25.1.22

قارچکی ئەمانیتا ئۆکریتا

  کوشندە 

لە جسنی ئەمانیتایە و لە کەرتی فاڵۆییدیەکانە.  ناوە گشتییەکەی بریتییە لە فریشتەی مەرگ، فریشتەی وێرانکەر یا کاولکار؛ و ەک کوارگە کوشندەکانی ئەمنیتا ژەهراوییە.  کەڕوویەکی خێزانی هێمدارەکان و ژەهراوییە. لە باشووری رۆژاوای ئەمریکا و لە نزیک درەختی بەروو دەڕوێت.  بەشێوەی ئاسایی لە وەرزی بەهاردا دەبینرێت.  رەنگی لەوانەیە سپی یا رەنگی گڵەسوور و زۆر جاریش لە نێوەراستی کڵاوەکەدا بگۆڕێت بۆ قاوەیی.  لە هەمان کاتدا رەنگی قەد و ئەڵقە و شیپەڕە و کاسەکەی سپییە.  سەرەتا وەک هێلەکەیەکی سپی دەردەکەوێت کە لە پەردەکەیدا پێچراوە.

ئینجا گەورە دەبێت و پەردەکە دەدڕێت و کڵاوەکەی گومبەزییە و دوواتر پتر دەکرێتەوە؛ و رەنگە تیرەی لە ٤٤ میلیمەترەوە بگاتە پتر لە ١٢٠ میلیمەتر؛  و پەردەکەیشی بەسەر کڵاوەکەوە دەنووسێت.  شیپەڕەکانی بە پاڵ یەکترییەوەن و بە قەدەوە نەنووساون و رەنگیان سپییە.  

کاسەکەی بنی لووس و سپییە و هەندێک جار نامێنێت یا زۆر باریک دەبێت.   قەدەکەی ٥٠ تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ١١ تا ٢٩ میلیمەتر ئەستوور دەبێت؛ و ئەڵقەیەکی تەنک و داوێندار بە سەرووی قەدەکەوە دەبینرێت.   قەدەکەی لوولەکییە یا بەرەو خوارەوە باتیک دەبێتەوە. هەروەها هوڵۆڵە واتە نێوی بەتاڵە.  لە ژێر ئەڵقەکەیەوە کەمێک ریشاڵدار و پتەوە.  

بۆنی نییە یا بۆنی کلۆرین یا ماسیی مردوو یا یۆد دەدات؛ و رەنگی هاگەکانیشی سپییە. 


یەکەم جار ساڵی ١٩٠٩ لەلایەن کەڕووزانی ئەمریکایی چارڵز هۆرتن پێکەوە وەسفیکراوە.  لە رووی ووشەڕەتزانییەوە لە ووشەی ئۆکریاتووسی لاتین وەرگیراوە کە واتا کەشکەپۆش دەدات.  کەشکەپۆش زرێ یا قەڵغانێک بوو لە سەردەمە کۆنەکاندا لە کاتی جەنگدا لە کەشکە یا لوولاک واتە نێوان ئەژنۆ و پێ دەبەسترا. 


لە سەەرەتای زستانەوە تا کۆتایی مانگی نەورۆز بۆی هەیە بڕوێتلە تەمەنی ساواییدا جیاکردنەوەی لە کارگی ئەگاریکوس بیسپۆروس و پزلیک ئاسان نییەکاتێکیش گەورە دەبێت جیاکردنەوەی لە قارچکە خۆراکییەکانی وەک ئەمانیتا ڤیڵۆسا و ئەمانیتا لانێڵ و ڤۆڵڤارێلاسپێشیۆسا دژوارە.  




سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

بایۆنیتی

ئای یوو سی ئێن

قارچکی ئەمانیتا بیسپۆریجێرا

 کوشندە 


ئەمەیش هەر ناوە گشتییەکەی فریشتەی وێرانکەر یا کاولکارە.  بەشی کوشتنی مرۆڤێک ژەهری ئاماتۆکسینی تێدایە.   خۆی کە رەنگی سپییە، هەر کاتێک دڵۆپێک ماددەی قڵیایی هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆمی بەربکەوێت خەرا رەنگۆ دەگۆڕێت بۆ زەرد.


تیرەی کڵاوی ئەمانیتا بیسپۆریجێرا ٢٥ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت.  وەک ئاماژەی بۆ کرا رەنگی سپییە؛ بەڵام زۆر جار لە نێوەراستی کڵاوەکەیدا رەنگی کەمێک بە لایی زەرد یا ئاڵدا دەگۆڕێت، بەتایبەتی کە بۆڕ دەبێت یان هەوا زۆر گەرم و ووشک دەبێت.  هەندێک جار کە برین و کەلێنێکی تێدەکەوێت، رەنگی دەگۆڕێت بۆ ژەنگی.  شێوەی کڵاوکەیشی قۆقزە.  لێوارەکانی هیچ پارچە و شتی زیادەی پێوە نییە.  

شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە قەدەکەوە نەنووساون.  بە پاڵ یەکترییەوەن، رەنگیان سپییە.  لە کاتی بڕین و لەتبووندا رەنگی ناگۆڕێت.  


قەدەکەی ٥٥ تا ١٤٠ میلیمەتر درێژ دەبێث و ٥ تا ٢٠ میلیمەتریش ئەستوور دەبێت.  رەنگی ئەویش سپییە؛ و تا بەرەو سەرتر دەچێت باریکترە؛ و لەو شوێنە بە کڵاوەکەوە دەنووسێت ئەستوورتر دەبێتەوە.  سەرەتا ریشاڵدارە بەڵام تا پتر بۆڕ دەبێت، لووستر دەبێت.  بنەکەی سەرکێکی ناڕێکە، نیمچ خڕ یا نیمچە هێلکەییە. 


ئەڵقەی سپی بە دەوری قەدەکەیەوە دەردەکەوێت، تەنک و باریک و داوێندارە.  رەنگە لەتلەت پێت و بە قەدەکەوە نەمێنێت.  کاسەی هەیە و بەرزیی کاسەکە لە بنییەوە دەگاتە ٣٨ میلیمەتر و ٢ میلیمەتر ئەستوورە.  رەنگی کاسەکەیش سپییە و رەنگە تۆزێک بەلای زەرددا بڕوانێت.


بۆنی ئەمانیتا بیسپۆریجێرا لە سەرەتای تەمەنیدا کەمێک خۆشە؛ بەڵام لەگەڵ بۆڕ بوونیدا دەگۆڕێت و ناخۆش و بۆگەن دەبێت هەروەک کارگی ئەمانیتا فاڵۆییدس. 


ئەم قارچکە لە ووڵاتانی وەک ئەمریکا، مەکسیکۆ، کانەدا و کۆڵۆمبیا دەبینرێت و بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ درەختە گەڵارێزۆکەکان و گەڵادەرزیلەییەکاندا دەڕوێتهەم بە تەنیا دەڕوێت و هەم بە کۆمەڵی گەورە و بچووکوەرزی رووانی دەکەوێتە نێوان هاوین و سەرەتاکانی پاییز

 





سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

زانکۆی دەوڵەتیی کارۆلینای باکوور 





کارگی ئەمانیتا ڤایرۆسا

 کوشندە 


ئەمانیتا ڤایرۆسا ناوە گشتییەکەی بریتییە لە فریشتەی وێرانکەر یا کاولکار کە لە هەمان کاتدا بە ئەمانیتا بیسپۆرێجیرا و ئەمانیتا ئۆکریتایش دەگوترێت.  ناوی ئەمانیتا ڤایرۆسا ساڵی ١٨٣٦ لەلایەن ئامارگیری فرانسی لویس-ئادۆڵف بێرتۆیلۆنەوە تۆمارکراوە.  


ئەمانیتا ڤایرۆسا بە زۆری لە ناوچە بەرزەوار و کوێستانەکانی ئەوروپا دەڕوێت بەڵام لە ناوچە نزماییەکانی دەڕوێت کە دەوروبەریان  چڵ و دەوەن و تەڕاش و دارستانی لێیە بە تایبەتی دارستانی درەختە گەڵادەرزیلەییەکان.  لە ناوچەکانی باکووری و ئەوروپا و بریتانیا لە نێوان مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانان و خەزەڵوەردا دەڕوێت.  تا ئێستا لە کوردستان نەبینراوە، هەرچەند ئامار و سەرژمێریی کەڕووەکانی کوردستان نادیارە.  هەر لەم وەرزەدا کارگی ئەمانیتا ڤێرنایش دەڕوێت کە زۆر زۆر نزیکە لە ڤایرۆسا و جیاکردنەوەیان چەتوونە.  بەڵام ئەگەر کەمێک هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم بەر ڤایرۆسا بکەوێت، دەسبەجێ رەنگی زەرد دەبێت؛ ئەمانیتا ڤێرنا هیچ کاردانەوەی بۆ هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم نییە.  

سەرنج:  هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم ماددەیەکە لە مشکی و خۆڵەمێشدایە و بۆ دروسکردنی سابوونی بەکاردەهێنرێت.  کۆمەڵێک دار و چێو دەسووتێنرێت و پاشان خۆڵەمێشەکەی کۆدەکرێتەوە و لە دەفرێکدا دەکرێتە نێو ئاوەوە.  دوای ٢٤ هنگار ئاوەکە دەپاڵێورێت و پاکدەکرێتەوە.  ئەم ئاوە هایدرۆکسیدی پۆتاسیومە؛ ماددەیەکی ژەهراوی و قڵیاییە.


وەک هەموو چەشنەکانی ئەمانیتا لە بنەکەیدا کاسەی هەیە.  کڵاوەکەی زۆر سپییە و لووسە و کاتێکیش تەڕ دەبێت لینجە.  تیرەی کڵاوەکەی لە ٥٠ تا ١٠٠ میلیمەتر دەبێت.   بە ساوایی شێوەی لە نیوەهێلکە یا گۆمەز دەچێت؛ و لەگەڵ چوونە سەری ەمەنی پان و تەخت دەبێت؛ و زۆر جار لە دوای پانبوونەوە پتەوییەک لە نێوڕاستیدا دەردەکەوێت.  ئەگەر پەردەکەی بەرێکەوت بە سەر کڵاوەکەوە بنووسێت، دوواتر لێدەبێتەوە و نامێنێت. 


شیپەڕەکانی لە یەکترییەوە نزیکن و رەنگیان سپییە.  ئازادن واتە بە قەدەکەیەوە نەنووساون؛ هەرچەند لەوانەیە بەدەگمەن بە ئاستەمێک بە قەدەکەوە بنووسێن.


قەدەکەیشی زۆر سپییە و ریشاڵدارە و لەگەڵ چوونەسەری تەمەنی، هۆڵۆڵ دەبێت.  لە ٩٠ تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و لە ٦ تا ٢٠ میلیمەتریش ئەستوور دەبێت.  هەروەها ئەڵقەیەکی کرتۆک بە دەوری قەدەکەوەیە لەلای سەرەوە و زۆر جار دیار نامێنێت.  کاسەیەکی گەورەی لە بنی هەیە کە لە خاکدا دەشاردرێتەوە.


رەنگی هاگەکانی سپییە و بۆنەکەی ناخۆشەهەرچەندە لە کوشندەترین قارچکەکانی جیهان هەژمار دەکرێت بەڵام هەندێک ئاژەڵی وەک کەروێشک و سمۆرە بینراون کە خواردوویانە؛ بێ ئەوەی هیچ کاریگەریی نەرێنی لەسەریان جێهێشتبێت




سەرچاوە

تۆتاڵی وایڵد

فێرست نەیچەر




 

چەشنی ئەمانیتا فاڵۆییدس

 کوشندە 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کڵاوەمەرگ.   کوشندەترین جۆری ژەهری تێدایە.  زۆربەی ئەو کەسانەی ساڵانە بە قارچک ژەهراوی دەبن و دەمرن ژەهراویبوونەکەیان بەهۆی ئەم کوارگەوەیە. سفر پنت یەک میلیگرام لەم ژەهرە بەسەر بۆ ژەهراویکردنی مەرگهێنەری یەک کیلۆ لە لەشی مرۆڤ، هەر بۆیە کاتێک کەسێک بڕی ٥ بۆ ٧ میلیگرام لەم ژەهرە دەخوات (کە ئەم بڕە لە یەک کارگدا هەیە)، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.  لە دوای خواردنی یەکەم جار جگەر دەکاتە ئامانج و پاشان گورچیلەکان.  دووای ٦ بۆ ١٢ هنگار نیشانەکانی هێڵنجدان و رشانەوە دەردەکەون.  هەرچەندە بۆی هەیە کەسەکە دوواتر هەست بەباشی بکات بەڵام ژەهرەکە بەردەوام دەبێت لە پەلاماردانی ئەندامەکانی تری لەش. دووای چەند رۆژێک کەسەکە زۆر نەخۆش دەبێت و تووشی زەردوویی دەبێت و ئینجا فێ و بێهۆشی و زۆر جاریش بە مەرگ کۆتایی دێت.


شوێنزای ئەم چەشنە کوارگە ئەوروپایە و لەوێ بە بەربڵاوی هەیە.  هەر لە باکوور ئەفریقاوە تا کەناراوەکانی باشووری سکاندیناڤیا و لە ئیرلەندەوە تا پۆڵەندا و رۆژاوای رووسیا دەبینرێت.  ئیتر لە نێو ئەم سنوورانەدا بەسێوەی دەرەڕەژکەکەڕووی لەگەڵ درەخەتاکاندا بە هاوژینی دەڕوێت؛ بە تایبەتی لەگەڵ درەختە رەقەکاندا زۆر گونجاوە.  لەو شوێنانە نابینرێت کە درەختی لە نییە.


ئەمانیتا فاڵۆییدس سەرەتا بەشێوەی هێڵکەیەکی بچووکی مریشک سەری لە خاک دەهێنێتە دەرەوە.  لەم تەمەنەدا زۆر لە پسڵە و کارگی دوگمەیی سپی دەچێت و رەنگە زۆر کەس بە هەڵە بیخوات.  ئەمانیتا فاڵۆییدسی بۆڕ کڵاوەکەی ٤٠ تا ١٦٠ میلیمەتر پان دەبێت؛ و رەنگی لە سپییەوە دەگۆڕێت بە لای زەیتونیی کاڵ بەڵام بە گشتی وەک سەوزی کاڵ، قاوەیی کاڵ و زەردی کاڵ و هەندێک جاریش سپی دەردەکەوێت.  سەرچاوەی تریش دەڵەن تیرەی کارگی فاڵۆیید لە ٥٠ تا ١٥٠ میلیمتر گەورە دەبێت؛ بە ساوایی سپییەو دووایی دەگۆڕێت بۆ زەرد، برۆنز یا زەیتوونی؛ و بەشی نێوەرستەکەی لە کەنارەکانی تاریکترە.  لە کەشوهەوای ووشکدا پارچەکەگەلی پەردە بەسەر کڵاوەکەوە دەنووسێت کە رەنگی سپیی قەیماغییە.


ئەم قارچکە بەشێوەی ئاسایی لە وەرزی پاییزدا پێدەگات. بەڵام ئەگەر هەوا زۆر گەرم نەبێت و دەوروبەرەکەی ئاودێری بکرێت لە وەرزی هاوینیشدا دەڕوێت.  کڵاوەکەی لە کاتی پیربوونیدا شەقار شەقار دەبێت و بۆنێکی زۆر ناخۆشی هەیە.  شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە قەدەکەیەوە نەنووساون.  رەنگیان سپییە و دەگۆڕێن بۆ قەیماغی.  هەندێک جاریش لەگەڵ پیربوونیدا رەنگی شیپەڕەکان دەگۆڕێت بۆ جۆرێک رەنگی ئاڵ.


قەد و بەژنی کارگی فاڵۆیید لە ٧٠ تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت.  رەنگی سپییە و هێڵگەلی زیگزاگیی تێدایە کە لە خۆربردەیی دەچێت؛ و بەگشتی رەنگی قەدەکە کراوەترە لە کڵاوەکە.


لە رووی ووشەڕەتزانییەوە ناوی فاڵۆیید لە ووشەی فاڵووسەوە هاتووە کە بە واتای رەپبوو دێت.  ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی تەنمیوەی قارچکەکە کە بە جۆرێک لە کاسەکەی دێتە دەرەوە وەک ئەوەیە کە رەپ بووبێت.

بنەکەی کە سەلکێکی ئاوساوە بە کاسەیەکی گەورەی سپی دەوردراوەهاگەکانیشی سپین.




سەرچاوە

سایینس دایرەکت

بی سی سی دی سی

فێرست نەیچەر

24.1.22

چەشنی ئەمانیتا موسکاریا

 ژەهراوی و ئاوەزگەردان 


ئەم چەشنە لە خێزانی ئەمانیتاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان و جسنی ئەمانیتایە و لە تیرەی باسیدیۆمایکۆتا یا کەڕووە هێمدارەکانە.  ناوە گشتییەکەی بریتییە لە مێشی ئەگاریک.  ناوی موسکاریا لە موسکای لاتینەوە هاتووە کە واتای مێش دەبەخشێت.  ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو کە لە هەندێک ووڵاتی ئەوروپایی ئەم قارچکەیان وورد دەکرد و لە دەورییەکدا شیریان دەکرد بەسەریدا.  سەرنجی مێشەکانی رادەکێشا؛ و کاتێک دەچوون شیرەکە بخۆنەوە یەکسەر پێی گێژ دەبوون و دەمردن.  ئەو ماددەیەی مێشەکانی دەکوشت بریتی بوو لە ترشی ئیبۆتینیک.

 ئەم چەشنە کوارگە کارگێکی ئاوەزگەردانە و وەک کارگی ژەهراوی هەژمار کراوە.  بە کۆمەڵی گەورە دەڕوێن و لەو شوێنانەی تەڕاش و ووردە دار و دەوەنی لێیە.  لە هەر شوێنێک بڕوێت بۆ ماوەی چەند ساڵی دوواتر لێیدەڕوێتەوە.  لە ئەمریکا، کانەدا، ئەوروپا و ئاسیا دەڕوێت.  بۆ نیوەگۆی باشووریش گوازراوەتەوە.  

کارڵ لینایوس ساڵی ١٧٥٣ لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی (چەشنەکانی رووەک) ناوی ئەم قارچکەی بردووە و وەپیکردووە؛ و ئەو کاتە پێیگوتووە ئەگاریکوس موسکاریوس.  ئەو سەردەمە زۆربەی شیپەڕەدارەکان لە جسنی ئەگاریکوس هەژمارکراون.   بەڵام ساڵی ١٧٨٣ کریستیان هێندرەیک پێرسوون گواستییەوە بۆ نێو جسنی ئەمانیتا؛ کە لەودا ئەمانیتا موسکاریا کراوەتە ئۆرناک.

شایانی باسە کە چەشنی ئەمانیتا موسکاریا چەند جۆر و گۆنەیەکی هەیە. وەک ئەمانیتا موسکاریائاڵبا، کە سپییە و دەگمەنە.  ئەمانیتا موسکاریا رێگالیس کە قاوەییە و هەندێک سەرچاوەیش وەک چەشنەکی جیاواز ناوی دەبەن.  ئەمانیتا موسکاریا فۆرمۆسا کە لە باکووری ئەمریکا زۆر ناسراوە، و کڵاوەکەی زەرد بۆ زەردی نارنجییە و زیپکەگەلی زەردوەش بەسەر کڵاوەکەیەوە دیارە و قەدەکەی زەردوەشە. 


ئەمانیتا موسکاریا دەشێت ئاوەزگەردان بێت و پێکهاتەگەلی کیمیایی تێدا بێت بەڵام پێناچێت ئەم پێکهاتانە هەمیشە بە چڕی تیایدا هەبن.  ئەمانە هەمان ئێو ماددە ئاوەزگەردانانە نین کە لە قارچکی وەک سیلۆسایب سێمیلانسیتا دا هەن؛ و پێیاندەگوترێت کارگی جادوویی.   خواردنی ئەمانیتا موسکاریای ووشک دەبێتە هۆی وێژنگدان، هێڵنجدان، ئارەقکردن، بینین و بیستنی تێکەڵ پێکەڵ، شادی و گێژی.  ئەم شێوە هەستکردنانە لە کەسێکەوە بۆ کەسەکی تر و بوگێرەی خواردنی بڕەکە دەگۆڕێت.  ئەگەری مردنیش هەیە بەڵام هیچ بەڵگەیەکی تۆمارکراوی مردن لە دەستدا نییە.


ئەم چەشنە کوارگە کاتێک تازە سەر دەردەهێنێت و ساوایە سەر کڵاوەکەی بە زیپکەگەلی سپی داپۆشراوە.  تا گەورەتر دەبێت پتر رەنگە سورەکەی دەردەکەوێت و  زیپکە سپییەکان لە یەکتری دووردەکەونەوە.  زۆر جار بارانی بەخوڕ یا هەندێک زیندەوەر زیپکە سپییەکانی سەر کڵاوەکە لادەبەن و تەنیا سوورییەکە دەمێنێتەوە.  لە کاتی بۆڕبوون دا تیرەی کڵاوەکەی ١٠٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سوورە و هەندێک جارش نارنجییە.  زۆر بە دەگمەنیش بە رەنگی سپی بینراوە.  کڵاوەکە کاتێک کە بۆڕ دەبێت، تەخت دەبێت و تەنانەت لە نێوەڕاستیدا دەبێتە چاڵ؛ بەڵام بە گشتی بەشێوەی قۆقز دەمێنێتەوە.  زۆربەی جاران کڵاوەکەی ناڕێکە و پارچەگەلی پەردەی پێوە دەبێت.  کاتێک دەشکێت یا لەتدەبێت گۆشتی بن توێژە سوورەکە یسپییە بەڵام لەگەڵ بەرکەوتن لە هەوادا دەگڕێت بۆ زەرد.

رەنگی شیپەڕەکانی سپییە.  ئازادن واتە بە قەد و بەژنەکەیوە نەنووساون.  شیپەڕەکانی کە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن، لەگەڵ بۆڕبوونی تەنمیوەکەدا رەنگیان دەگۆڕێت بۆ زەردی کراوە.


قەدەکەی ١٠٠ بۆ ٢٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و ١٥ تا ٢٠ میلیمەتریش ئەستوور دەبێت.  رەنگی سپییە و پرزۆڵدارە وئەڵقەیەکی پێوەیە.  بنی قەدەکەی بریتییە لە سەرکێکی سپی؛ و رەنگی هاگەکانیشی سپییە.

ئەمانیتا موسکاریا بەشێوەی دەرەرەژکەکەڕوویی لەگەڵ درەختە رەقەکان و نەرمەکان دەڕوێتلە ئەوروپا لە دووا مانگی هاوین و نێوەراستی پاییزدا دەڕوێت.




 

سەرچاوە

فێرست نەیچەر

وودڵاند ترەست