دەوفوو یا بە شێوازی ئینگلیسی "تەوفوو" خۆراکێکی سەداسەد رووەکییە و پڕە لە پرۆتین و ئاسن و کالیسیۆم و مەگنیسیوم.
دەوفوو کە دەکرێ بە کوردی پێی بڵێین پەنیری باقلە لە باقلەی سۆیا دروست دەکرێت.
سەرەتا باقلەکە لە ئاودا دەخووسێنرێت؛ ئینجا ورد ورد دەهاڕدرێت. دوای ئەوە کەمێک ئاوی تێدەکرێت و لە سەر ئاگر گەرم دەکرێت. پاشان دەپاڵێورێت. شیر و تڵتەکەی لێک جیا دەکرێتەوە. تڵتەکەی لەگەڵ شلە و خۆرشت تێکەڵدەکرێت و دەکرێتە چێشت. شیرەکەیشی هەوێنی لێدەدرێت و کەمێک لەسەر ئاگر گەرم دەکرێت تا دەبێتە دەڵەمە. ئینجا دەڵەمەکە دەپاڵێورێت و وەک سەلکی پەنیر دەگوشرێت. دوای ئەوە بەشێوەی لاکێشەیی دەبڕدرێت و لە سارنجۆکدا هەڵدەگیرێت و پێی دەڵێن دەوفوو. دەوفوو دەکرێت لە رۆندا سوور بکرێتەوە یان لەگەڵ شلە و خۆرشت تێکەڵ بکرێت. لە وڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵات، ئەوانەی رووەکخۆرن لەبری گۆشت دەوفوو دەخۆن.
7.3.20
18.2.20
ئیکۆلۆژی و ئینڤایرۆمێنت یا ژیوارزانی و زانستی ژینگەیی
ئیکۆلۆژی: بریتییە لە شیمانەگەلی زانستی، و وانستی کارتێکەرییەکانی زیندەوەرەکان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ ژینگەدا. ئیکۆڵۆژی زانستێکە کە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تێگەیشتنماندا لە زۆرێک لە ئیکۆ سیستمەکاندا. هەروەها مەیدانێکە بۆ کارکردن لەسەر بووارگەلی جیاوازی وەک ژیانزانی و زانستی زەوی، بەڵام بووارێکی جیاوازترە لە ژینگەوانی، مێژووی سروشتی، و زانستی ژینگەیی. وشەی ئیکۆڵۆژی ساڵی ١٨٧٣ لەلایەن زیندەوەرزانی ئەڵمانی ئێرنست هایکڵ [Ernst Haeckel] بەکارهێنرا کە لە هەمان [ئیکۆنۆمی] وەرگیراوە. [ئیکۆ] بە واتای ماڵ، خانوو، شوێنی ژیان، کۆ [لۆژی یا لۆجی] بە واتای زانین؛ کە هەردووکیان یۆنانین و پێکەوە مانای زانستی شوێنی ژیان و دەوروبەر دەبەخشن. لەکوردیدا دەکرێ ژیوارگەزانی لەبەرامبەریدا بەکاربهێنرێت. هەنبانە بۆرینە وشەی ژیواری بەم جۆرە مانا کردووە: رابواردنی تەمەن. باری ژیان، چۆنیەتی ژین. بژیو. لە نووسراوەکانماندا ژیوارگە بە واتەی ئیکۆسیستم و ژیوارگەزانی بە واتای ئیکۆلۆژی بەکاردەهێنرێن. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ژیوارگەزانی، تێگەیشتنە لە دابەشکردن و فراوانیی شتە زیندووەکان لە ژینگەی فیزیکیدا. بۆ وێنە، گریمان تۆ دانیشتووی شاری چۆمانیت لە ناوچەی باڵەکایەتی. باخچەی حەوشەکەت یا پارکی شارەکەت کۆمەڵێک گیا، زیندەوەر و کەڕوو و برشی تێدایە کە جیاوازن لەوانەی کە لە پارکێک یا لە باخچەیەکی گەرمیان و گەرمەسێر هەیە. رەنگە رووانی گوڵی شلێر و سوێسنە و کوارگی تاڵیتۆز یا کەرکۆڵ لە باخچەی گوندێکی باڵەکایەتی و هەبوونی پڵینگ و ورچ لە ناوچەکە ئاسایی بێت، بەڵام لە گەرمیان و گەرمەسێر مەحاڵ بێت. هەروەها رووانی دۆمەڵانی تێرفێزیا لە حەوشەی ماڵێکی گەرمەسێر ئاساییە بەڵام لە باڵەکایەتی رەنگە پەرجوو بێت. واتە لە هەر ناوچەیەک نەخشبەندییەکی جیاواز لە رووەک وکەڕوو و برش و زیندەوەرەکان هەیە کە لە ناوچە و هەرێمێکی تر نییە یا لەوو جۆرێک نەخشبەندی هەیە کە جیاوازترە. ئەم نەخشبەندییانە لە ژینگەدا بە هۆی تێکەوەهاویشتنی نێوان زیندەندامەکان و هەروەها لە نێوان زیندەندامەکان و ژینگە تایبەتەکەیاندائاراستە دەکرێن.
ئینڤایرۆمێنت: زانستی ژینگەیی چڕێژ دەخاتە سەر کارتێکەرییەکانی نێوان پێکهاتە فیزیکی، کیمیایی، و زیندووەکانی ژینگە، بە کاریگەرییەکانی سەر هەموو جۆرە زیندەوەرکانیشەوە. بەلای زۆر کەسەوە، زانستی ژینگەیی بەتایبەتی بریتییە لە شوێندانانی مرۆڤەکان لەسەر ژینگە. کەواتە جیاوازیی چییە لە نێوان زانستی ژینگەیی و ئیکۆلۆژیدا؟
جیاوازییەکی گرنگ لە نێوانیاندا بریتییە لە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە هەر تەکووزێکدا. بەشێوەیەکی گشتی، زانستی ژینگەیی بووارێکی فراوانترە کە زۆر توخمی جیاوازی زانستەکانی زەوی و ژیان دەگرێتە خۆ، لە کاتێکدا کە ژیوارگەزانی پتر چڕێژ دەخاتە سەر ئەوە کە چۆن زیندەوەرەکان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دەوروبەریاندا، و زۆر جاریش لەگەڵ چەند کۆمەڵێکی بچووکی دیاریکراودا تێکەوەداوێن.
ژیوارگەزانەکان زۆر جار دەکرێ چڕێژ بخەنە سەر رەفتارێکی دیاریکراو لە نێو دەستەیەکدا، وەک باشییەکانی خۆراک، خووەکانی جووتبوون، جۆرەکانی دڕندەیی و کۆچبەری. ئەوان هەروەها بابەتی بڕی هەشیمەت، رەنگاورەنگییەکان، بڵاوبوونەوە و تەنینەوەی زیندەوەرێکی دیاریکراو، و هەروەها کێبەرکێی نێوانیان و نێوان ژیوارگە جیاوازەکان، دەخەنە ژێر توێژینەوە.
بەڵام زانایانی ژینگەیی چڕێژ دەخەنە سەر ژمارەیەکی بەرفراوانتری سیستمەکانی ژیوارگەیی، و کاریگەرییەکانی هۆکارە دەرەکییەکان لەسەر ژیوارگە.
سەرچاوە:
10.2.20
بەشێکی تر لە کارەکانی کەیتی ئایەرس

بەلەمێک لە کوارگ کە کوارگ بەرهەم دەهێنێت
ئەم ژنە کە لە وێنەکەدایە ناوی [کەیتی ئایەرس]ە و خەڵکی ئەمریکایە. ئەم وێنانەی لە فەیسبوک داناوە و دەڵێت کە ئەم بەلەمە تازەترین کاری ئەوە کە لە کارگی گانۆدێرما لوسیدیەم دروستکی کردووە.

پەنیری تالمە
ئیرەج مۆرادی


ئەگەر رێژەیەکی زۆر لە شیرەی هەنجیر تێکەڵی شیرەکە بکرێت، تامی پەنیرەکە تاڵ دەکات. بۆ چوار لیوان شیر پێویستیت بە پێنج دڵۆپ هەیە.
هەندێک جار شوانەکان ئەو شیرە هەنجیرەیان لە ناو جامێکی قوڕ کۆ دەکردەوە لە بەهاران و وشکیان دەکرد؛ پاشان دەیان هاڕی بۆ بەکارهێنانی لەو شوێنانەی کە دار هەنجیری لێ دەست ناکەوت.
پەنیری دەڵەمە یان تالمە تەنها بە ئاوی هەنجیر دروست ناکرێت. هەندێک گیای دیکەش بەکار دێن؛ بەڵام هەندێکیان پەنیرەکەیان زۆر تال دەردەچێت؛ لەبەر تاڵی ئاوەکەیان وەک شیری ڕووەکی خۆشیلک، و هەندێکیشیان تامی پەنیرەکەیان تاڵ نابێت وەکو گیا دەڵەمە.
ئەم جۆرە پەنیرە لە زۆر کۆنەوە ناسراوە. لە نووسراوە کۆنەکانی یۆنانیدا باسی کراوە کە سەربازە ڕۆمیەکان و هەروەها خێڵە کۆچەرە جووەکان دەربارەی ئەم پەنیرە لە پەڕتووکەکانیان دا شتیان نووسیوە.
Subscribe to:
Posts (Atom)