20.7.19

سەبارەت بە ووشەی دۆمەڵان



دۆمەڵانی ناوچەی بیجاڕ، ئەردەڵان، بەهاری ٢٠١١
وێنە: عەلی عەممارلوو

دومبه‌ڵان، دونبەڵان، دۆمه‌ڵان، دۆمبه‌ران، گەپڵە، گوێزرکە.  جۆرێکه‌ له‌ کارگ که‌ له‌ژێر خاکدا ده‌ڕوێت و گه‌شه‌ده‌کات و پێده‌گات.  کوردانی کرمانج  وا باوەڕ دەکەن کە لە رووی زمانەوانییەوە وشەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە. (دووڤ) و (بەران) واتە باتوو (گون)ی بەران.  کاتێک کە دەکرێتە چێشت، شێوە و چێژەکەی لە باتووی بەران دەچێت؛ هەر بۆیە ئەم ناوەی لێنراوە.  لە زمانی فارسیشدا وشەکە جیا لەوە کە ناوی ئەم رووەکەیە، واتای (باتوو)یش دەدات.  هەروەها لە  زاراوەکانی تری کوردیدا دم یا دوم واتای کلک دەدات کەواتە دم\دوم+بەران واتە کلک یا دونگی بەران.  لەلایەکی دیکەوە واژەی دومەڵ لە کوردیدا بە زیپکەی گەورە دەگوترێت؛ و واتە شوێنەک لە لەش کە ئاوساوە و خڕبووەتەوە.  خودی ووشەی دومەڵ پێدەچێت لە دم\دوم و پاشگری ەڵ پێکهاتبێت واتە شتێک کە لە دم یا کلک دەچێت.  هەروەها دەشێت بگوترێت دومەڵ هەمان دومەڕە؛ بە واتای دوم یا کلکی مەڕ.  بەگوێرەی ئەم لێکدانەوە ووشەڕەتناسیانە (دۆمبەران) کە دەربڕینی وشەکەیە بە شێوەزاری خۆشناوەتی و هەولێر، لە هەموو شێوەزارەکانی تر دروستترە.

دۆمبەڵان بەشێوەی خۆڕسک لە ئەوروپا، ئاسیا، باکووری ئەفریقا و باکووری ئەمریکا دەڕوێت؛ بەڵام لە رووی بازرگانییەوە تەنیا سێ جۆر دۆمەڵان گرنگن.  لێرەدا مەبەست ئەو دومبەڵانانەیە کە لەپاڵ درەختدا دەڕوێن و لە جسنی راژک (Tuber) ن.  ئەم جسنە جیاوازە لە جسنی تێرفێزیا(Terfezia) کە لە دەشت و بیابانەکان و لەپاڵ گیادا دەڕوێت.  دۆمەڵانەکانی(Tuber) بەشێوەی هاوژینی لەگەڵ رەگ و ریشەی ئەو درەختانەدا دەژیێن کە لە نزیکییەوە دەڕوێن و میوەکەیان لە ژێر خاکدا دروستدەبێت و گەشەدەکات.  بۆ دۆزینەوەی دۆمبەران پێویستە سەگ یا بەرازی راهێنراو بە دووایدا بگەڕێت، چونکە هەستی بۆنکردنیان بەهێزە.
ئه‌م ڕووه‌که‌ له‌ شوێنی نه‌رمان و هه‌ڵچۆڕ و له‌ که‌شوهه‌وای به‌هاری و پاییزی دا ده‌ڕوێت.  دومبه‌ڵان قه‌باره‌‌یه‌کی دیاریکراوی نییه‌ و ڕه‌نگی جیاوازی هه‌یه‌. له‌ کوردستان زۆره‌ و خۆراکێکی به‌تام و چێژه‌. له‌ کورده‌واریدا وه‌ک زۆربه‌ی جۆره‌کانی دیکه‌ی قارچک، دومبه‌ڵانیش له‌ ڕۆن دا سوور ده‌کرێته‌وه‌، ئاڵه‌ت و خوێی به‌سه‌ردا ده‌پڕژێندرێت، که‌مێک ئاولیمۆی به‌سه‌ردا ده‌کرێت و چۆڕێکیش ئاوی تێده‌کرێت؛ ئینجا ده‌خورێت. دومبه‌ڵانی کوردستان ڕه‌نگی سپی، خاکی و قاوه‌یی سوورباوە. ناوچەکانی گەرمیان هەتا قەرچەووخ و کەندێناوە دەوڵەمەندن بە دۆمەڵان.  خانەقین و حەمرین بەدۆمەڵانی سپی ناسراون.  لە هەرێمەکانی ئیلام و لوڕستان و ئەردەڵان و هەروەها باکووری رۆژهەڵاتی ورمێش ساڵانە دۆمەڵانێکی زۆر دەڕوێت و مەردم دەچن بۆ کۆکردنەوەیان.  دۆمبەڵانی دەشتاییەکانی باکووری کوردستانیش بە ناوی (کمەی میزۆزپۆتامیا) لە ئەستەموڵ و هەموو تورکیادا بۆ چەندین سەدەیە ناوبانگی دەرکردووە. له‌ ئەوروپا به‌تایبه‌تی ئیتاڵیا و فرانسه‌ باشترین جۆری دومبه‌ڵان؛ هه‌یه‌ ڕه‌نگیان ڕه‌ش یان سپییه‌. نرخی یه‌ک کیلۆ دومبه‌ڵانی ڕه‌شی ئیتاڵیایی له‌١٢،٠٠٠ دۆڵاری ئه‌مریکایی تێده‌په‌ڕێت.  جیاوازیی دۆمبەڵانی ئەوروپایی لەگەڵ دۆمەڵانی کوردستان لەمەدایە کە هی ئەوان هاوژینن لەگەڵ درەخت؛ بەڵام دۆمەڵانی کوردستان لە جۆری دۆمەڵانی بیابانییە و هاوژینە لەگەڵ چەند جۆرە گیایەک کە بەداخەوە تا ئێستا بۆ ئێمەی کورد نەناسراون.  ئێمە لە مایکۆلۆجیا کوردستانیکا چەند ساڵێکە هەوڵی خۆمان دەسپێکردووە بۆ ناسینی ئەو رووەکانەی هاوژینن لەگەڵ دۆمەڵانەکانمان و هیوادارین بەم نزیکانە بە ئەنجامێک بگەین.

دومبه‌ڵان زۆرتر هه‌ر به ‌شێوه‌ی خۆڕسک و سروشتی ده‌ڕوێت؛ هه‌رچه‌نده‌ له‌ زۆر شوێن ده‌ستکراوه‌ به‌ په‌روه‌رده‌کردن و وه‌به‌رهێنانی به‌ڵام هێشتا دومبه‌ڵانی سروشتی نرخ و بایه‌خی خۆی پاراستووه‌. له‌ نیوزیله‌ند چه‌ند مووچه‌یه‌کی تایبه‌ت بۆ په‌روه‌رده‌کردنی دۆمبه‌ڵان ته‌رخان کراون و ساڵانه‌ به‌رهه‌میان هه‌یه‌.
یه‌کیک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دومبه‌ڵان ئه‌مه‌یه‌ که‌ نزیکه‌ی ١٠ ساڵ ده‌خایه‌نێت تا یه‌که‌م به‌رهه‌می دێته‌ ده‌ره‌وه‌. واتا پێویسته‌ تۆوی دومبه‌ڵانه‌که‌ له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی نه‌مامی دره‌ختی فندق، بەڕوو، زەیتوون، لیمۆ و تاد.. هەوێن بدرێت. نه‌مامه‌کان بنێژرێن و ئاگاداری و چاودێریی ورد بکرێن تا ماوه‌ی ٨-١٠ ساڵ.





کارگی سەدەف لە چێشت دا


هۆکاری ئه‌وه‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ قارچکه‌ ناوی نراوه‌ (سه‌ده‌ف) بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ شێوه‌ و تام و چێژی زۆر له‌ شێوه‌ و تام و چێژی زینده‌وه‌ری سه‌ده‌ف(گوێچکه‌ماسی)یه‌وه‌ نزیکه‌. وه‌ک هه‌مووان ده‌زانن گوێچکه‌ماسی خواردنێکی پڕبایه‌خ و ناسراوی ده‌ریاییه‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵکی جیهان، جگه‌ له‌ وڵاته‌ داخراوه‌کان یوه‌ک کوردستان، که‌ به‌سه‌ر ده‌ریاوه‌ نین، ئاره‌زووی خواردنی خۆراکی گوێچکه‌ماسییان زۆره‌ و گرنگییه‌کی زۆر به‌م خۆراکه‌ ده‌ده‌ن. تام و چێژ و بۆن و به‌رامه‌ی کارگی سه‌ده‌ف زۆر له‌ خۆراکی گوێچکه‌ماسییه‌وه‌ نزیکه‌. هه‌روه‌ه ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ شێوازی فیزیکی ی (سه‌ده‌ف) گوێچکه‌ماسی و شێوازی قارچکی سه‌ده‌ف به‌ڕوونی دیاره‌ که‌ زۆر له‌یه‌کترییه‌وه‌ نزیکن. هه‌ر بۆیه‌م له‌ نێو نه‌ته‌وه‌ و گه‌له‌ ئه‌وروپاییه‌کان دا به‌م ناوه‌ ناسراوه‌ و دواتر هه‌ر ئه‌م ناوه‌یش وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌ر زمانه‌کانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین وه‌کوو عه‌ره‌بی و فارسی و ... هه‌روه‌ک ده‌زانین له‌ زمانی عه‌ره‌بیدا به‌ گوێچکه‌ ماسی ده‌ڵین (سه‌ده‌ف) که‌ دیاره‌ له‌ عه‌ره‌بیدا سه‌ده‌ف واتای (قاوغ، قاپۆڕ، قه‌پێلک) ده‌گه‌یه‌نێت؛ و فارسه‌کانیش هه‌ر ئه‌م وشه‌ عه‌ره‌بییه‌ به‌کارده‌هێنن. ئێمه‌ی کوردیش ده‌توانین پێی بڵێین قارچکی گوێچکه‌ماسی. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا له‌ زمانی کوردیدا ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ به‌ کارگی سپیدار یان قارچکه‌ دارانه‌ ناسراوه‌. لێ ئه‌مڕۆ له‌ بازاڕه‌کانی کوردستان دا هه‌ر وشه‌ی (سه‌ده‌ف) به‌کار ده‌هێنرێت.

تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کارگی سه‌ده‌ف
کوارگی سه‌ده‌ف به‌ پێچه‌وانه‌ی کوارگی سپی ی دوگمه‌یی و کوارگی قاوه‌یی پۆرتابیلۆ، ڕه‌نگێکی سپی یان که‌مێک خاکیی هه‌یه‌ و زۆر به‌رچاو و دڵڕفێنه‌. بۆن و به‌رامێکی خۆشی هه‌یه‌ و ئاره‌زووی خواردن زیاد ده‌کات. کڤارکی سه‌ده‌ف کاتێک ده‌کوڵێندرێت یان له‌ ڕۆن دا سوور ده‌کرێته‌وه‌ چه‌لاو(هه‌لیم)ێکی ڕوون و جوانی هه‌یه‌ و وه‌ک جۆره‌کانی دیکه‌ی قارچک ڕه‌ش نابێت. چه‌لاوه‌که‌ی دروست وه‌ک چه‌لاوی گشتی مریشکه‌ و ئیشتیای خواردن ده‌کاته‌وه‌. خودی کوارگه‌که‌یش ڕه‌نگی وه‌ک ڕه‌نگی گۆشتی کوڵاوی مریشک یان ماسی وایه‌ و مرۆڤ حه‌ز ده‌کات بیخوات.
کارگی سه‌ده‌ف له‌گه‌ڵ حه‌ز و خولیای زۆربه‌ی خه‌ڵکی ڕێک ده‌که‌وێت. ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له‌ خواردنی نه‌رم و لینج و ناسکه‌ ده‌توانن له‌ کاتی لێنانی دا بۆ ماوی 3-5 خوله‌ک بیکوڵێنن. ئه‌وانه‌یش که‌ ئاره‌زووی خواردنی جیڕ و توند و پته‌ویان هه‌یه‌ ده‌توانن بۆ ماوه‌یه‌کی درێژتر بیکوڵێنن. هه‌تا پتر بکوڵێت جیڕییه‌که‌ی زۆرتر ده‌بێت.




دروسکردنی گەرای کارگ


گەرا به‌و وردیله‌ هاگانه‌ ده‌گوترێت که‌ وه‌ک تۆوی کارگ به‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر دانه‌وێڵه‌ یان مادده‌یه‌کی تر که‌ڵه‌که‌ ده‌بێت و قۆناغێک له‌ قۆناغه‌کانی ته‌مه‌نی کارگ ده‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ قۆناغی به‌رهه‌م دان.  گەرا به‌ چه‌ند ڕێگایه‌کی جیاواز ده‌کرێ دروست بکرێت یان زیاد بکرێت.  یه‌کێک له‌و ڕێگایانه‌ بریتییه‌ له‌ به‌کارهێنانی پارچه‌ی کڵاو یان بنی کوارگه‌که‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌تا ده‌سته‌کان به‌ باشی ده‌شۆرێن و کیلۆیه‌ک گه‌نم یان جۆ بۆ ماوه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئاگر ده‌کوڵێندرێت تا نه‌رم ده‌بێت.  ئینجا له‌ ده‌فرێکی تۆڕین دا که‌ پێشتر (ستیریڵایز) سترۆمە کرابێت ده‌پاڵێورێت.  دوای ئه‌وه‌ کوارگێکی سه‌ده‌فی گه‌وره‌ و پێگه‌یشتوو ئاماده‌ ده‌کرێت و به‌ چه‌قۆیه‌کی سترۆمەکراو کڵاوه‌که‌ی پارچه‌ پارچه‌ ده‌کرێت و له‌گه‌ڵ گه‌نمه‌که‌ تێکه‌ڵاو ده‌کرێت.  شایانی باسه‌ کاتێک که‌ پارچه‌ قارچکه‌کان تێکه‌ڵی گه‌نم/جۆیه‌که‌ ده‌کرێن، پێویسته‌ پله‌ی گه‌رمای گه‌نمه‌که‌ دابه‌زیبێت بۆ نێوانی 18-23 پله‌ی سه‌دی. 

پاشان له‌ کیسه‌یه‌کی دڵق/پلاستیکی یان ده‌فرێکی شووشه‌ی گەندەکوژکراو ده‌کرێت؛ و له‌ شوێنێک داده‌نرێت که‌ پله‌ی گه‌رماکه‌ی له‌ نێوان 18-23 پله‌دا بێت؛ و پله‌ی شێی له‌ 80 دانه‌به‌زێت. جێگای سه‌رنجه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پلاستیک/دڵق به‌کاربهێنرێت پێویسته‌ ده‌مه‌که‌ی به‌ هه‌وری/ئیسفه‌نج ببه‌سترێت و ئه‌گه‌ریش شووشه‌ به‌کاربهێنرێت گه‌ره‌که‌ چوار کون به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌ستووریی سووژن له‌ ده‌مه‌وانه‌که‌دا بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی هه‌وا هاتوچۆ بکات بۆ نێو پارچه‌ کارگ و دانه‌وێڵه‌که‌.
دواتر ڕۆژانه‌ به‌ وردی چاودێریی شووشه‌که‌ یا کیسە پلاستیکەکە ده‌کرێت؛ ده‌بینیت هه‌ر ڕۆژ پتر سپیایی نێو شووشه‌/ دڵقه‌که‌ داده‌پۆشێت؛ تا سه‌ره‌نجام له‌ ماوه‌ی 20 ڕۆژدا هه‌موو ده‌نکه‌ جۆ/گه‌نمه‌که‌ به‌ مایسیلیۆمی سپی داده‌پۆشرێت و گەرایەکی پاک و خاوێن به‌رهه‌م دێت که‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ڕوواندن.


چاپکردنی هاگ یا تۆوی کارگ



تۆوی کوارگ کە بە کوردی پێیدەوترێت هاگ و بە ئینگلیسی پێیدەگوترێت سپۆر ئه‌وه‌نده‌ وورده‌ به‌ چاو نابینرێت، مه‌گه‌ر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر له‌سه‌ر یه‌کتری که‌ڵه‌که‌بێت. هاگ ڕه‌نگی جیاوازی هه‌یه‌، سپی، قاوه‌یی، خاکی و قاوه‌یی تاریک و... به‌ مه‌به‌ستی دیتنی هاگ ڕێگایه‌کی ئاسان هه‌یه‌ که‌ پێیده‌وترێت چاپکردنی هاگ (Sporeprinting).

بۆ چاپکردنی هاگ سه‌ره‌تا کارگێکی پێگه‌یشتوو دێنین. لاسک/قه‌ده‌که‌ی له‌ بێخه‌وه‌ ده‌بڕین.
پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی ڕه‌ش و پارچه‌یه‌ک کاغه‌زی سپی به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌نووسێنین و له‌ نێو شووشه‌یه‌ک یان ده‌فرێکی پلاستیکی دا ڕایده‌خه‌ین.
کوارگه‌که‌ به‌جۆرێک داده‌نێینه‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌ که‌ نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە ڕه‌شه‌که‌ و ئه‌و نیوه‌ی بکه‌وێته‌ سه‌ر پارچە سپییه‌که‌.
پارچه‌یه‌ک په‌ڕۆی ته‌ڕ که‌ ئاوی لێوه‌ نه‌چۆڕێته‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر زاری ده‌فره‌که‌ و ئینجا سه‌رپۆشه‌که‌ی له‌سه‌ر داده‌نێین.
ماوه‌ی ٢٤ هنگار له‌ شوێنێکی تاریک و فێنک دایده‌ێین.

دوای ئه‌م ماوه‌یه‌ ده‌فره‌که‌ دێنین و ته‌ماشای ده‌که‌ین بزانین چی ڕوویداوه‌!
کاتێک قارچکه‌که‌ له‌ سه‌ر کاغه‌زه‌کان لاده‌به‌ین ده‌بینین په‌ڵه‌یه‌ک به‌ ئه‌ندازه‌ی دیوی ژێره‌وه‌ی قارچکه‌که‌ که‌وتووه‌ته‌ سه‌ر کاغه‌زه‌که‌.  ئه‌گه‌ر تۆوه‌که‌ قاوەیی یا ئاڵ یا مۆر بێت ئه‌وا به‌جوانی له‌سه‌ر پارچه‌ سپییه‌که‌ ده‌رکه‌وتووه‌ و ئه‌گه‌ریش سپی بووبێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ ڕه‌شه‌که‌ به‌جوانتر چاپ بووه‌.

کارگی شیتاکی یا قارچکە دارانە

هه‌روه‌ک هه‌موومان ئاگادارین و ده‌زانین کوارگ سه‌ره‌ڕای تام و چێژه‌ خۆش و دڵگیره‌که‌ی و ڕه‌نگ و شێوه‌ جوان و دڵڕفێنه‌که‌ی، له‌ کورده‌واری دا زۆر گرنگیی پێنادرێت. زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوارگ/قارچک له‌ لیستی خۆراکه‌کانی ڕۆژانه‌یاندا پشتگوێ ده‌خه‌ن. زۆربه‌مان گوێقوڵاغ ده‌بین تا سه‌ره‌تای به‌هار و رووانی کوارگی خۆڕسکی کوێستانان. هه‌ندێکیشمان هه‌ن له‌ لادێکان که‌ کوارگی نێو مێرگان کۆده‌که‌نه‌وه‌ و پاییز و به‌هاران ده‌یکه‌نه‌ چێشته‌کوڵه‌ و که‌لێنێک له‌ بۆ شایی خۆراکی ڕۆژانه‌ی منداڵه‌کانیانی پێ پڕده‌که‌نه‌وه‌.
جێگای داخه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سروشتی نیشتمانه‌که‌مان زۆر له‌بار و گونجاوه‌ بۆ ڕووان و په‌روه‌رده‌ی قارچک، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ی جۆره‌کانی ئه‌م ڕووه‌که‌ لای ئێمه‌ به‌ نه‌ناسراوی و نه‌زانراوی ماونه‌ته‌وه‌.  شیتاکی یه‌کێک له‌م جۆره‌ قارچکانه‌یه‌ که‌ له‌ کوردستان ده‌ڕوێت؛ به‌ڵام مه‌ردم نایناسن و نایخۆن و ته‌نانه‌ت ده‌ستیشی لێوه‌ناده‌ن.  له‌ کورده‌واری دا شیتاکی وه‌ک قارچکه‌ دارانه‌ ناسراوه‌. ئه‌م کوارگه‌ له‌سەر کۆتەرەی مردوو یا وشکبووی داری به‌ڕوو و چەند جۆرە داری تر ده‌ڕوێت.  له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا هه‌ندێک هه‌وڵ به‌ ئاکام گه‌یشتووه‌ بۆ ڕوواندنی شیتاکی له‌ ئاردی داری به‌ڕوودا که‌ وایکردووه‌ ماوه‌ی به‌رهه‌مدانه‌که‌ی نزیکتر ببێته‌وه‌ و بگاته‌ ٦ تا ٨ مانگ.  وه‌ک له‌ بابه‌تێکی وه‌رگێڕدراو دا ئاماژه‌ی بۆ کراوه،‌ سووده‌کانی بۆ له‌شی مرۆڤ زۆرن...

شیتاکی چۆن ده‌ڕوێت؟

ئه‌م جۆره‌ له‌ قارچک له‌ کۆنه‌وه‌ له‌ ئاسیای دوور گرنگیی پێدراوه‌ و به‌شێوه‌ی ده‌سچێن به‌رهه‌م هێنراوه‌. ماوه‌ی به‌رهه‌مدانی ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ له‌ ٨ مانگ تا ساڵێک ده‌خایه‌نێت؛ به‌ڵام زه‌حمه‌ت و کوێره‌وه‌ریی که‌مه‌ و ته‌نیا پێویستیی به‌ هه‌ندێک چاوه‌دێری هه‌یه‌ له‌ شوێنێکی فێنکدا.  هاوشێوەی ئەم کوارگە بە کەمێک جیاوازییەوە لە کوردستان بەشێوەی سروشتی و خۆڕسک هەیە؛ هەربۆیە روواندنی ئەمە لە کوردستان ئاسانە.

هه‌نگاوه‌کانی ڕوواندنی قارچکه‌دارانه‌ ئه‌مانه‌ن:

١. به‌ مه‌به‌ستی ڕوواندنی ئه‌م جۆره‌ کوارگه‌ یه‌که‌مجار گەراکه‌ی په‌یدا ده‌که‌یت.  گەرای ئه‌م جۆره‌ قارچکه‌ وه‌ک حه‌ب یا که‌پسوول که‌ پێی ده‌گوترێت (کەلووکە) ئاماده‌ ده‌کرێت و به‌ ده‌نک ده‌نک ده‌فرۆشرێت.
٤. ئینجا به‌ هۆی ده‌زگای (دریل) ه‌وه‌ هه‌موو لایه‌کی داره‌که‌ به‌ قووڵایی ٤ سه‌نتیمه‌تر کون کون دەکرێت.
٥. کونه‌کان  دەبێت نزیکه‌ی ١٠ سه‌نتیمه‌تر له‌ یه‌کترییه‌وه‌ دوور بن.
٦. ئه‌و‌ نووکه‌ دریله‌ی کونه‌کانی پێ دروست ده‌کرێت گەرەکە که‌مێک له‌ پێنووسێکی ئاسایی ئه‌ستوورتر بێت.
پاشان کەلووکه‌کان به‌ وریایی و ئه‌سپایی به‌ چه‌کوش له‌ کونه‌کان ده‌ئاخنرێن و ده‌مه‌که‌یان به‌ مۆم داده‌پۆشرێت.
٧. داره‌کان ئاو ده‌درێن و له‌شوێنێکی فێنک و شێدار و پا ک و خاوێن دا ده‌پارێزرێن تا کاتی به‌رهه‌مهێنان.