11.11.19

مێرووکوژی سروشتی



یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانە کشتوکاڵییەکان کۆمپانیای (مۆنسانتۆ)یە کە زۆرینەی بەرهەمکانی پێکهاتەی کیمیاییان تێدایە و هەروەها زانستی دەسکاریکردنی جینەتیکیان تێدا بەکاردەهێنرێت.  بە بەڵگە سەلمێندراوە کە بەرهەمەکانی مۆنسانتۆ دەبنە هۆی کوشتنی رووەکە سروشتییەکان و هەروەها دەبنە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییەکان جەرگ لە مرۆڤدا.
پۆڵ ستەیمێتس کەڕووزانی بەناوودەنگی جیهانی کە ماوەی چل ساڵە لە بوواری کەڕووزانیدا کار و خەبات دەکات، ئێستا بووەتە خاوەنی کۆمپانیایەک بە ناوی (فەنگای پێرفێکتی) کە دەرمانی  مێرووکوژ بۆ چارەسەری نەخۆشیە کشتوکاڵییەکان بەرهەم دەهێنێت.  جیاوازیی مێروکوژەکانی کۆمپانیای فەنگای پێرفێکتی لەگەڵ مێرووکوژەکانی کۆمپانیاکانی دیکە لەوەدایە کە مێرووکوژەکانی فەنگای پێرفێکتی سەداسەد سروشتین و لە کارگ و کەڕوو دروستدەکرێن؛ و هیچ چەشنە زیانێک بە رووەک و مێرووەکانی تر و ژینگە ناگەیەنن.  یەکێک لەو مێرووکژانەی کە دایهێناوە ناوی لێنراوە مێروکوژی زیرەک.  ئەو لە جۆرێک کار بەرهەم هاتووە کە پەلاماری مێرووەکە دەدات، دەچێتە نێو لاشەی مێرووەکەوە و لەوێدا گەشەدەکات و مێرووەکە دەکوژێت و شێوەی مێرووەکە دەگۆڕێت، بێ ئەوەی زیان بە هیج مێروو یا رووەکێکی دەوروبەر بگەیەنێت.  واتە کەڕووەکە وا فێردەکرێت کە تەنیا پەلاماری ئەو مێرووە بدات کە مەبەستە.


سەرچاوە



7.11.19

(ئێس ئێف دی) یا نەخۆشیی کەڕووی مار

زۆر جۆر ماری جیاواز تووشی ئەم نەخۆشییە هاتوون،
تەنانەت لە دووامین دۆخ دا لە ئەمریکا باس لەوە کراوە 
کە جۆرێک ماری ئاویش تووشی نەخۆشیی ئێس ئێف دی بووە.
ئەو مارەی کە تووی ئەم نەخۆشییە کەڕووینە دەبێت، شێوەی پێستەکەی دەگۆڕێت، لەبەر ئازار و بێزاری، لە شوێنە گشتییەکان دەمێنێتەوە و ناچێیتە پەناگە و کون و کەلێنەوە؛ و بەهۆی ئەوە کە توانای خواردنی کەم دەبێتەوە، کز دەبێت و ناتوانێ خۆی لە سەرما و دوژمنەکانی بپارێزێت.

ئەو  کەڕووەی کە دەبێتە هۆی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە ئوفیدایۆمایسیس ئۆفیۆدیکۆڵا(Ophidiomyces ophiodiicola ).  ئەم کەڕووە خۆی لە خاکدا دەژیێت؛ بەڵام لە رێگای رووشانی پێستی مارەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێو لەشی مارەکە و لەوێدا دەست دەکات بە گەشەکردن.  یان مارێک راستەوخۆ لە مارێکی تری تووشبووەوە دەیگرێتەوە. لە زۆر جۆری ماردا نەخۆشییەکە لە دایکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ساواکان.  ئەو جۆرە مارانەی کە بە کۆمەڵ دەژین زیاتر مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشیەیان لەسەرە، تا ئەوانەی بە تەنیا دەژین.



سەرچاوە:


















سەرچاوە:



















5.11.19

قارچکی فۆڵیۆتا هایلاندینسیس




فۆڵیۆتا هایلاندینسیس جۆرە کوارگێکە بە زۆری لە ئەمریکا بینراوە.  رەنگی قاوەیی یا قاوەیی کاڵ یا قاوەیی سوورباوە و قەدەکەی تا دە سەنتیمەتر درێژ دەبێت.  کڵاوەکەی بە تایبەتی لە کاتی ساواییدا ماددەیەکی لینجی پێوەیە.  ئەم جۆرە قارچکە دەخورێت و ژەهراوی نییە.
فۆڵیۆتا هایلاندینسیس هێما و هۆکاری زیندووبوونەوە و ژیانەوەیە چونکە لە دوای سووتان و ئاگرتێبەربوونی دارستان و لێڕەوارەکان، ئەم جۆرە کوارگە لەسەر بنەدارە سووتاوەکان کە هێشتا بەشێکیان نەسووتاوە یا لەسەر ئەو خاکەی کە بنەداری تێدایە و بە خەڵووز داپۆشراوە، بەکۆمەڵ دەڕوێت.  لە سەرەتای بەهارەوە تا پاییز بۆی هەیە بڕوێت.  زۆر جار ماوەی دە ساڵ دەخایەنێت تا زیندوودەبێتەوە و سەرهەڵدەداتەوە.  ساڵانێکی زۆر بوو کە زانایانی بوواری کەڕووزانی نەیاندەتوانی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە ئایا هاگی فۆڵیۆتا چۆن لە سووتان رزگاری دەبێت و لە دوای ئەو ئاگرە گەورە و بەتینەی لە دارستانەکاندا دەکەوێتەوە، جارێکی تر دەڕوێتەوە دەژیتەوە؟!   وەک دەزانین قەوزە بەهێزترین رووەکە کە توانای زۆرترین خۆڕاگریی هەیە لە بەرامبەر ئاو، ئاگر، سەرما و گەرمادا.  تازەترین توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هاگی فۆڵیۆتا و هەندێک  جۆرە کارگی دیکە کە حەزیان لە ئاگرە، لەنێو تەنراوەکانی جۆرەکانی قەوزەدا خۆیان دەشارنەوە و بەمجۆرە لە سووتان رزگاریان دەبێت و دوواتر لە کات و شوێنی گونجاودا دە دەکەنەوە بە بووژانەوە و گەشەکردن و رووانەوە.


سەرچاوە


4.11.19

کارگ لە بواری پزیشکیدا



کارگ جیا لەوە کە خۆراکێکی ساغ و بەتام چێژە و هیج چەشنە زیانێکی لاوەکیی بۆ تەندروستیی مرۆڤ نییە،  بۆ پاراستن و پاککردنەوەی سروشت و ژینگەیش سوودی زۆری هەیە.  ئەو کۆنە کاغەز و کارتۆنانەی رۆژانە فڕێدەدرێن و ژینگە ئالوودە دەکەن؛ یا ئەو لاسکە گوڵەبەڕۆژە و گەنمە شامی و زوڕات و پەمۆ و قەسەڵی گەنم و جۆ و بەڵمی برنجە، کە زۆرینەی جووتیار و کشتیاران فڕێیدەدەن و ژینگەی پێ ناشیرین دەکەن یا دەیسووتێنن و بە دووکەڵەکەی هەوا ئالوودە دەکەن، یا پاشەرۆکی مەڕ و ماڵات و پەلەوەر کە ژینگە و هەوا ئالوودە دەکات و ئەویش زۆر جار دەسووتێنرێت، دەکرێ کۆبکرێنەوە و بەکاربهێنرێن و بکرێنە نشیمەن بۆ روواندنی کوارگ.  لەلایەکەوە ژینگە پاک رادەگیرێت و لەلایەکی دیکەیش خۆراکێکی پاک و تەندروستی لێوە بەرهەم دەهێنرێت و ئابووریی خێزان و خانەوادە بەهێز دەکات و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.

سوودێکی دیکەی کوارگ کە زۆر گرنگە، لایەنی پزیشکی و دەرمانییە و بەکارهێنانیەتی بۆ چارەسەری نەخۆشی.  کارگ جیا لەوە کە خواردنی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی تەکووزی بەرگری لە لەشدا و هەروەها بۆ زۆر چارەسەر یا پێشگیری لە زۆر نەخۆشیی وەک  شەکرە و شێرپەنجە بەکاردەهێنرێت، بکوژێکی چالاکی بەکتریایشە.  بۆ نموونە کاتێک کە کەسێک تووشی جۆرێک هەوکردنی بەکتریازا بووە و بەکتریاکە  هیچ دەرمانێک نایکوژێت یان نازانرێ چ جۆرە بەکتریایەکە، دەکرێ نموونەیەک لە بەکتریای هەوکردنەکە وەربگیرێت و لەسەر قارچک هەوێن بکرێت.  قارچکەکە ئەنزایمێک بەسەر بەکتریاکەدادەڕێژێت و دەیکوژێت و  وەک خۆراک بەکاریدەهێنێت.  ئینجا کوارگەکە خۆی تراوێک دەردەدات کە سەداسەد توانای کوشتن و لەنابردنی بەکتریاکەی هەیە.
لە وانستێکدا سی ژن خواردنی دەرمانی [پلاسیبۆ] و کارگی [هێریسیەم ئێریناسیوس] کە بە زمانی گشتی پێیدەڵێن کارگی [یاڵە ئەسپ]یان لەسەر تاقیکراوەتەوە کە دەرەنجامی ئەرێنیی هەبووە.  ١٤ کەس لە ژنەکان دەرمانی پلاسیبۆیان پێدرابوو؛ ١٢ کەسیشیان  رۆژانە ٢ گرام لە پاڵفتەی کارگی یاڵە ئەسپیان بۆ کرابوویە غورابی و پێیان درابوو.  لە دووای چوار هەفتە دەرکەوت کە ئەوانەی قارچکی یاڵە ئەسپیان خواردبوو ئاستی خەمۆکی و تووڕەیی و هەڵچوونیان دابەزیوە.


سەرچاوە:
دە مایند ئەنڵیشد
ناشناڵ ئنستیتیووت ئۆف هێڵت




20.7.19

کارگی ئۆفایۆكۆردیسێپس یا مێڵەگورگانە، کارگی بەرزەوارەکانی هیمالایا

کارگی کۆردیسێپس کە لە لاشەی مارەزیودا روواوە


کارگی مێڵەگورگانە یا ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسس (Ophiocordyceps Sinensis) كه‌ پێشتر پێیده‌گوترا كۆردیسێپس ساینێنسس تاكه‌ كوارگێكی خۆراكییه‌ كه‌ له‌ شاخه‌كانی بووتان له‌ به‌رزایی نێوان٤٤٠٠ مه‌تر تا ٥٢٠٠ مه‌تر ته‌نیا چه‌ند مه‌ترێك له‌ خواره‌وه‌ی به‌فره‌وه‌ ده‌ڕوێت. هه‌موو ساڵێک له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزی هاویندا خه‌ڵكی وڵاتانی تیبه‌ت، بووتان، نیپاڵ و چین ده‌چنه‌ ئه‌و به‌رزه‌وارانه‌ و به‌ دوای ئه‌م جۆره‌ كارگه‌دا ده‌گه‌ڕێن. وشه‌ی ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسس ناوێكی لاتینه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ قارچكه‌ دانراوه‌ به‌ڵام له‌ زمانی تیبه‌تی دا ناوی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ (یارتسا گونبوو)، و‌ واتای‌ (رووه‌كی هاوینه‌ و مێرووی زستانه‌) ده‌گه‌یه‌نێت‌. به‌ر له‌وه‌ی وه‌رزی باران ده‌سپێبكات هاگی كوارگه‌كه‌ له‌ سه‌ری جۆرێک مارزیوه  دا جێده‌گرێت كه‌ له‌ ژێر خاكدا ده‌ژیێت.  كه‌ڕووه‌كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ده‌چێته‌ نێو قووڵایی له‌شی مارزیوه‌كه‌وه‌ تا وه‌ک چیلكه‌یه‌ک یا سورمە و مێڵی چاوڕشتن له‌سه‌رییه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو وزه‌یه‌كی مێرووه‌كه‌ هه‌ڵده‌مژێت و ده‌یكوژێت.  له‌ راستیدا كاتێک كه‌ كوارگه‌كه‌ ته‌واو هه‌راش ده‌بێت و پێده‌گات هیچ ئاسه‌وارێک له‌ مارزیوه‌كه‌ نامێنێت و ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ شێوه‌ی مارزیوه‌ ده‌بینرێت ته‌نیا توێژاڵێكی ته‌نكه‌ كه‌ به‌ر له‌ به‌كارهێنانی كوارگه‌كه‌ فڕێده‌درێت.
چای کارگی مارزیوە وەک دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی

ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسس مێژوویه‌كی درێژی له‌ ده‌رمانگه‌ریی نه‌ریتیی تیبه‌تی و چینی دا هه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ نرخیشی زۆر گرانه‌ و خه‌ڵكێكی زۆر به‌ دوای چنین و كۆكردنه‌وه‌یدا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌م قارچكه‌ بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ وه‌ک ده‌رمانێک بۆ چاره‌سه‌ریی زۆر نه‌خۆشی و پاراستنی جووڵه‌ و كرده‌ی هه‌موو سیستە‌می له‌ش به‌كارهاتووه‌.  پزیشک و ده‌رمانسازه‌ نه‌ریتییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه‌ ئه‌م كوارگه‌ وزه‌به‌خشێكی به‌توانایه‌، توانست و خۆڕاگریی له‌ش زیاد ده‌كات، ئاره‌زووی خواردن زیاد ده‌كات و توانستی زایه‌ندی زیادده‌كات و خه‌و رێكده‌خات.  ئه‌گه‌ر گه‌ره‌كت بێت بگه‌یته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كارگی ئۆفایۆكۆردیسێپس ساینێنسسی خۆڕسكی لێیه‌، نابێ له‌ هه‌فت رۆژ كه‌متر به‌سواری ئه‌سپ، پیاده‌ و به‌سواری یاک بڕۆیت. (یاک جۆره‌ ئاژه‌ڵێكه‌ له‌ به‌رزه‌واره‌كانی تیبه‌ت ده‌ژیێت و شیری ده‌خورێته‌وه‌ و بۆ سواریش به‌كارده‌هێنرێت).

ناوی زانستیی ئه‌و مارزیوه‌یه‌ كه‌ كوارگه‌كه‌ وه‌ک مشه‌خۆر تێیدا گه‌شه‌ده‌كات و پێده‌گات بریتییه‌ له‌ (Hepialus armoricanus) هێپیالوس ئارمۆریكانوس یا (په‌پووله‌-شه‌مشه‌ی هیمالایا).
هەرچەندە ئەم جۆرە قارچکە لە وڵئتی ئێمە نەبینراوە و نەبیستراوە کە رووابەت بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە دوایدا بگەڕێین، پێویستە لە بەرزەوارەکانی وەک هەڵگورد و بەگشتی زنجیرە کەّەکانی قەندیلدا بەدووایدا بگەڕێین، واتە بەرزترین لووتکە کێوەکان.