لە کوردەواریدا ناسراوترین و بەناوبانگترین قارچک ئەو قارچکانەن کە وەرزی بەهار و لە کوێستانەکان دەڕوێن. ئەم کوارگانە هەموویان بە ناوی ئەو رووەکەوە ناسراون کە قارچکەکە لە پاڵیدا روواوە. دیارە بە گوێرەی ناوچەکان و زار و زمانەکان ناوەکانیش دەگۆڕێن. هەندێک جار جیاوازییەکان کەمن و هەندێک جاریش ئەوەندە زۆرن رەنگە لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ بکرێت. بەشێک لە ناوی ئەم کوارگانە بەم جۆرەیە: کەما، کەموون، کەمیر، هەڵز، هەڵیز، هێلیز، هەلیزان، هەنوان، بۆڕ، لۆ، کەرکۆڵ، کەرکووڵ، کەرکۆر، تاڵیتۆز، چەڤر، چەورە، خوون، خوێڕک، رەس، چاکشوور، چەقەلۆ، رەزیانکا مەزن، رەزیانە کێویلە، سیابۆ، هەبۆسان، چاڤەشیر، جاخ، جاقسوور، چاخشوور، جاشیر و تاد…. لە راستیدا لیزگەی ناوەکان لەمە درێژترە و ئەگەر بە دواداچوونی تایبەتی بۆ بکرێت زانیاریی ووردتر و زیاتر لەم بارەیەوە لە لادێکان و لای خەڵکی کوێستان و بەرزەوارەکان هەیە.
ئەو کوارگانەی لە پاڵ ئەم رووەکە چەترییانەدا دەڕوێن، قەدیان زۆر کورتە و قەبارەی جیاوازیسان هەیە؛ زۆر جار قەبارەیان دەگاتە نزیکەی سی سانتیمەتر. بە هێشوو دەڕوێن؛ و کڵاو و شیپەڕە و قەدیان سپییە؛ و قەدەکەیان دەکەوێتە لایەکی کڵاوەکەوە نەک ناوەڕاستی. لەگەڵ چونەسەری تەمەنیان سەر کڵاوەکەیان لۆچی لێ پەیدا دەبێت. هەرچەندە لە رووی بۆهێڵەوە لە یەکتری جیان، بەڵام بەگشتی لەو جۆرە قارچکانەن کە پێیان دەگوترێت چەشناڵۆز یا (species-complex) و ناوی زانستییەکەیان بریتییە لە (Pleurotus eryngii species-complex). ئەمانە لە کوردستان لە خۆشترین و بەتامترین قارچکەکان هەژمار دەکرێن. لێ، بەداخەوە هێشتا لە کوردستان توێژینەوەی ووردیان لەسەر نەکراوە؛ و ئامار و هەژمارێکی وورد سەربارەت بە جۆر و چەشنەکانیان و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانیان لەدەستدا نییە.