25.1.22

چەشنی ئەمانیتا فاڵۆییدس

 کوشندە 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە کڵاوەمەرگ.   کوشندەترین جۆری ژەهری تێدایە.  زۆربەی ئەو کەسانەی ساڵانە بە قارچک ژەهراوی دەبن و دەمرن ژەهراویبوونەکەیان بەهۆی ئەم کوارگەوەیە. سفر پنت یەک میلیگرام لەم ژەهرە بەسەر بۆ ژەهراویکردنی مەرگهێنەری یەک کیلۆ لە لەشی مرۆڤ، هەر بۆیە کاتێک کەسێک بڕی ٥ بۆ ٧ میلیگرام لەم ژەهرە دەخوات (کە ئەم بڕە لە یەک کارگدا هەیە)، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.  لە دوای خواردنی یەکەم جار جگەر دەکاتە ئامانج و پاشان گورچیلەکان.  دووای ٦ بۆ ١٢ هنگار نیشانەکانی هێڵنجدان و رشانەوە دەردەکەون.  هەرچەندە بۆی هەیە کەسەکە دوواتر هەست بەباشی بکات بەڵام ژەهرەکە بەردەوام دەبێت لە پەلاماردانی ئەندامەکانی تری لەش. دووای چەند رۆژێک کەسەکە زۆر نەخۆش دەبێت و تووشی زەردوویی دەبێت و ئینجا فێ و بێهۆشی و زۆر جاریش بە مەرگ کۆتایی دێت.


شوێنزای ئەم چەشنە کوارگە ئەوروپایە و لەوێ بە بەربڵاوی هەیە.  هەر لە باکوور ئەفریقاوە تا کەناراوەکانی باشووری سکاندیناڤیا و لە ئیرلەندەوە تا پۆڵەندا و رۆژاوای رووسیا دەبینرێت.  ئیتر لە نێو ئەم سنوورانەدا بەسێوەی دەرەڕەژکەکەڕووی لەگەڵ درەخەتاکاندا بە هاوژینی دەڕوێت؛ بە تایبەتی لەگەڵ درەختە رەقەکاندا زۆر گونجاوە.  لەو شوێنانە نابینرێت کە درەختی لە نییە.


ئەمانیتا فاڵۆییدس سەرەتا بەشێوەی هێڵکەیەکی بچووکی مریشک سەری لە خاک دەهێنێتە دەرەوە.  لەم تەمەنەدا زۆر لە پسڵە و کارگی دوگمەیی سپی دەچێت و رەنگە زۆر کەس بە هەڵە بیخوات.  ئەمانیتا فاڵۆییدسی بۆڕ کڵاوەکەی ٤٠ تا ١٦٠ میلیمەتر پان دەبێت؛ و رەنگی لە سپییەوە دەگۆڕێت بە لای زەیتونیی کاڵ بەڵام بە گشتی وەک سەوزی کاڵ، قاوەیی کاڵ و زەردی کاڵ و هەندێک جاریش سپی دەردەکەوێت.  سەرچاوەی تریش دەڵەن تیرەی کارگی فاڵۆیید لە ٥٠ تا ١٥٠ میلیمتر گەورە دەبێت؛ بە ساوایی سپییەو دووایی دەگۆڕێت بۆ زەرد، برۆنز یا زەیتوونی؛ و بەشی نێوەرستەکەی لە کەنارەکانی تاریکترە.  لە کەشوهەوای ووشکدا پارچەکەگەلی پەردە بەسەر کڵاوەکەوە دەنووسێت کە رەنگی سپیی قەیماغییە.


ئەم قارچکە بەشێوەی ئاسایی لە وەرزی پاییزدا پێدەگات. بەڵام ئەگەر هەوا زۆر گەرم نەبێت و دەوروبەرەکەی ئاودێری بکرێت لە وەرزی هاوینیشدا دەڕوێت.  کڵاوەکەی لە کاتی پیربوونیدا شەقار شەقار دەبێت و بۆنێکی زۆر ناخۆشی هەیە.  شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە قەدەکەیەوە نەنووساون.  رەنگیان سپییە و دەگۆڕێن بۆ قەیماغی.  هەندێک جاریش لەگەڵ پیربوونیدا رەنگی شیپەڕەکان دەگۆڕێت بۆ جۆرێک رەنگی ئاڵ.


قەد و بەژنی کارگی فاڵۆیید لە ٧٠ تا ١٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت.  رەنگی سپییە و هێڵگەلی زیگزاگیی تێدایە کە لە خۆربردەیی دەچێت؛ و بەگشتی رەنگی قەدەکە کراوەترە لە کڵاوەکە.


لە رووی ووشەڕەتزانییەوە ناوی فاڵۆیید لە ووشەی فاڵووسەوە هاتووە کە بە واتای رەپبوو دێت.  ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی تەنمیوەی قارچکەکە کە بە جۆرێک لە کاسەکەی دێتە دەرەوە وەک ئەوەیە کە رەپ بووبێت.

بنەکەی کە سەلکێکی ئاوساوە بە کاسەیەکی گەورەی سپی دەوردراوەهاگەکانیشی سپین.




سەرچاوە

سایینس دایرەکت

بی سی سی دی سی

فێرست نەیچەر

24.1.22

چەشنی ئەمانیتا موسکاریا

 ژەهراوی و ئاوەزگەردان 


ئەم چەشنە لە خێزانی ئەمانیتاسیی، سانی ئەگاریکاڵەکان و جسنی ئەمانیتایە و لە تیرەی باسیدیۆمایکۆتا یا کەڕووە هێمدارەکانە.  ناوە گشتییەکەی بریتییە لە مێشی ئەگاریک.  ناوی موسکاریا لە موسکای لاتینەوە هاتووە کە واتای مێش دەبەخشێت.  ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو کە لە هەندێک ووڵاتی ئەوروپایی ئەم قارچکەیان وورد دەکرد و لە دەورییەکدا شیریان دەکرد بەسەریدا.  سەرنجی مێشەکانی رادەکێشا؛ و کاتێک دەچوون شیرەکە بخۆنەوە یەکسەر پێی گێژ دەبوون و دەمردن.  ئەو ماددەیەی مێشەکانی دەکوشت بریتی بوو لە ترشی ئیبۆتینیک.

 ئەم چەشنە کوارگە کارگێکی ئاوەزگەردانە و وەک کارگی ژەهراوی هەژمار کراوە.  بە کۆمەڵی گەورە دەڕوێن و لەو شوێنانەی تەڕاش و ووردە دار و دەوەنی لێیە.  لە هەر شوێنێک بڕوێت بۆ ماوەی چەند ساڵی دوواتر لێیدەڕوێتەوە.  لە ئەمریکا، کانەدا، ئەوروپا و ئاسیا دەڕوێت.  بۆ نیوەگۆی باشووریش گوازراوەتەوە.  

کارڵ لینایوس ساڵی ١٧٥٣ لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی (چەشنەکانی رووەک) ناوی ئەم قارچکەی بردووە و وەپیکردووە؛ و ئەو کاتە پێیگوتووە ئەگاریکوس موسکاریوس.  ئەو سەردەمە زۆربەی شیپەڕەدارەکان لە جسنی ئەگاریکوس هەژمارکراون.   بەڵام ساڵی ١٧٨٣ کریستیان هێندرەیک پێرسوون گواستییەوە بۆ نێو جسنی ئەمانیتا؛ کە لەودا ئەمانیتا موسکاریا کراوەتە ئۆرناک.

شایانی باسە کە چەشنی ئەمانیتا موسکاریا چەند جۆر و گۆنەیەکی هەیە. وەک ئەمانیتا موسکاریائاڵبا، کە سپییە و دەگمەنە.  ئەمانیتا موسکاریا رێگالیس کە قاوەییە و هەندێک سەرچاوەیش وەک چەشنەکی جیاواز ناوی دەبەن.  ئەمانیتا موسکاریا فۆرمۆسا کە لە باکووری ئەمریکا زۆر ناسراوە، و کڵاوەکەی زەرد بۆ زەردی نارنجییە و زیپکەگەلی زەردوەش بەسەر کڵاوەکەیەوە دیارە و قەدەکەی زەردوەشە. 


ئەمانیتا موسکاریا دەشێت ئاوەزگەردان بێت و پێکهاتەگەلی کیمیایی تێدا بێت بەڵام پێناچێت ئەم پێکهاتانە هەمیشە بە چڕی تیایدا هەبن.  ئەمانە هەمان ئێو ماددە ئاوەزگەردانانە نین کە لە قارچکی وەک سیلۆسایب سێمیلانسیتا دا هەن؛ و پێیاندەگوترێت کارگی جادوویی.   خواردنی ئەمانیتا موسکاریای ووشک دەبێتە هۆی وێژنگدان، هێڵنجدان، ئارەقکردن، بینین و بیستنی تێکەڵ پێکەڵ، شادی و گێژی.  ئەم شێوە هەستکردنانە لە کەسێکەوە بۆ کەسەکی تر و بوگێرەی خواردنی بڕەکە دەگۆڕێت.  ئەگەری مردنیش هەیە بەڵام هیچ بەڵگەیەکی تۆمارکراوی مردن لە دەستدا نییە.


ئەم چەشنە کوارگە کاتێک تازە سەر دەردەهێنێت و ساوایە سەر کڵاوەکەی بە زیپکەگەلی سپی داپۆشراوە.  تا گەورەتر دەبێت پتر رەنگە سورەکەی دەردەکەوێت و  زیپکە سپییەکان لە یەکتری دووردەکەونەوە.  زۆر جار بارانی بەخوڕ یا هەندێک زیندەوەر زیپکە سپییەکانی سەر کڵاوەکە لادەبەن و تەنیا سوورییەکە دەمێنێتەوە.  لە کاتی بۆڕبوون دا تیرەی کڵاوەکەی ١٠٠ تا ٢٠٠ میلیمەتر دەبێت.  رەنگی سوورە و هەندێک جارش نارنجییە.  زۆر بە دەگمەنیش بە رەنگی سپی بینراوە.  کڵاوەکە کاتێک کە بۆڕ دەبێت، تەخت دەبێت و تەنانەت لە نێوەڕاستیدا دەبێتە چاڵ؛ بەڵام بە گشتی بەشێوەی قۆقز دەمێنێتەوە.  زۆربەی جاران کڵاوەکەی ناڕێکە و پارچەگەلی پەردەی پێوە دەبێت.  کاتێک دەشکێت یا لەتدەبێت گۆشتی بن توێژە سوورەکە یسپییە بەڵام لەگەڵ بەرکەوتن لە هەوادا دەگڕێت بۆ زەرد.

رەنگی شیپەڕەکانی سپییە.  ئازادن واتە بە قەد و بەژنەکەیوە نەنووساون.  شیپەڕەکانی کە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن، لەگەڵ بۆڕبوونی تەنمیوەکەدا رەنگیان دەگۆڕێت بۆ زەردی کراوە.


قەدەکەی ١٠٠ بۆ ٢٥٠ میلیمەتر درێژ دەبێت و ١٥ تا ٢٠ میلیمەتریش ئەستوور دەبێت.  رەنگی سپییە و پرزۆڵدارە وئەڵقەیەکی پێوەیە.  بنی قەدەکەی بریتییە لە سەرکێکی سپی؛ و رەنگی هاگەکانیشی سپییە.

ئەمانیتا موسکاریا بەشێوەی دەرەرەژکەکەڕوویی لەگەڵ درەختە رەقەکان و نەرمەکان دەڕوێتلە ئەوروپا لە دووا مانگی هاوین و نێوەراستی پاییزدا دەڕوێت.




 

سەرچاوە

فێرست نەیچەر

وودڵاند ترەست

کوارگی ئەمانیتا جاکسنیی

 خۆراکی 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە ئەمانیتای سیزاری رۆژهەڵات.  کوارگێکی خۆراکییە و لە نێو تەڕاشەکانی رۆژهەڵاتی کانەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان و مەکسیکۆ دەبینرێت.  رووانی لە دارستانەکانی سنەوبەر و بەڕوودا لە ناوچەکانی باکووری کارۆلینا ئاساییە.  لە مانگەکانی هاوین و پاییزدا دەڕوێت.  لە دوورەوە دیارە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی لە لێوارەکانی کڵاوەکەیەوە دەسدەکات بە کاڵبوونەوەی رەنگە سوورەکەی.  قەدەکەی نارنجییە و ووردە ریشاڵی پێوە دیارە.


کڵاوی ئەم قارچکە بۆی هەیە تا دەوروبەری لە ٥٠ تا ١٢٠ میلیمەتر پان بێت.  سەرەتا هێلکەییە، دووایی قۆقز دەبێت و شێوە کۆسپەیەک لە نێوەڕاستییەوە دروستدەبێت.   شیپەڕەکانی زۆر بە چڕی پاڵیانداوە بە یەکترییەوە.  رەنگیان زەردی نارنجییە و  بە بەژنەکەیەوە نەنووساون یان کەمووسکەیەک پێیەوە نووساون.


قەدی کارگی ئەمانیتا جاکسنی٩٠ میلیمەتر تا ١٥٠٠ میلیمەتر درێژ دەبێت؛ و ١٠ تا ١٥ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  رەنگی بەژنەکەی زەردە و ریشاڵی نارنجی و سووروەشی تێدا دیارە.  هەروەها ئەڵقەیەک بە دەوری قەدەکەیەوە هەیە کە وەک داوێنی کراس پێیدا شۆڕدەبێتەوە.   لە بنەکەیشی کاسەیەکی هەیە لە ٤٠ تا ٧٠ میلیمەتر بەرزە و ٤ میلیمەتر ئەستوورە.


گۆشتی ئەم کوارگە لە ژێر توێژە زەرد و سوور و نارنجییەکەیدا سپی یا زەردی کراوەیە و  رەنگیشی ناگۆڕێت.  کاتێک کە هایدرۆکسیید پۆتاسیوم بکرێت بە سەر کڵاوەکەیدا رەنگی دەگۆڕێت بۆ زەرد.  رەنگی هاگەکانیشی سپییە.


هەرچەندە ئەم قارچکە خۆراکییە بەڵام پێویستە ووریایی و هۆشیاریی زۆر بخرێتەکار بۆ ناسینی؛ چونکە لە شێوەدا زۆر لە چەشنە کوشندەکانی ئەمانیتاوە نزیکە.  




سەرچاوەکان

نۆرت کارۆڵینا ستەیت یونیڤێرسیتی

مەشرووم ئێکسپێرت

کوارگی ئەمانیتا چیپەنگیانا

  خۆراکی 

ناوە گشتییەکەی بریتییە لە سیزارە باریکەڵەی چیپەنگ.  چیپەنگ ناوی گەلێکە لە ناوەندی ووڵاتی تیبەت لە چین دەژیێن.  ئەم چەشنە کوارگە کە لە جسنی ئەمانیتا و خێزانی ئەمانیتاسییە شوەنزاکەی ناوچەی چیپەنگە.  لە هەندێک ناوچەی یوونانی چینیش دەیخۆن، هەرچەندە لە ئەنجامی پشکنینەکانەوە دەرکەوتووە کە جۆرێک ژەهری ئاماتۆکسین و فاڵۆتۆکسینی تێدایە.  


کڵاوەکەی ١٣٠ تا ١٩٠ میلیمەتر دەبێت و زۆربەی جاران سپیەکی پەتییە؛ هەندێک جاریش لە ناوەرستەکەیدا  تۆزێک بەلای سورمەیی، قاوەیی، و زەردباویدا دەڕوانێت.  

شیپەڕەکانی ئازادن واتە بە بەژنەکەیەوە نەنووساون.  کەمووسکەیەک لە یەکتریەوە نزیکن.  رەنگیان سپی بۆ ئاڵی کراوەیە؛ و ١٥ میلیمەتر دەبن. 


قەدی چیپەنگیانا لە ١٥٠ تا ١٨٠ سانتیمەتر درێژە و نزیکەی ٢٠ میلیمەتر ئەستوورە.  رەنگی سپییە و قەفێکی دامەنداری سپیی پێوەیە. هەروەها کاسەیەکی پەردەداری سپیی لە بنەکەیدا هەیە کە رووی دەرەوەی ٥٠ تا ٦٠ میلیمەتر دەبێت.  هەندێک جار رەنگەکەی زەردی کاڵ یا زەردی مەیلە و قاوەییە.

ئەمانیتا چیپەنگیا بە هاوژینی لەگەڵ درەختەکانی خێزانی فاگاسیی و دیپتێرۆکارپاسیی دەڕوێت.






سەرچاوە

23.1.22

قارچکی ئەمانیتا ریووبیسینس

 خۆراکی 

ئەم چەشنە کوارگە بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە.  بە هاوژینی لەگەڵ درەختەکانی سنەوبەر و بەروو و هیتردا دەڕوێت.  بە زۆری لە باکووری ئەوروپا بینراوە.  بە هۆی هەناردەکرانی دار و درەختان لە باکووری ئەوروپاوە بۆ ووڵات و کیشوەرەکانی تر، بە زۆر ووڵاتاندا بڵاو بووەتەوە.


کڵاوەکەی ٦١ تا ١٠٧ میلیمەتر پان دەبێت.  رەنگی قاوەیی مەیلە و مسییە؛ و زیپکەدارە.  یەکەم جار کڵاوەکەی شێوەی نیوەگۆیە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ قۆقزی و پاشان نیمچە قۆقز و تەخت.  نیمچە دیسنەک و نیمچە رەخشانە.

کاسەی بنی هەیە کە رەنگی سورمەیی قاوەیی باوە.  زیپکەکانی ناڕێک و بچووکن و بە ئاسانی لێدەکرێنەوە.  ئەستووریی گۆشتی کڵاوەکە لەسەر  قەدەکەی ١٠ تا ١١ و نیو میلیمەتر دەبێت؛ و تا بەرەو لای لێوارەکانی دەڕوات تەنکتر دەبێت. 

 

شیپەڕەکانی ئەمانیتا ریووبیسێنس سپین و بە قەدەکەوە نووساون و نەنووساون.  شیپەڕەکان ٥ تا ١٥ میلیمەتر درێژن و لەسەر قەدی کوارگەکە ئاسەواریان نابینرێت.  قەدەکەی ٤٧ تا ٦٨ میلیمەتر درێژ دەبێت و ١٧ تا ٢٢ میلیمەتر ئەستوور دەبێت.  رەنگی سپییە و دوواتر دەگۆڕێت بۆ بۆ مەیلە و ئاڵی.  تا بەرەو سەرەوە دەڕوات باریکترە و رەنگی کراوەترە؛ و تفردارە.


بنەکەی سەرکی هەیە و ١٦ تا٣٠ میلیمەتر دەبێت.  لە لای سەرەوەی قەف و ئەڵقەی پێوەیە کە لە شێوەی داوێنی کراسە.  سەرەتا سپییە و دووایی دەگۆڕێت بۆ قەیماغی و رەنگە دوواتر بوەرێت.


 ئەمانیتا ریووبیسێنس هەندێک جار کاسەکەی وەک تۆزێکی سورمەیی بەسەر سەرکەکەیەوە دەبینرێت.  یان وەک پارچەگەلێکی نەرم لەسەر خاکی دەوروبەرەکەی جێدەمێنێت.  کارگێکی خۆراکییە و بۆنێکی خۆشی قارچکانەی هەیە





سەرچاوە

ئەمانیتاسیی

مەشرووم ئێکسپێرت