

کەفیر کشتێکە لە جۆرێکی تایبەتی هاوژینی میسۆفیلیک و لە هەوای نە زۆر گەرم و نە زۆر سارددا گەشەدەکات. دەنکۆڵەی کەفیر پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بەکتریای وەک لاکتۆباسیلوس کەفیرانۆفاسیەنس و هەروەها ساکارۆمایسیس تورایسێنسیس کە خۆیان و هەر بە رێکەوت لە یەکتری کۆووبەوەتەوە. واتە هەوێنی کەفیر جارێک دروست بووە و دووبارە نەبووەتەوە. 

ئەگەر کەسێک مەبەستی دروستکردنی کەفیری هەبێت، تەنیا کاتێک دەتوانێت دروستی بکات کە هەوێنەکەی یا دەنکۆڵەکانی دەسبکەوێت. وڵاتی رەسەنی کەفیر هەرێمەکانی قەفقازە و ئەم هەوێنە لەوێ رستکراوە یا بەڕێکەوت دروستبووە؛ بەڵام ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیای رۆژاوا و ئەوروپای رۆژهەڵات ناسراوە و بەشێوەی جیاواز دروستدەکرێت؛ و گەیشتووەتە بەشەکانی تری ئەوروپا و تەنانەت ئەمریکایش. بەگوێرەی چیرۆک و ئەفسانە قەفقازییەکان یەکەمجار دەنکۆڵەکانی کەفیر لەلایەن محەممەد پێغەمبەری ئیسلامەوە دراوە بە ئۆرتۆدۆکسەکان و رایسپاردوون کە بیپارێزن بۆئەوەی چاکە و فەڕ و رۆزییان زۆربێت..

سەبارەت بە واژەی کەفیریش بۆچوون وایە کە رەگی واژەکە لە (کۆپوور)ی تورکییەوە هاتووە بە مانای کەف. هەروەها بۆچوونێکیش دەڵێت وشەکە لە کەفی کوردی و فارسییەوە وەرگیراوە کە مانای بڵقیش دەدات. سەبارەت بە کوردییەکە بێ هیچ هەستێکی شۆڤێنیستیانە دەکرێت بگوترێت کەفیر کوردییە، هەروەک چۆن وشەی (خەمیر) کوردییە و لە (هەویر)ەوە وەرگیراوە. هەویر واتە ماددەیەک کە هەو دەکات یا دەئاوسێت و دەماسێت و هەڵدەفزێت. (کەفیر)یش رێک بە مانای ئەو ماددەیەیە کە کەف دەکات. هەروەتر وەکچۆن واژەی (پەنیر) کە زۆرێک لە زمانەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و باشووری ئاسیا بەکاریدەهێنن کوردییە؛ و لە (پەن) واتە پەنمان و ماسین و پاشگری (یر) دروستبووە.

کۆمبوچا


چاکارگ، چاکەڕوو، کارگی مەنچووریا، ناوە لاتینەکەی بریتییە لە مێدیوسۆمایسیس گیسڤی. بریتییە لە چای شیرینی ترشێندراوی هەڵفزاو کە بۆ مەبەستی سوودە تەندروستییەکانی دەنۆشرێت. هەندێک جار بۆ ئەوەی جیابکرێتەوە لە کشتی بەکتریا و هەوێن، پێیدەگوترێت چای کۆمبوچا. زۆر جار شەربەت، بەهارات، میوە و چێژ و بەرامەی تری تێدەکرێت تا مەزەدارتر بێت.

لە دروسکردنی کۆمبوچادا کشتی هاوژینیی بەکتریا و هەوێن بەکاردەهێنرێت و پێیدەگوترێت دایک یا کوارگ. پێکهاتەکانی دایک زۆر جار جیاوازن؛ بەڵام بەگشتی پێکهاتەی هەوێنەکەی بریتییە لە ساکارۆمایسیس سێریڤیسیای و چەشنەکانی تر؛ هەروەها پێکهاتەی بەکتریاکەی بریتییە لە گلوکۆناسیتۆباکتر زایلینوس.


بۆ ئەوەی بتوانیت کۆمبوچا بەرهەم بهێنیت، پێویستە سەرەتا کشت یا دایکەکەی پەیدا بکەیت. ئینجا لە دەفرێکی پاکدا چایەکی شیرەتین دروست دەکەیت بەڵام نابێت زۆر بەڕەنگ بێت. دەپاڵێورێت و تڵتەکەی فڕێدەدرێت. ئینجا شەکری تێدەکرێت و پارچەیەک لە کشتەکەی تێدا دادەنرێت؛ و سەری بە خامێکی پاک دادپۆشرێت و لە شوێنێکی تاریک دادەنرێت. لە رۆژی سێهەمەوە چایەکە ئامادە دەبێت بۆ خواردنەوە؛ بەڵام باشترین چای کۆمبوچا پێویستە هەفتەیەک بەسەریدا تێپەڕێت. شایانی سەرنجە کە نابێت شەکری زۆر تێبکرێت تا زۆر شیرین نەبێت.



کۆمپۆست بە کورتی



پەیینێکە کە لە ئەنجامی کەڵەکەکردنی چڵەدار و پەلک و چیلکە و پووش و پەڵاش و پاشەرۆ و لاشەی مردووی ئاژەڵ و و مێرووەکان و تاد.. لەسەریەک و شیبوونەوەی بەشێوەی سروشتی دروست دەبێت. خودی وشەی کۆمپۆست واتە تێکەڵە یا پێکهاتەیەک لە چەند شتی جیاواز. لە زمانی کوردیدا بە کۆمای چیلکە و پووش و پەڵاش دەگوترێت خاشاڵ یا خاشاک.
مێژووی دروستبوونی وشەی کۆمپۆست دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٣ کە لە ئەوروپا بۆ بەهێزکردنی خاک پاشماوەکانی دار و درەختیان لە دوای داڕزان و شیبوونەوە بەکاردەهێنا.

لەم سەردەمەدا کۆمپۆست\خاشاڵ وەک بەرهەمێکی کشتوکاڵی بۆ بەهێزکردنی خاک لە زۆر شتی جیاواز درووستدەکرێت؛ و جۆری جیاوازی لێ بەرهەم دێت وەک خاشاڵی سەوز، خاشاڵی قاوەیی و خاشاڵی ئۆرگانیک و.. شایانی باسە کە هەموو کۆمپۆستێک پێی ناگوترێت کۆمپۆستی ئۆرگانیک؛ ئەگەر لە دروستکردنیدا کەمترین ماددەی کیمیایی، چ وەک دژە بەکتریا و دژە کەڕوو، چ وەک پیتاوەر بۆ بەهێزکردنی بەکارهێنرابێت. هەندێک لە کۆمپۆستەکان بۆ باشترکردن و زیاتر پیتاوەرکردنیان کرمی خاکیان بۆ زیاد دەکرێت.