14.2.22
کۆمبوچا
کۆمپۆست بە کورتی
کارگی بایۆ لیومینیسێنت یا کارگی زیندەشەونما
ئهم چەشنه كوارگه به زۆری له ناوچه مامناوهندی و گهرمەسێرەكان دهبینرێت و لە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئوسترالیا، ئەوروپا و باکووری ئەمریکا دەڕوێت. بە زۆری لەسەر دار و درەخت دەڕسکێن. ئێستا ٨١ چەشنیان لێ ناسراوه؛ و ههموویان له سانی (ئهگاریكاڵ) واتە کەڕووە بنکدارەکانن؛ تهنیا دانهیهكی کاسەدارەکان (ئهسكۆماسیت)ه کە سهر به سانی (زایلاریاڵ)هكانه.
ههموو شهونما ئهگاریكاڵهكان بیچمیان وهك قارچكه؛ رەنگی هاگەكانیان سپییه و سەر بە چوار رەچەڵەکی پەرەسەندوون. وشەی بایۆلیومینیسێنت پێکهاتووە لە دوو بەشی بایۆ واتە زیندوو، و لیومن واتە رووناکی و رۆشنایی. لە زمانی کوردیدا وشەی شەونما بە مانای شتێک کە لە تاریکیدا دیار و نمایانە؛ هەربۆیە دەکرێت بەم چەشنە قارچکەیش بگوترێت کوارگی شەونما یا زیندەشەونما.
ئەم چەشنە کوارگانە تیشکی سەوز لە درێژەشەپۆلی ٥٢٠-٥٣٠ نانۆمەتر هەڵدەمژن. ئەم رووناکی مژینە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتە کە خانەکانی لاشەی کوارگەکە زیندوون. شایانی باسە کە نەک تەنیا میوەکەی واتە ساختاری قارچکەکە خۆی، بەڵکوو بۆی هەیە ریسووەکەیشی کە وەک رەگ و ریشە دەردەکەوێت شەونما بێت. یەکێک لەو کارگە شەونمایانە کە توانراوە لە ئاردەداری ستەورەکراودا بڕوێنرێت، بریتی بووە لە چەشنێک بە ناوی پانیلووس ستێپتیکوس کە لە هەموو چەشنەکانی تر درەوشاوەترە.
مەچیرک یا نیماتۆد
٢٥\١٢\٢٠٢٠
مەچیرک، کرمی خڕ یا گردەکرم. هەموویان کرمن و تیرەی مەچیرکەکان پێکدێنن. بەشێوەی ئاسایی مشەخۆر\مفتەژی و ناڕێکن. ووشەی نیماتۆد ووشەیەکی لاتینە و لە زمانی یۆنانی وەرگیراوە. نیمات بە واتای (مەچیر، دەزوو، ریس، پەت، بەن)، و هەروەها ئۆدێس بە واتای (وەک، وەکوو، لەگوین) وەرگیراوە. چونکە شێوەیان لە دەزوو یا مەچیر و پەت دەچێت. تیرەیەکی فرەڕەنگی زیندەوەرن و لە زۆر ژینگەی جیاوازدا بنەجێ دەبن.
لە رووی پۆلێنزانییەوە لە ریزی مێرووەکان و کاژهاوێژەکان دانراون. گۆنەکەکانی مەچیرک چەتوونە لە یەکتری جیابکرێنەوە. ژمارەی مەچیرکەکان تا ئێستا بە تەواوی رۆشن نییە بەڵام بەگوێرەی دووا رووپێوەکان کە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجام دراوە ژمارەیان پتر لە ٢٥ هەزارە. پێشتر لە ١٩٩٣ بڵاوکرابوویەوە کە ژمارەی مەچیرکەکان پتر لە یەک میلیۆن چەشنە.
مەچیرکەکان لە ژینگەی جیاوازی وەک ئاوی دەریا، ئاوی ساز، خاکەکان، لە جەمسەرەکانی دنیاوە تا هەرێمە گەرمەکان و بەرزترین چیاکان سەرکەوتووانە توانای ژیانیان هەیە. سووڕی ژیانی مەچیرکەکان بەگشتی دابەش دەبێت بە سەر چوار قۆناغی ساوایی و قۆناغێکی پێگەیشتووییدا. مەچیرک لە قۆناغی هێلکەوە تا گەورە دەبێت و هێلکەدەکات لە کەشوهەوای گونجاودا پێویستیی بە دوو تا چوار هەفتەیە.
لە رووی ئەندازە و قەبارەوە زۆربەیان بچووکن و لە پێنج تا سەد مایکرۆمەتر، و سفر پنت یەک تا دوو پنت پێنج میلیمەترن. بچووکترین مەچیرکەکان مایکرۆسکۆپین؛ لە کاتێکدا کە هەندێک چەشن ئازادژییەکان پێنج سەنتیمەترن، و هەندێک لە مشەخۆرەکانیش زۆر گەورەن و دەگەنە یەک مەتر. زۆربەی نیماتۆدەکان بێزیانن بەڵام ژمارەیەکیان زیان بە رووەکەکان دەگەیەنن و گرفتیان بۆ سازدەکەن. پەلاماری رووکاری دەرەوەی رووەکەکان لە رەگ و ریشە، قەد و بەژن، گەڵا و تەنانەت گوڵیش دەدەن و کونیان دەکەن و زیانیان پێدەگەیەنن. زۆر مەچیرکیش وەک بەشێک لە ژیانیان لە نێو رووەکەکاندا دەژیێن، و دەبنە هۆی زیانگەیاندن لە نێوەوە بۆدەرەوەی رووەکەکان.
زمانی دایک و زمانی زانست
من کە بڕیارم داوە لەمەوبەدوا چڕشت بخەمە سەر بواری زیندەزانی و بەتایبەتی کەڕووزانی، دەزانم زمانی کوردی لەم بووارەدا لە دۆخێکی شڕدایە. هەرچەندە لە دەیەی هەشتای سەدەی رابردووەوە لە باشوور خوێندنی زیندەزانی بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان هەبووە، بەڵام لە راستیدا زۆربەی ئەو واژە و تێگە و چەمکانەی لە پەرتووکەکانی قوتابخانەدا بەکارهێنراون، وەرگێڕدراوی عەرەبین و زۆر بە کەمی واتا زانستییەکە کە لە بنەڕەتدا یۆنانی و لاتینە، دەبەخشن. یا زۆر جار هەر لەسەر بنەمای وەرگێڕدراوە عەرەبییەکان ووشەیەکی زانستی کراوەتە دەستەواژەیەک لە جیاتی واژەیەک. لەلایەکی ترەوە لە داتاشینی ووشەکاندا هەوڵ نەدراوە سوود لە هەموو توانستی زمانی کوردی وەربگیرێت و رێبازێکی زۆر ساددەیان لە واژەتاشی و واژەسازیدا پەیڕەو کردووە؛ لە کاتێکدا کە زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەند و توانایە و دەکارێت لە بەرامبەر هەر واژەیەکدا چەندین واژە بئافرێنێ.
ئەگەر سەرنجێک لە زمانی فارسی بدرێت بە ئاسانی رووندەبێتەوە کە ئەوان بەو هەمکە هەژارییەی کە لە رووی واژەوە هەیانە و بە هەبوونی نزیکەی هەفتا پاشگرێک لە زمانەکەیاندا توانیویانە تا ئەو ئاستە زۆرە زمانەکەیان دەوڵەمەند بکەن کە بتوانێت بابەتگەلی زانستیی لە هەموو بووارەکاندا پێبنووسرێت. لە کاتێکدا کە کوردی پتر لە ٢٥٠ پاشگر و دەیان پێشگر و نێوگری هەیە و توانستی یاریکردن بە ووشە و دەنگ و چاوگ لە زمانی کوردیدا زۆر بێشترە لە فارسی؛ و لە ژمارەی ووشەکانیشدا هەر بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێن؛ چونکە لانیکەم کوردی هەشت قاتی زمانی فارسی واژە و پەیڤی هەیە.